سودانی بۆ پوتن: هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران ڕەتدەكەینەوە

  2025-06-23  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانەی پەیوەندیەكی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، سەركۆنەی پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەكەمان لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلـەوە دەكەین و هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران ڕەتدەكەنەوە.

نوسینگەی ڕاگەیەندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ئەنجامدا، و تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان کرد.

بەگوێرەی ڕاگەندراوەكە، سودانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پەرەسەندنی مەترسیدار و بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە لایەن ئەمریکاوە ڕەتکردەوە، هەروەها عێراق سەركۆنەی پێشێلکردنی ئاسمانەكەی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلـەوە دەكات.

سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ڕاگرتنی جەنگ، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر گرنگی خستنەگەڕی هەوڵی دیپلۆماسی زیاتر، ئەوە سەرەڕای نەبونی متمانە بەهۆی ئەو دەستدرێژییەوە کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی دانوستانەکان هەیە.

لایخۆیەوە پوتن لەمیانی پەیوەندییەکەدا، جەختی لە گرنگی کۆتاییهێنان بە پەرەسەندن و ئەو هەوڵە تایبەتانە کردەوە کە سودانی لەم چوارچێوەیە داوێتی، لەهەمانکاتدا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبونی جەنگ لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر ئاسمان و سەروەری عێراقی.


ڕیکلام