سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا

  2025-09-27  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، جەختی لەوە کردوەتەوە کە هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بوونە هۆی ڕێککەوتنێک کە بەپێی بڕگەکانی دەستور و یاسای بودجەیە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕایگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ  بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و مەسعود بازرانی، سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە پەیوەندییەکاندا سودانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرکردە و هێزە کوردییەکان دەربڕی کە بەشداربون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لە هەرێم و ڕادەستکردنی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی ناوەندی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "سودانی پێزانینی بۆ پابەندوبونیان بە پاڵپشتیکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە هەموو شوێنێک و یەکخستنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەربڕیوە، کە بوە هۆی ڕێککەوتنەکە بەپێی بڕگەکانی دەستور و یاسای بودجە".

ئەوەشیخستەڕو، جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی، کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی گەشەپێدانی نیشتیمانی و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتگیری نیشتمانی و بەرجەستەکردنی ئامانجە هاوبەشەکان لە بەدیهێنانی پێشکەوتنی هەمەلایەنەی ئابوری و پاراستنی سامان و دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا لە سەرتاسەری وڵات.

 هەر لە پەیوەندییەکاندا جەخت کرایەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لە عێراق، بەو پێیەی بزوێنەری سەرەکییە بۆ دروستکردنی گەشەسەندنی هەمەلایەن لە وڵات و هێنانەدی گۆڕانکاریی چۆنایەتی لە ئابوری عێراقدا.

 

 
 
 



ڕیکلام