نەخۆشخانەى ڕزگارى: هیچ تووشبوویەکمان بەهۆى نەمانى ئۆکسجین نەمردووە

  2020-07-30  | 
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى رزگارى لەکاتى کۆنفرانسى رۆژنامەوانی
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەخۆشخانەى رزگارى رەتیکردەوە بەهۆى کێشەى نەمانى ئۆکسجین هیچ تووشبوویەکى کۆرۆنا گیانى لەدەستدابێت.

د. لاوەند میران بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ڕزگارى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆدا کیشەى ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکە هەبووە، بەڵام دڵنیایدا کە هیچ نەخۆشێک بەهۆى نەبوونى ئۆکسجین گیانى لەدەستنەداوە، لە ئیستاشدا زیاتر 230 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا هەیە.

وتیشى، نەخۆشخانەکە تەنها ئەو حاڵەتانە وەردەگرێت کە بارى تەندروستیان ناجێگیرە، لە 50%ى ئەو نەخۆشانەش لە ژێر ئامێرى هەناسەداندان و بارى تەندروستیان ناجێگیرە.

ئاماژەى بەوەشکرد، رۆژانە گرفتى ئۆکسجینیان هەیە، بەهۆى ئەوەى سەرفیاتى زۆرە، ئەمڕۆش بەهۆى ئەوەى ئەو بەشە ئۆکسجینەى لە سلێمانییەوە بۆیان دەچێت دوو کاتژمێر لە ڕێگا دواکەوت بەو هۆیەوە ئەو گرفتە دروستبووە و هیچ نەخۆشکێش لەبەر کەمى ئۆکسیجن نەمردووە.

روونیکردەوە، رۆژانە نەخۆشانى کۆرنا گیان لەدەستدەدەن، بەهۆى خراپى بارى تەندروستیان نەک بەهۆى نەبوونى ئۆکسجین، ئەمڕۆش ژمارەیەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ پەیوەندیەکى بە نەبوونى ئۆکسجینەوە نەبووە.

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ڕزگارى جەختیکردەوە،  دوای ئەوەی چەند کێشەیەک لە کارگەی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری دروست بوو، لە ئیستادا ژمارەیەکی زۆری بوتڵی ئۆکسجین دابینکرا و نەخۆش بێ ئۆکسجین نەبووە، هاوکات  کارگەی ئۆکسجین بەتەوای چاکرایەوە لەکاتی ئێستادا هیچ کێشەیەکى کەمى ئۆکسجینیان نەماوە.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن




ڕیکلام