سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق: ژمارەی کوژراو بریندارەکانی بۆردومانەکە تورکیا بەرزبۆوە

  2020-08-11  | 
ڕۆژبەڕۆژ زیانە گیانییەکانی بۆردومانەکانی تورکیا زیاتر دەبێت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بۆردومانەکەی تورکیا بەرزبۆوە بۆ ٢٠ کەس.

سەرچاوە ئەمنییەکەی عێراق بەسۆمەریە نیوزی ڕاگەیاندووە، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بۆردومانە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆسەر کۆبوونەوە هاوبەشەکەی هێزەکانی پاسەوانی سنور و پەکەکە بەرزبوەتەوە بۆ ٢٠ کەس.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە لە هێرشەکەدا ٥ کەس لەهێزەکانی پاسەوانی سنور، کە دوانیان ئەفسەرن و ١٠ کەسیش لە پارتی کرێکارانی کوردستان_پەکەکە کوژراون و ٥ هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون .

لەناو پاسەوانی سنور محەمەد ڕەشید فەرماندەی لیوای سێی پاسەوانی سنور و زوبێر حالی فەرماندەی فەزجی سێی پاسەوانی سنوری لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان شەهید بوون.

پێشتر پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، چەند خولەکێک پێش ێستا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندێکی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراقیان لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە سنوری برادۆست، بۆردومانکردووە .

ئاشکراشیکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە دوو ئەفسەری پلەباڵا و پاسەوانێک لە سوپای عێراق و فەرماندەیەکی پەکەکەش، شەهیدبوون.