یانەی رۆمای ئیتاڵی بە كەسێكی ئەمریكی فرۆشرا

  2020-08-06  | 
دۆسیە:  وەرزش
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەنگۆی فرۆشتنی یانەی رۆمای ئیتاڵی بووە راستی و دان فریدكینی بازرگانی ئەمریكی بە بڕی نزیكەی 600 ملیۆن یۆرۆ كڕیەوە.

ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی فرۆشتنی یانەی رۆمای ئیتاڵی بڵاوبووبوویەوە لە كۆتاییدا بووە راستی و بازرگانێكی ئەمریكی یانەكەی كڕیەوە كە میدیاكانی ئیتاڵیا باس لەوە دەكەن كە گرێبەستەكە  بە بڕی 591 ملیۆن یۆرۆ ئەنجامدراوە. 

گرێبەستەكە تا ئێستا واژۆی كۆتایی نەكراوە، میدیاكانی ئەو وڵاتەش پێشبینی ناكەن گۆڕانكاری لە پێكهاتەی بەڕێوەبردنی یانەكە بكرێت.

جەیمس پالۆتای سەرۆكی یانەكە لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئێستا یانەكەمان خاوەنێكی نوێی هەیە، هیواداریشە گۆڕانكاری باش لە یانەكەدا بكرێت. 

ئەو سەرمایەدارە ئەمریكیە تەمەن 54 ساڵە كە خاوەنی چوار ملیار و 100 ملیۆن دۆلارە، سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی فریدكینە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بریكاری كۆمپانیای تۆیۆتای یابانیە.