قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبووەوە

  22   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کێڤن لامبێرت، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و دۆخی سوریا و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(31/7/2025) بە ئامادەبوونی ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا کرد بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ فەرماندەی نوێ خواست لە ئەرکەکەیدا.

هەردوولا هاوڕابوون داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و شانە نووستووەکانی ئەو گروپە هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە ناسەقامگیری و بۆشایی ئەمنی ناوچەکە وەک دەرفەتێک بۆ خۆڕێکخستنەوە بەکاربهێنن. جەختیشیان کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و بەهێزترکردنی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر چەشنە جموجوڵێکی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سوریا کرا، جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت کورد و هەموو پێكهاتەکانی دیکە مافەکانیان پارێزراوبێت و رۆڵ و پێگەی شیاویان لە سیاسەت و حکومڕانی سوریای نوێدا هەبێت. 

سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانیش بۆ سەر ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەدرا کە هێرشەکان مەترسین بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و بە پێویست زانرا لایەنی ئەنجامدەر رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێت و حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێکەوە ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە


ڕیکلام