فیگورەکانی ستیلیستیک لە ئەدەب

  2020-08-12  | 
 بەیان سەلمان

لە پێش هەموو شتێکدا، لەسەر ئەو خاڵە دەوەستین کە لە ژیانی ڕاستیدا ڕەوتی کات بە شێوەیەکی کڕۆنۆلۆژی ئاساییە. کاتی ڕابردوومان هەیە کە بەسەرچووە؛ کاتی ئێستا ئەوەی تێیدا دەژین و کردار ئەنجام دەدەین؛ کاتی داهاتووش ئەوەیە کە وا لە پێشمانە و هیچی لەسەر نازانین. بەڵام، کارکردن لە ناو ژیانی خەیاڵی، لە ناو دەقێکدا، سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییمان هەیە. واتە ڕووداوەکان قۆناغیان تێدا بەکارهێندراوە. ئەمەش بەجۆرە کڕۆنۆلۆژییەکی تایبەت ئەنجام دەدرێت.

دەکرێت تێکڕای کاتی تێدا بەکار ببرێت و تێکبشکێندرێن و دیسان دروست بکرێنەوە. دەتوانین بڵێین کارکردنێکیشە هاوشێوەی فیلمە، بەڵام ئاڵۆزترە. هەر بۆیە زۆرجار نووسەری دەقی خەیاڵی وەک ڕۆمان و چیرۆک دەخرێتە مەقامی خودایەک، دەست وەردەداتە ناو کاروباری کەسایەتیەکان و دنیایەکی تر دادەهێنێتەوە کە لە بۆچوونی ئەوەوە داهێنراوە و ئەو بەرێکخستنی ناو ئەو جیهانە هەڵدەستێت. ئەمە ناکاتە ئەوەی ڕووداوەکان پەیوەست بەخۆیەوە بن؛ لەوانەیە ئەو تەنها شاهیدی ڕووداوێک بێت، لەوانەیشە لە یەکێکەوە بیستبێتی، یاخود بەشێکی ڕاستیە و بەشێکی داهێندراوە. ئەوەش بابەتێکی ترە و لێرەدا لەسەری ناوەستین.

کاتی ناو ئەو دەقە خەیاڵییە لەبەرئەوەی لە دەستی نووسەرە، کەواتە زۆرچاک کاتی ئێستا و ڕابردوو و داهاتوو لە قازانجی ڕووداوەکانی ناو دەقەکە ڕێک دەخات.

لێرەوە دێمە سەر بەکارهێنانی چەند وشەیەکی تەکنیکی کە لەناو دەقێکی ئەدەبی خەیاڵیدا چۆن کاریان پێ دەکرێت. دیارە بەکارهێنانی ئەو وشە تەکنیکیانە لەڕووی زمانەوانی و فەلسەفی و دەروونناسی و گۆتاری سیاسی... جودان. ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە کاری تەکنیکی ناو ڕۆمان و میکرۆفیکشنە. ئەم تەکنیکانە ریتمی گێڕانەوەی ناو دەقێک کۆنتڕۆڵ دەکەن.

خاوی دەکەنەوە، یان خێرای دەکەن، یاخود بەهەوەسی کەسایەتیەکان و بە ویستی ئەوان ڕێژەی ئەو خێراییە کاری پێ کراوە. کاتی دیالۆگ هەمان کاتی وەسفکردن نییە، کاتی گێڕانەوەش یەک جۆر کات کۆنتڕۆڵی ناکات.

 لێرەوە دێمە سەر نمایشکردنی چەند فیگورێکی ڕەوانبێژی لە ئەدەب. وشەی (ئانالیپس) Analepse بە واتای گەڕانەوە بەرەو دواوە. کردار دەکەوێتە ڕابردوو. ئەوەی لە زمانی سینەماییدا پێی دەگوترێت flash back و بە نێوەندی مۆنتاژ ئەنجام دەدرێت. نووسەر (بیرنار دوپریێە) لە کتێبی (توێژینەوەی ستیلیستیک یان گۆڕانکاری لە ئەدەب) بەم جۆرە پێناسەی ئانالیپس دەکات: ''لە ڕەوتی گێرانەوەدا دەگەڕێینەوە بەرەو دواوە(ڕابردوو).". کە باس لە ئانالیپس دەکەین ناکرێت باس لە دوو هاو-فیگوری تری نەکەین؛ یەکێکیان پێی دەگوترێت (پڕۆلیپس) Prolepse کە بەپێچەوانەی ئانالیپسە و جەغت دەکاتە سەر پێشبینیکردنی داهاتوو.

هەروەها فیگورێکی ڕیتوریکیشە (بەلاغە) کە بە نێوەندیەوە بیرۆکەیەکی پێش وەخت دەرەبڕین بۆئەوەی ئەگەری دژەبیرۆکەیەکی تری پێ ڕەت بکەینەوە. بۆ نموونە : ''دەزانم کە ئێستا پێم دەڵێیت ئەو شیعرەی نالی پێ دەزانێت؟ بەڵام ئەوە بزانە کە من دەمێکە لەبەرم کردووە."؛ بەگشتیی وەک ئاگادارییەک دێتە بەرچاو بۆ ڕووداوێک و چەند ڕووداوێک کە لە داهاتوودا دێنەپێشێ.

هەردوو فیگوری ئانالیپس و پرۆلیپس هاوشانی فیگورێکی ڕیتوریکی ترن پێی دەگوترێت (ئێلیپس) Ellepse . لە گرێکدا(Elleipsis ) ئێلێپسیس، بەواتای (پشتگوێکردن) دێت. ئەمیان لە دەق و فیلمیشدا زۆر بەکاردێت و بە خواستی خۆمان ئەنجامی دەدەین؛ دەکرێ بڵێین بە چەند وشەیەکی کەم مەبەستەکەمان دەپێکێ. واتە زۆر بە گرنگی نازانین لەسەر ڕووداوێک، یاخود باسێک بوەستین، چونکە هەر ئەوەندە گوتراوە تا خوێنەر بتوانێت خۆی لێی تێبگات و هەندێ جاریش ئەو بەشەی کە پشتگوێکراوە ئەو پڕی بکاتەوە.

ئەمە بە کەلێنێک دەچێت لەناو دیواری گێرانەوەکە، بەڵام لێی کەم ناکاتەوە. هاوکات خوێنەر یان بینەری فیلم، لەڕێگای ڕووداوەکانی ترەوە ئاشنای ئەو بەشە بووە
و واتاکەی لەلای نەگۆڕیوە، یاخود ڕوونە و زۆر پێویست ناکات ئاماژەی پێ بدرێت یان بایەخێکی گرنگی پێ بدرێت. ڕوویەکی تری ئەوەیە، کە چەند ڕووداوێک بە بێدەنگیی بەسەریدا تێپەڕ دەبین و درێژەی پێ نادەین. بۆ نموونە، لە کتێبی "دۆرا برودێر" پاترک مۆدیانۆ، لە لاپەڕەی ٦٧: "پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ، دایکم لە پارچە شانۆگەرییەکی شانۆی (میشێل) ڕۆڵێکی بینی..."

بەلێکدانەوەی ئەم ڕستەیە، تێدەگەین کە پێش ئەو بیست ساڵە کاتێک هەبوو، گێڕەرەوە کە هەر خۆیشی کاراکتەری سەرەکییە، لەسەر ئەو ماوەیە نەوەستاوە، چونکە چیرۆکە هەرەگرنگەکە لەلای ئەو چیرۆکی (دۆرا برودێر)ە. لێرەدا نازانین لەو ساڵانەی پێشتووتر چی ڕوویداوە، نووسەر بەخێرایی بەسەریاندا تێپەڕیوە.
ئامانجیشی گەیشتنە بە باسە سەرەکییەکەی لەسەر دۆرا برودێر.

بەو جۆرە کە دێینە سەر ئانالیپس لە دەقێکدا، بۆ نموونە کەسایەتییەک لە کاتی (ئێستا)ی ناو ڕۆمانەکە دەژی، لەوانەیە بگەڕێتەوە سەر ڕووداوێکی خۆی، یان هی کەسێکی تر، لەوانەیە باسی ڕووداوێکیش بێت کە خۆی یان کەسێکی تر شاهیدی بووە.

]پاریس: بەدوی کچێکدا دەگەڕێین بەناوی دۆرا برودێر، پانزە ساڵانە، باڵای 1م 55 ، دەموچاوی هێلکەییە، چاوی مەیلەو قاوەییە... [ ".

لە هەمان دەقی "دۆرا برودێر"ی پاتریک مۆدیانۆ، کەسایەتیەکە هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە دەڵێ ''هەشت ساڵ پێش ئێستا، لە ڕۆژنامەیەکی کۆنی، پاریس سوار، کە بەروارەکەی بۆ ٣١ی دیسەمبەری ١٩٤١ دەگەڕایەوە، لە ستوونێکی لاپەڕەی سێی: (لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ) لە خواری خوارەوەی، ئائەمەم خوێندەوە: ]پاریس: بەدوی کچێکدا دەگەڕێین بەناوی دۆرا برودێر، پانزە ساڵانە، باڵای 1م 55 ، دەموچاوی هێلکەییە، چاوی مەیلەو قاوەییە... [ ". ئەم بڕگەیە دەیسەلمێنێت کە کەسایەتیەکە لە کاتی ئێستای ناو دەقەکەیە و بۆ ڕووداوێکی تایبەت دەگەڕێتەوە؛ سەرنجی ڕاکێشاوە و ڕۆژێکێان بەڕێکەوت لە ڕۆژنامەیەک بینیوێتی. بەم گەڕانەوەیەش مەبەستێتی بێتەوە سەر ئێستای ناو دەقەکە و قسەی لەسەر بکات.


ئەم قسەکردنە گەشە بە ڕەوتی ڕۆمانەکە دەدات و بەرەو داهاتووی ناو دەقەکە دەمانبات کە وردە وردە سەر هەڵدەداتەوە لەسەر ژیان و نهێنی دۆرا برودێر.
دیارە لەم دەقەدا ڕووداوەکان بیۆگرافین و پەیوەندی بە خودی نووسەرەوە هەیە. پاتریک مۆدیانۆ، بەڕاستی دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕووداوەی کچێکی جوولەکە بەناوی دۆرا برودێر لە ساڵی ١٩٤١ ونبووە لەگەڵ ئاشکراکردنی هەندێ لایەنی ژیانی خۆی بەبێ ئەوەی بە تەواویی باسی خۆی بکات.   

بۆ ئەوەی بەچاکییش لە هەموو ئەو وشە تەکنیکیانە تێبگەین، گرنگە باسی دوو شتی تر بکەین کە ستروکتووری دەقێک پێکدەهێنێت. لێرەشدا جەغت لە دەقی خەیاڵی دەکەم. یەکێکیان گێڕانەوەیە، ئەمیان یان ئەوەتا لە دەرەوەی کاتی ڕووداوەکانە، واتە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکێک، دەکرێ ئەم کاتە لە دەرەوەی ڕووداوەکە بێت کە وا دەیگێڕینەوە. ئەم ڕووداوەی وا باسی دەکەین دەکرێت گەڕانەوە بێت بۆ کاتی ڕابردوو و باس لە کاتی داهاتوو بکەین. بەوجۆرە کاتی چیرۆکەکە لە ناواخنی کاتی گێڕانەوەیە کە لە دەرەوەی کاتی چیرۆکەکەیە.

بۆ نموونە وا باسی ڕووداوێک دەکەم کە لە جەنگی جیهانی دووهەم ڕوویداوە؛ ئەم کاتە دەچێتە ناو کاتی گێرانەوە. جۆرەکەی تریشیان ئەوەیە کە دەکرێ چیرۆکێک بگێڕمەوە هەر لە ئێستادا. ئا لێرەدا هەردوو کاتی گێڕانەوە و کاتی ڕووداوەکە یەکن. وەک ئەوەیە کە وردە وردە لەگەڵ گەشەی ڕووداوەکان هاوکات دەشیانگێڕینەوە؛ لەم دۆخەدا چیرۆکەکە هەر دەبێ لە کاتی ئێستا(حاڵی حازر) بنووسرێتەوە. بۆ نموونەی گێڕانەوەی یەکەم بێ گومان بێ ئانالیپس و پرۆلیپس ئەنجام نادرێت.

چونکە بە نێوەندی ئەوان دەتوانین بچینەوە دواوە و بەرەو پێشەوە بڕۆین. ئالێرەشدا، گرنگە گەشەکردنی چیرۆەکەکە تێکەڵ نەکرێت بە کاتی گێرانەوە، چونکە ئەو گەشەکردنە لەناو ڕێکخستن و سیستەمێکی تایبەتیدا جێبەجێ دەبێت. ئەمە دیسان دەمانباتەوە سەر ئەو خاڵەی کە چیرۆکەکە یان بە کڕۆنۆلۆژی (زنجیرەیەکی ڕێکخراو) دێتەدی؛ یان ئەوەتا، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، بە تێکشکانی ئەو کڕۆنۆڵۆژییە دێتەدی. لەم حاڵەشدا دەکاتە بەکارهێنانی تەکنێکی ئانالیپس بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕووادوگەلێک کە نووسەر مەبەستێتی باسیان بکات.

دەشکرێ بە پێشخستنی باسی ڕووداوێک، واتە بە نێوەندی تەکنیکی پرۆلیپس باسی ئەوە بکرێت کە وا دێت؛ دەتوانین بڵێین جۆرە بازدانێکیشە لە ئێستادا بەرەو داهاتووی ناو چیرۆکەکە و زۆرجاریش خولیای زیاترزانین لەلای خوێنەر دروست دەکات؛ ئەوەی بە عەرەبی پێی دەڵێن (تشویق). هەروەها دەشکرێ لە جێیەکی چیرۆکەکەدا وەستانیش هەبێت. ئەمەیان نووسەر بە نێوەندی وەسفکردنەوە جێبەجێی دەکات.

سەرچاوەکان:

- DUPRIEZ Bernard, L'Étude des styles ou la Commutation en littérature, Éditions Didier, Paris, Bruxelles, 1969.

- GENETTE Gérard, Figures III, Éditions du Seuil, Paris,1972.

- SOURIAU Etienne, Vocabulaire d’esthétique, publié sous la direction de SOURIAU Anne. Éditions Quadrige, Presses Universitaires de France, Paris, 1990.


ڕیکلام