كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، سازش لەسەر مافی خەڵكی كوردستان ناكەین و پێداگری لەسەر راستكردنەوەی رێرەوی حوكمداری لە كوردستان دەكەین، ئاشكراشی دەكات: لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ نەوەی نوێ ئیمزا دەكەین.
كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەركردایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسلێمانی بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی لێكەوتەو دەرهاویشتەكانی جەنگی نێوان ئەمریكاو ئێران كراو ئامانجی یەكێتی روونكرایەوە كە بەشێك نییە لەو جەنگەو خوازیاریشین خاك و خەڵك و نیشتمانەكەمان پارێزراوبێت، ئێستاش دڵخۆش دەبین بە رێككەوتنیان بۆ ئەوەی كوردستان و عیراق و ناوچەكە پارێزراوبێت.
لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیشەوە، رایگەیاند، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەدواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، لەكاتێكدا یەكێتی هەرگیز شەڕی لەسەر پلەو پۆست نەكردووە، بەڵكو مكوڕ بووە لەسەر ئەوەی بنەماكانی سازان و شەراكەتی راستەقینە لەكابینەی دەیەمدا بچەسپێنێت، یەكێتی دەیەوێت كابینەی نوێ كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت و جیاوازی لەنێوان سلێمانی و هەولێر و كەلار و سۆران و ناوچەكانی دیكەدا نەكات و بەیەك چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خوازیارە هاوبەشی ستراتیژیی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران، توركیا، وڵاتانی كەنداو، ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن لەبیر بكەین، بەڵكو تەئكید لەپێكهێنانی حكومەتێكی 50 بە 50 دەكەینەوە.
كاروان گەزنەیی راشیگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن دوو بەڵێنی بنەڕەتیی داوە، ئەویش دروستكردنەوەی باڵانسی هێز و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانییە لەكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش نەك تەنها بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكانی عیراق و هەرێم و هاووڵاتیانیش بەرهەمدار دەبێت، بۆیە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە یەكێتی سازش لەسەر خواستەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت ناكات.