شاناز ئیبراهیم ئهحمهد، خانمی یهكهمی عێراق له پهیامێكدا بهبۆنهی هاتنی ساڵی نوێوه رایگهیاند، تهمهننا ئهكهم تهمهنی ئهم بێ پهرلهمانی و بێ حكومهتییه له ههرێم بهزویی كۆتایی بێت و بهربهستهكانی بهردهم پێكهێنانی حكومهتی ههرێم نهمێنن.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئهحمهد
بە ئومێد و هیوایەکی زۆرەوە ئەڕوانمە دەستپێکی ساڵێکی نوێ و بەگەرمی پیرۆبایی لە هەموو گەلانی عێراق ئەکەم.
ساڵی ٢٠٢٥مان بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانەوە بەڕێکرد. ناچینە ساڵی نوێوە ئەگەر درود بۆ قوربانییەکانمان نەنێرین.
لە بەردەم ساڵی نوێدا، هێشتا دڵم لای لێقەوماوانی کارەساتە سروشتییەکەی چەمچەماڵە و هیوادارم لە ٢٠٢٦دا کەمێک لە خەم و ئازاریان بڕەوێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی لە عێراق بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ هەنگاو ئەنێین، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵمان بە بێ حکومەتی نوێ و پەرلەمانی نوێ تێپەڕاند. تەمەننا ئەکەم تەمەنی ئەم بێ پەرلەمانی و بێ حکومەتییە لە هەرێم بەزوویی کۆتایی بێت و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم نەمێنن.
ئاواتەخوازم ساڵی نوێ پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا بەئەنجام بگات و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.
لە خوا ئەپاڕێمەوە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، کە داعشیان وەک گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی تێکشکاند، لەساڵی نوێدا بە سەربەرزی و بە ئارامی و ئاشتی لەگەڵ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە بژین.
هەروەها هیوادارم گەلانی ئێران و بەتایبەت خوشک و براکانم لە رۆژهەڵات لەو هەموو میحنەتەی تێی کەوتوون بەتایبەت میحنەتی گرانی و باری سەختی ئابوری و دژواری ژیان ، رزگار ببن.
بەداخەوە ئەم یەک دوو ساڵە شەڕێکی نەگریس بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە و لە ئەنجامدا هەزاران منداڵ لە غەزە و لە رۆژئاوای کوردستان و زۆر شوێنی تر، شەهید یان بریندار، یان بێ خانە و لانە بوون. ناکرێ دڵمان لای ئەو منداڵانەش نەبێت و ئومێدی ئەوە نەخوازین کە ئەمساڵە نوێیە، مژدەی ئارامی و ئاسودەیی بۆ ئەوان و بۆ هەموو جیهان و نەتەوەکانی تر پێ بێت.
بۆ ساڵی نوێ هیوام وایە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئاسودەیی روو لە وڵاتەکەمان بکات و هەمووان بە ئاشتی بژین.
جارێکیتر هاتنی ساڵی نوێ پیرۆز بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد