مشتومڕەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامن، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق کارێکی ئاسان نیە و بەهۆی ناکۆکییەکانەوە، "دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ گەیشتووەتە نیمچە بنبەست".
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە: دانوستانەکانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ گەیشتووەتە نیمچە بنبەست.
ئاماژەی بەوەشداوە: هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو تەنها بە رەزامەندی ئەمەریکا ئەنجامنادرێت و هێزە شیعەکانیش لەسەرهیچ یەکێک لەو کاندیدانەی ناویان بۆ ئەو پۆستە خراوەتەڕوو کۆدەنگ نین.
جەختی لەسەر ئەوەش کردوەتەوە: تەنانەت ئەگەر کۆدەنگییەکی کتوپڕیش دروست بێت، وەک ئاماژەیەک بۆ محەمەد شیاع سودانی، بە سەرۆک وەزیرانی ماوە تەواوبوو، ئەوا روبەڕوی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە کە ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەتەکەی دەکات، چونکە هەندێک لایەن لە چوارچێوەی هەماهەنگی دژی نوێکردنەوەی ماوەی خولی سودانین، لەنێویاندا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی.
لەلایەتی ترەوە، عارف حەمامی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا باسی لەوەکردوە: دەستپێشخەرییەکەی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەوگەشەپێدانیان رەتکردووەتەوە، بەوپێیەی ئەم دەستپێشخەرییە بە ڕوونی هەوڵدەدات کەشێکی سیاسی بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دروست بکات بۆ بەدەستهێنانی خولی دووەم، سەرەڕای بوونی ناڕەزایەتی و رەتکردنەوەی لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسیەوە.