کەسکین بایندر: پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئاستێک کەس ناتوانێت لێی بکشێتەوە

  14   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕایدەگەیەنێت، لەمڕۆ بەدواوە پرۆسەکە دەگات بە ئاستێک کەس ناتوانێت خۆی لە پرۆسەکە بکشێنێتەوە، ئیدی تیر لە کەوان دەرچووە و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر هەموو کۆمەڵگەی کوردستان.

کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، وەک لایەنە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، کەسایەتییەکان، نووسەرانی باکووری کوردستان و تورکیا سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە تا پێکەوە شاهێدی هەنگاوێکی مێژوویی ببین، بەرێز ئۆجالان بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بانگەوازییەکی مێژوویی کرد و ئەمڕۆش پەکەکە لە بەرچاوی هەموو جیهان هەنگاوە مێژووییەکەی دەنێت و چەک لەناو دەبات.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەکە تەنها کۆتا ئەنجامی چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵكو دەستپێکی ئاشتییەکی شکۆمەند و چارەسەرکردنی پرسی کورد و گەلانی هەرێمەکەیە، گەر ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمایەکی یاسایی، مرۆڤایەتی و سیاسیی بەڕێوەبچێت ئەوا بۆ هەر چوار بەشی کوردستان، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش دەرگایەکی ئاشتی دەکاتەوە.

کەسکین بایندر وتیشی، ئۆجالان بە دەستپێشخەرییەک دەرگای بۆ ئاشتی کردەوە و پەکەکەش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ئاشتییە دووپاتکردەوە، هەموومان دەزانین کە ئاشتی تەنها یەکلایەنە نییە، بەڵکو لەمڕۆ بەدواوە پرۆسەکە دەگات بە ئاستێک کەس ناتوانێت خۆی لە پرۆسەکە بکشێنێتەوە، ئیدی تیر لە کەوان دەرچووە و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر هەموو کۆمەڵگەی کوردستان.

 


ڕیکلام