کۆرۆنا لە هەولێر لە لوتکەدایە و لە دهۆکیش لە بەرزبوونەوەدایە

  2020-08-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دهۆک و هەولێر زیادیکردووە و لە سلێمانیش رووی لە کەمبوونەوە کردووە.

لە دوای تۆمارکردنی یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە مانگی 3ی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، هیچ کەسێک بە کۆرۆنا لە دهۆک گیانی لەدەستنەدابوو، تاوەکو 2ـی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار لە سنووری ئەو پارێزگای دوو کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، تەندروستیی دهۆکیش رایگەیاند، ئەو دوو کەسە دوای گیانلەدەستدانیان ئەنجامی پشکنینەکانیان دەرچووە کە تووشبووی کۆرۆنان.

ئامارەکان ئەوە دەخەنە روو،  ژمارەی گیان لەدەستدان و مردن بە کۆرۆنا لە دهۆک لە زیادبووندایە، ژمارەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٥ کەس، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک 13 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا باری تەندروستیان ناجێگیرە.

کاتێک ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا  گەیشتە لوتکە، حکومەتی هەرێم، بڕی 2 ملیار دیناری بۆ سلێمانی تەرخانکرد، دواتر و دوای سەرهەڵدانی کێشەی نەمانی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بڕی 1 ملیار دینار بۆ تەندروستی هەولێر تەرخانکرد، ئەو دوو بڕە پارەیە بۆ سلێمانی و هەولێر لە کاتێکدا تەرخانکرا کە ژمارەی تووشبووان لە لوتکەدابوون.

سەرباری ئەوەی نەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێر کێشەی ئۆکسجینیان بۆ دروست بوو، بەڵام لە بازاڕی ڕەش کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت و بە ئاشکرا لەسەر شەقامەکانی هەولێر بوتڵی ئۆکسجین دەفرۆشرێت، قایمقامی ناوەندی هەولێریش ئاشکرایکرد کەسێکیان لەسەر فرۆشتنی ئۆکسجین لەسەر شەقامەکان دەستگیرکردووە.

د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی داتاکانی تووشبووانی کۆرۆنا رایگەیاند، ئێستا لە هەولێر کۆرۆنا لە لووتکەی بڵاوبوونەوەی دایە، رۆژانە 200 حاڵەت دەستنیشاندەکرێن و نۆ ئەوەندەی دیکەش تووش دەبن، واتە رۆژانە نزیکەی 2000 تووشبوو".

خاڵس قادر ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ژمارەیە لەسەر بنەمای ئیپیدیمیۆلۆجی، بەدواداچوون بۆ داتا پزیشکییەکان دەردەکەوێت و پێوەرێکی زانستییە، ئەو تووشبووانەی دەستنیشاندەکرێن، تەنیا 20%ـی ژمارەی تووشبووانی راستەقینەن. 

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر و دهۆک بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی تووشبووان لە سلێمانی و هەڵەبجە کەمیکردووە.

بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 15193  کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 5036کەس لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە، 9551 کەس چاکبوونەتەوە و 586 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە پارێزگای هەولێر 5199 تووشی کۆرۆنا بوون، 1794 کەس لەژێر چاودێری ماونەتەوە، 3263 کەس چاکبوونەتەوە، 142 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە پارێزگای دهۆک 801 تووشی کۆرۆنا بوون، 419 کەس لەژێر چاودێری ماونەتەوە، 376 کەس چاکبوونەتەوە، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە پارێزگای سلێمانی 8698  کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 2786 کەس لەژێر چاودێری ماونەتەوە، 5482 کەس چاکبوونەتەوە، 430 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە پارێزگای هەڵەبجە 475  کەس تووشی کۆرۆنا بوون،37 کەس لەژێر چاودێری ماونەتەوە، 430 کەس چاکبوونەتەوە، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەگەر دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی بە نمونە وەرگرین لە ماوەی یەک رۆژدا لە هەولێر 244  کەس لە دهۆک 69 کەس و لە سلێمانی 19 کەس تۆمارکراوە و لە هەڵەبجە هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.

زۆربەی چاودێرانی رەوشی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێوستە پێش هەڵکشانی زیاتری ژمارەی تووشبووان بودجەی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا  و دابینکردنی ئۆکسجین و پێداویستییەکانی دیکە بۆ دهۆک تەرخان بکرێت.


ڕیکلام