ڕاگەیەنراوێک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە..

  3   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ڕاگەیەنراوێک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە..

هاوڵاتییانی خۆشەویست و دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی.
پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان. 
وەک لە راگەیەنراوی پێشووماندا ئاماژەمان پێدابوو لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدی بهێنن.
بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیر بکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان تەنها بۆ پاراستنی خۆیان بووە و پاراستنی ئارامی شار.
هاوڵاتییانی بەڕێزیش ئاگادار دەکەینەوە کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەموو موچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی موچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین. جارێکی دیکەش هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاوڵاتییانن.


ڕیکلام