پسپۆڕێکی سەربازی: تەقینەوەکەی لوبنان لە بۆردومانی موشەکی دەچێت

  2020-08-04  | 
تەقینەوەکە ترس و تۆقاندنی لە تەواوی لوبناندا بڵاوکردووەتەوە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پسپۆڕێکی سەربازی و ستراتیژی لوبنان ڕایگەیاند، تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بەهۆی مادەیەکی کیمیایی گەورەوە یان بۆردومانێکی موشەکی دوور مەودا بووە.

ئیلیاس فەرحات پسپۆڕی سەربازی و ستراتیژی لوبنانی، سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بوونی مادەی تی ئێن تی دەکەن ڕوونیکردەوە، هاوردەکردنی تەقەمەنی لە لوبنان لەژێر چاودێری و ڕەزامەندی وەزارەتی بەرگریدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شێوەی تەقینەوەکە و ئەو هەورە چڕە و ئەو تۆپەڵە ئاگرەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەوە بەسەر بەندەری بەیروتدا دەرکەوتووە، ئاماژەیە بۆ بوونی بڕێێکی زۆر لە مادەی تەقەمەنی و تەقینەوە لە یەک کاتدا.

لە لایەکی ترەوە سامی نادر بەڕێوەبەری پەیمانگای ڕۆژهەڵات بۆ کاروباری ستراتیژی بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ بەجۆرێک بووە لە ژیانیدا شتی وای نەدیووە، تەقینەوەش بۆ لوبنان شتێکی نوێیە بەهەموو شێوەیەک.

هەندێک لە چاودێرانی لوبنانی ئاماژە بەوە دەکەن، تەقینەوەکەی بەیروت، کردنە ئامانجی کەشتی یان کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی بووبێت، کە لەدەرەوەی لوبنانەوە هێرشی کرابێتە سەر.

لە لایەکی ترەوە، بەدر ڕازی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی لوبنان ڕایگەیاند،تەقینەوەکە بەهۆی کۆنتێنەرێکی پڕ لە نتراتی ئامۆنیا بووە، کە ماوەیەکە لە بەندەری بەیروت دەستی بەسەردا گیراوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی گومرگی لوبنان، کۆنتێنەرەکە لە کۆگای تایبەت بە مادە کیمیاییەکان دەستی بەسەردا گیراوە و بووەتە کێشەیەکی دادگایی لە نێوان کۆمپانیای هاوردە و کۆمپانیای گوێزەرەوە، بڕیاریش نەبووە کۆنتێنەرەکە لە لوبنان بمێنێتەوە.

 

هەر سەبارەت بە تەقینەوەکە عەباس ئیبراهیم بەڕێوەبەری ئاساییشی لوبنان دوای بەسەرکردنەوەی شوێنی تەقینەوەکە ڕایگەیاند، ناتوانن پێش لێکۆڵینەوەکان بکەون یان بڵێن تەقینەوەکە کارێکی تیرۆریستییە، بەڵام وشەی "تەقینەوەی یاریە ئاگرینەکان" قسەیەکە مایەی گاڵتەجاڕییە، بەڵکو مادەیەکی تەقینەوەی بەهێز بووە.

بەگوێرەی لێدوانی لێپرسراوانی لوبنان، تەقینەوەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە.

هاوکات حکومەتی لوبنان وەک ڕێزگرتنێک لەگیانی قوربانییەکان پرسەی گشتی لەسەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند.

تەقینەوەکە جۆرێک لە ترس و تۆقینی لە تەواوی لوبناندا هێناوەتە ئاراوە و هێزە ئەمنییەکان تەواوی شەقامەکانیان بەئاراستەی شوێنی ڕوداوەکە داخستووە، بەشێوەیەک جگە لە تیمە تەندروستی و فریاگوزارییەکان، ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن لەناوچەکە نزیک بێتەوە.

زۆربەی ئەو کەسانەی قسەیان بۆ میدیاکان کردووە دەربارەی تەقینەوەکە ئاماژە بەوەدەکەن، لەژیانیاندا گوێیان لە تەقینەوەی لەوشێوەیە نەبووە و زۆر بەهێزتر بووە لە تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٥ کە ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی لوبنانی تیا تیرۆر کرا.

تەقینەوەکەش لەکاتێکدا بووە، بڕیاربوو دوای دوو ڕۆژی دیکە دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە لوبنان، حوکمی خۆی دەربکات سەبارەت بە ڕوداوی تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ ناوبراودا ٢١ کەسی دیکەش کوژران.



ڕیکلام