ژمارەیەك شۆفێری دەروازە سنوریەكان گردبوونەوە

  2020-08-15  | 
 گۆران عەبدوڵا
بەشێك لە شۆفێرانی دەروازە سنوریەكانی سلێمانی گردبوونەوە و داوادەكەن حكومەت رەتكردنەوەی هاوردەكردنی كال ێ‌لە سەرجەم دەروازەسنوریەكان وەك یەكێك بێت.

ژمارەیەك شۆفێرانی دەروازە سنوریەكانی سنوری سلێمانی لەبەردەم نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت گردبوونەوە و داوا دەكەن حكومەت رێگری بكرێت لە كۆمپانیایەكی كوالێتی كۆنتڕۆڵ بەهۆی ئەوەی رێگری دەكات لە هاوردەكردنی چەند كاڵایەك. 

كۆمپانیای لۆكس ئەیجنسی، لە هەرسێ مەرزی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ) كاری كوالیتی كۆنترۆڵ دەكات و لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە كە هاوردەكردنی مادەیەكی پلاستیكی بەهۆی بونی مادەی ژەهراوی لە دروستكردنیدا رێگری لە هێنانە ناوەوەی دەكرێت، ئەوەش ناڕەزایی لەلای شۆفێرانی ئەو دەروازە سنوریانە لێكەوتووەتەوە. 

ئەو شۆفێرانە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)یان راگەیاند، ئەو كاڵایانەی كۆمپانیاكە رێگری لێدەكات لە دەروازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێت و رێگری لێناكرێت بۆیە پێویستە لەو سنورەشدا رێگری لێنەكرێت. 

ئەوان ئاماژەیان بەوەشكرد ماوەی سێ ساڵە ئەو كۆمپانیایە پارە وەردەگرێت، بەڵام تەنها یەك مانگە ئامێری پشكنینی هێناوە، و زۆر بابەت رەتدەكاتەوە هاوردە بكرێت. 

ئەو شۆفێرانە ئاماژەیان بەوەكرد تا ئێستا لە نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت وەڵامیان نەدراوەتەوە و ئەوان سوربوونی خۆیان راگەیاندلە سەر هەڵوێستەكانیان. 

كۆمپانیاكە راشیگەیاندووە، سەرلەبەیانی12ی ئاب پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی، لەلایەن هەندێك لە بازرگانانی كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە هێرشكراوەتە سەر تاقیگەكانی نوسینگەی فەرمی كۆمپانیاكە و زیانێكی زۆر بە كەرەستە و ئامێرەكان گەیشتووە.

كۆمپانیاكە هۆكاری هێرشی بازرگان و شۆفێرەكان بۆ سەر تاقیگەكانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە بازرگانەكان  نارازیی بوون لە ئەنجامی پشكنینی كەرەستە پلاستیكییە هاوردەكراوەكانیان، كە رۆژی پێشتر12  نمونەیان بەهۆی دەرنەچونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی، رەتكراونەتەوە.


ڕیکلام