ڕێبوار سیوەیلی بۆ ژیان: هەموو ژانرە ئەدەبییەکان لە هەمان سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە کە زمانە

  2020-08-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەشی دووەم

سازدانی: شاخەوان سدیق

ژیان: تۆ سەرەتا شیعرت نووسیوە و بەبڕوای من یەکێکیت لە شاعیرە جوان نوسەکانی ئێمە، دەتوانی باسێکم دەربارەی سەرەتاو دەسپێکی شیعری خۆت بۆ بکەی، چون و کەی دەستت پێکرد؟ ئێستا بۆ کەمتر شیعر دەنوسیت و کەمتر بڵاویان دەکەیتەوە؟

ڕێبوار سیوەیلی: من کوڕی لادێ و لە کەشی کار و ئەرکدا گەورە بووم. جۆرەکانی شوانی و کاری ناوماڵم ھەمووی کردووە، لە بەفرماڵینەوە بۆ چاپەزی و.. پاشان فەقێیەتیم کردووە و لەلای مەلا خوێندوومە و پاشان ئەزموونی بەزۆر ڕاگواستنی گوندەکانم بە چاوی خۆم بینیوە. ھیچکام لەمانە بواری ئەوەیان پێنەدەدایت ببیتە شاعیر. وەلێ فەرھەنگی زمان و یادوەرییم پڕ پڕ بوو لە حەکایەتی جۆربەجۆر. (مام عەلی، کە ئێمە پێماندەگوت: (مامەلی)، شەوانە لە کتێبدا حەکایەت و چیرۆکی بۆ دەخوێندینەوە. پورە حەنیفی مامەوڵا خۆشترین حەکایەتی ترسناک و پڕ بەسەرھاتی بۆ دەگێڕاینەوە. خزمانی خۆمان شەوانە بە قاچاخ لە ناوچەی بانەوە دەھاتنە ئەمدیو و بەسەرھاتی خۆیان دەگێڕایەوە.. یاریی و گەمەکانی دیوەخان، بەتایبەتی پاشاوەزیرێنە، یەکێک بوو لە شانۆییە ھەر بەرزەکان.. ھەموو ئەمانە گیانێکی شاعیرانەیان تێدا دەخەمڵاندی، بەڵام نەیاندەکردییە شاعیر. من بۆ یەکەمجار لە ژیانی پەراوێز نشینی گەڕەکی مەجید بەگ و پاشان تووی مەلیکی شاری سلێمانی زمانی ڕێکخستنی شیعرم پژا. لە ماوەیەکی کەمدا دوو دەفتەرم پڕ کردەوە و پاشان دڕاندمن. دەستمکرد بە وەرگێڕانی شیعر و زۆرم بڵاو کردنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەرگیز نەبوومە شاعیر. لە دەربەدەریی و ئاوارەییدا شیعرم زۆر نووسین، بەڵام دوایی ھیچ لەخۆم ڕازیی نەبووم و لە جیاتی ئەوە دەستمدایە شیعر خوێندنەوە.. لە ژیانی تاراوگەمدا، چ لە ئێران، چ لە سوریا و چ لە دانمارک ھەندێک کارم نووسین، بەڵام دیسانەوە بەخۆمم نەگوتووە شاعیر. ئیتر سەردەمی فەیسبووک و تۆڕی کۆمەڵایەتی ھات و بەتەواوی خەونی بوونە شاعیرم لە مێشکی خۆم دەرکرد. ئەوەی دەقێکی باش بنووسیت، بەمانای ئەوە نییە شاعیریت، چونکە شاعیری سلووک و شێوازی ژیانە بەر لەوەی ڕێکخستنی وشەی جوان بێت. یەکێک لە بێ ئاگاییەکانی مرۆڤ لە شیعر ئەوەیە، کە بە خۆی بڵێت شاعیر، یان پێیوابێت بۆتە شاعیر.. ئەوە گەمژەییەکی بێنموونەییە بە خۆت بڵێی شاعیر.. ببوورە من شاعیر نیم.. لە من گەمژەتر ئەوانەن کە بەناوی ڕەخنەوە لەسەر بەرھەمە شیعرییەکانی من دەنووسن، چونکە ئەمانە پێیانوایە بەڕاستی لەسەر شیعر دەنووسن!، یان ڕەخنەی لێدەگرن. 

ژیان: ڕەخنەگرێگ دەڵێت" یەکێک لە سیفاتە گرنگەکانی شیعر ئەوەیە، کە جێگای شێرو پەپوولە لە یەک ڕستەیدا دەبێتەوە" تۆ قەسیدەیەکی درێژت بەناوی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال)وە ھەیە، بیرۆکەی نوسینی ئەم قەسیدەیە لە چیەوە ھات؟ چۆن توانیتان دووپرسی گرنگی وەک (ئەفین و مەرگ) لەم شیعرەدا جێبکەنەوە؟ 

ڕێبوار سیوەیلی: خۆزگە ناوی ئەو بەناو ڕەخنەگرەت دەھێنا، تا ئێستا پێی بڵێین ئەم قسەیەی تۆ دەکەوێتە کوێی ڕەخنەوە؟! ڕوانگەی ئەو ڕەخنەگرە زۆر نەرێتی و ھەمان ڕوانگەی بۆ شێر و پەپوولە ھەیە کە باووباپیرانمان ھەیانبوو: شێر دڕندەیە و بخۆر، پەپوولەش بێگوناە و قوربانی.. ئەم ڕوانگەیە پێماندەڵێت نابێت بیر لە میھرەبانی شێر و دڕندەیی پەپوولە بکەینەوە! شێر ھەیە میھرەبان و پەپوولەش ھەیە ژەھراوی.. ئەم ڕوانگەیەم ھیچ پەسەند نییە و دووبارەکەرەوەی ھەمان بۆچوون و تێگەیشتنی پێشینەیە. مرۆڤی مۆدێرن ئاوا لە شتەکان ناڕوانێت و ھەمیشە ڕوانگەی خۆی دەگۆڕێت، بە جۆرێ کە شێر جێگەی پەپوولە و پەپوولە شوێنی دڕندە دەگرێتەوە. ئەمە بۆ وێناکردنی ژن وەک میھرەبان و قوربانیی و پیاو وەکو دڕندەش دەبێت. من بۆخۆم سەدان پیاو دەناسم پەپوولەئاسا دەژین و کەچی بوونەتە قوربانیی شەڕانییەتی ژن و دەیان ژن دەناسم لە دڕندەییدا شێر نایانگاتێ.. قەسیدەی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال)یش شتێکە لەو بابەتە و بەردەوام ڕوانگەکان بۆ شتەکان دەگۆڕێت. جۆرێک لە ناچاری دەسەپێنێت و بە دیدێکی سوکراتیانەوە گەرەکییەتی مرۆڤ دەست لە باوەڕ و ڕوانگە جێگرتووەکانی خۆی ھەڵبگرێت و بە جۆرێکی دیکە بڕوانێت. لەم قەسیدەیەدا نە مەرگ و نە ئەڤین لە چەقدا نین، ئەوەی ھەموو قەسیدەکە بە دەوری خۆیدا دەسووڕێنێتەوە، زمانە نەک شتێکیتر. زمان دەبێتە سەرەتا و مەرگ و زیندووبوونەوە. قسەکردن لەسەر ئەڤین و مەرگ و ناکامی و تێکشان لەم قەسیدەیەدا، وەکئەوەیە قسە لەسەر ڕووکەشی دەقەکە بکەین، لە کاتێکدا جەوھەری دەقەکە خستنەوەی تێڕوانینێکی نوێیە بۆ شتەکان لە ڕێگەی زمانەوە.

ژیان: لە قەسیدەی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال) خۆت بە ڕەگەزو بنەمایەکی دیاریکراوی شیعریەوە نابەستیتەوە، بۆ نمونە لەم دەقەدا بەر جۆرێک لە (پەخشان و دراماو کورتە چیرۆک ) و ھەندێک جاریش بابەتی فکری فەلسەفی دەکەوین، ھۆکاری ئەمە چی بوو، بەمەبەست ئەمە کراوەو دەقەکە وای دەخواست، یان بە ڕێکەوت ئەم بابەتانە ھاتنە ناو شیعرەکەوە؟

ڕێبوار سیوەیلی: ئەمە سرووشتی دەقی ئازاد و کراوەیە، کە شیعرییەت دەرگاکانی بەسەر ھەموو ژانرەکاندا دەکاتەوە. ھیچ بڕیارێکی پێشوەختی نییە و شیعر وەک ژانرێک خۆی بە گەورەتر و لە پێشتر لە ژانرەکانی دیکە نازانێت. ھەموو ژانرە ئەدەبییەکان لە ھەمان سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە کە زمانە، جەوھەری زمانیش شیعرە و شیعریش گوزارشە لە شوناسی تاکەکەس. بۆیە نە دەقەکە خواستوویەتی، نە پلانێکی پێشوەخت ھەبووە بۆ ئەمجۆرە بەرھەمھێنانە و نە ڕێکەوتیش بووە. لەلایەکیتریشەوە، ئەمجۆرە دەقە فرەییەک دەخاتەڕوو، کە لەناو بنەمای زمان خۆیەوە ھاتووە. گەڕانەوەیە بۆ زمانی سەرەتا، یان سەرەتاکانی زمان وەک زمانی دایک و زمانی گەردوون کە لەناو فرەییەوە دەپژێت و جارێ ژانرەکانی لێنەکەوتوونەتەوە. لە داستانە کۆنەکان و کتێبە ئایینییەکان و فەلسەفەی یۆنانییدا ھەموو ئەمانە دەبینینەوە. ھیچ ژانرێک لە وانیتر جیانەبۆتەوە، ھەموو شتێک لەناویەکتردایە و فرەیی زمان بەدیار دەخات. 

ژیان: ھەمیشە لە نوسینی تۆدا بەتایبەت شیعرەکانت، لەبری بابەت و شتە ئالۆزەکان بەر دونیای بابەت و شتە بچوک و سادەکان دەکەوین، بەڵام بەزمانێکی ئیستاتیکیانەی جیاواز، لەم سەردەمی بە ڕۆبۆت بوونی ئینسان و بە ئەلکترۆنی بوونی کەونەدا،  مەبەستی تۆ لەم گرنگیدانە بە شتە سادەو بچوکەکان چیەو لە چیەوە ھاتوە؟ 

ڕێبوار سیوەیلی: سادەیی سەرنجڕاکێشە و ھیچ پەیوەندیی بە ڕواڵەتگەرایی و (سەتحییەت)ـەوە نییە. لە سادەییدا ئاڵۆزی خۆی بەیان دەکات و خۆی دەنوێنێت. شیعر و نووسین ھەوڵێکە بۆ گرتنی ئەم ئاڵۆزییە لە سادەییدا. ھەرچەندە گرتنی سادەیی زۆر ئاسان نییە و بگرە زۆریش گرانە، بەڵام شیاوە و دەکرێت. پێویستە سەرەتا بوێریمان ھەبێت و خۆمان لە باڵادەستیی ڕۆشنبیریی باو، کە ھەمیشە پێماندەڵێت سادەیی بە واتای ئاسانی و سەتحییەت، ڕزگار بکەین. ئەم ڕۆشنبیرییە ھەمیشە بەدوای ئاڵۆزکردنی میکانیکیانەدا دەگەڕێت و لە جیاتی ئەوەی قسە لەسەر شتە بچووکەکان بکات، دێت خۆی دەکاتە دەمڕاستی شتە گەورەکان. لە جیاتی ئەوەی ڕاستگۆیانە گوزارش لە خودێتی خۆی و شتە تایبەتییەکان بکات، دەچێت دەبێتە بڵیندگۆی بابەتگەرایی و شتە گشتییەکان.. شتێکی دیکەش بۆ قسەکردن لەسەر شتە بچووک و سادەکان پێویستە: دۆزینەوەی پەیوەندیی و تەماشاکردنی ژیان وەکئەوەی پەیوەندخوازانەیە. ھیچ شتێک لە ژیاندا لێکدابڕاو نییە و پەیوەندیی و پێویستی شتەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەمەمان لە زیندەوەرزانیدا خوێندووە: بچووکەکان چەندە بۆ گەورەترەکان گرنگن و گەورەکانیش بۆ گەورەترەکان.. لەبەر ئەوەی ئەوەی جیھان بەڕێوە دەبات، پەیوەندیی نێوان ھەبووەکانە. ھەرکات وەک نووسەر ئەو پەیوەندییانەمان دۆزینەوە، جیھان ڕوونتر خۆی دەنوێنێت و باشتریش دەتوانین گوزارشی ئێستاتیکیانەی لێبکەین. لەم سەردەمە ڕۆبۆتییەدا، گەڕانەوە بۆ سادەیی، گەڕانەوەیە بۆ پەیوەندییە جەوھەرییەکان و ئەمەش ئەرکی ئەدەب و نووسینە. لەناو ئەم ھێرش و پەلامارەی ئاڵۆزیی و قورسییەدا، من سادەیی وەک شێوازێکی ڕزگارکەر دەبینم، کە توانای بەرگریی و مانەوەمان پێدەدات. 


ڕیکلام