یه‌كگرتووی ئیسلامی راگه‌یه‌ندراوێك له‌باره‌ی گوزه‌رانی هاوڵاتیان بڵاوده‌كاته‌وه‌

  2020-08-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پشتگوێخستنی چاکسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەکان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە .

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ :

ڕاگەیه‌ندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی بارودۆخی ته‌ندروستی و بژێوی هاوڵاتیان و كاسبكاران و فه‌رمانبه‌ران وموچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان ..

ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری 12/8/2020 ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کۆبوونەوەی خۆی بە رێگای ئۆنلاین ئەنجامدا .

وێڕای تاوتوێ ی دۆخی تەندروستی و سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی .

کۆبوونەوە لەسەر چەند خاڵێک هەڵوێستەی کرد بەم شێوەیەی خوارەوە :

1- دۆخی تەندروستی هەرێم و تەشەنەسەندنی پەتای کۆڕۆنا لە حاڵەتی کەمتەرخەمی خۆپارێزی و کەمی کەرستەی چارەسەر و شڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەکە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت جێگای داخە و ناکرێ حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوه‌ستان و بێ باک بێ لە بەرامبەر گیانی هاوڵاتیاندا .

2- دۆخی بژێوی فەرمانبەران و کەمی و دواکەوتنی موچە و قوفڵ بوونی جوڵەی بازاڕ و بێ باکی و بێ بەرنامەیی حکومەت لە ئاستێکدایە کە تەقینەوەی رق و خەم و بێ چارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم و ناکرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن .

3- پشتگوێ خستنی چاکسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەکان و خۆخەریککردن و خەڵک خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەکی یەوە یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە کە هەردوکیان ئەخوازێ حزبەکانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن .

4- دەستی دەستی کردن بە یەکتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێکی ئەخڵاقی و نیشتمانی نیە و ئەبێ ئەحکامی لە ناکاو و ئیسعافی پەیرەو بکرێ و هەل و مەرجەکە لەوە زیاتر هەڵناگرێ .

5- ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەکریزیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمانداین و لەگەڵ خواستی رەوای هاوڵاتیان داین ، ئەمڕۆ هەست بە مەترسی پەرچەکرداری تەقینەوەیەکی حساب بۆ نەکراو ئەکەین لەم بێ متمانەیی و بێ وەزعیەی کۆمەڵگە و برسیکردن و فشار و ستەمەی لە هاوڵاتی ئەکرێ و لەم بێ منەتی و بێ باکی و ناکاراییەی دەسەڵاتدا .

بۆیە پێویستە بە بڕیاری مەحکەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە حکومەت و هێزەکانی دەسەڵات رووبەرووی دۆخەکە ببنەوە تا کار لەکار نەترازاوە و کەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەته‌کەمان بە هەموو سەرنشینەکانیەوە نغرۆ نەبووە .

بەهیوای بیستن و بڕیاری بەرپرسانە .

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

12/8/2020



ڕیکلام