شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە و ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندارن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و تەقەیان کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەیەکی حکوومی لە بەغدا و دواتر پێکدادان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارە ڕوویداوە و بووەتە هۆی برینداربوونی ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ لە فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ هاتنی بەڕێوەبەرێکی نوێ، گروپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای فەرمانبەران دروستکرد کە دەستبەجێ داوای هاوکارییان لە هێزە ئەمنییەکان کرد."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان توانیان 14 لەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەی کە ماون.