هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی موچە دەدرێت

  2020-08-12  | 
هەولێر
هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی موچە لە هەرێم دەدرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی موچە دەدرێت، دەشڵێت، ئەگەرچی هەموو مەرجەکانی بەغدایان قبوڵکردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا کە لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە ئەنجامدرا، دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و ئەنجامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدا هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بەباشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێک حکومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، هەموو مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ کردووە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە،  ئەو کارەی حکومەتی عێراق وایکردووە کە حکومەتی ھەرێم نەتوانێت شایستەی دارایی موچەخۆرانی خۆی خەرج بکات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ موچەخۆرانی ھەرێم دروستبووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە موچەیەی کە بۆی خەرجدەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێت، لە خەرجکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران کە ئەمەش دەستوری عێراق وەک بنەما جێگیری کردووە .

ئەنجومەنی وەزیرانی هەریم راشیگەیاندووە، بە توندی نیگەرانی و ناڕەزای خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنیەی حکومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوادەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات و ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت.

هەروەک ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستور دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە شاندی باڵای دانووستانکاری ڕاسپاردووە درێژە بە دانوستانەکان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێکەوتن بە تایبەتیش کە لە ماوەی ڕابردوودا ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دەستووریەکانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵیە لە بەرامبەردا ماف وشایستەی دارایی ھەرێم ڕانەگرێت.

داواشی لە سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن .

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا هاتووە، بڕیاریانداوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی مووچە بدەن، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لەبەردەستە .

ئاماژە بەوەشکرداوە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپاردووە، بەداواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنورییەکان بکەن لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانەدا ئەنجام دەدرێت .



ڕیکلام