سێ کچەکەى حەوا دەکرێتە کوردى

  2020-08-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ڕۆمانێکى دیکەى ئەلیف شەفەق دەکرێتە کوردى

ناوى ڕۆمانەکە (سێ کچەکەى حەوا)یە

کولتوور

(فەرهاد چۆمانى) نووسەر و وەرگێڕى کورد ڕۆمانێکى دیکەى نووسەرى دیاری تورک (ئەلیف شەفەق)ى کردۆتە کوردى، ئەم نووسەرە خاوەن ناوێکى دیارە لە ئەدەبی تورکیدا و لە ئێستادا بەوەرەو جیهانیبوون دەڕوات، دەربارەى ئەم وەرگێڕانە چۆمانى تایبەت بە ماڵپەڕى ژیان وتى: بۆ من وەرگێڕان بەر لەوەی ژمارەی کتێبەکان بێت ئاستی دەقەکەیە، بەر لەوەی ناوبانگی نووسەرەکەی بێت، پاراستنی ئەمانەتی وەرگێڕان و بەرپرسیارێتیمە بەرانبەر ئەدەبی کوردی و کتێبخانەکەمان، لەپاڵ نووسینی چیرۆک و ڕۆمانەکانی خۆم هەر کارێکی وەرگێڕانم کردبێت ویستوومە ئەمەکداریم بۆ زمانی کوردی پێوە دیار بێت .

تایبەت لەسەر ڕۆمانەکە ئەو وەرگێڕە وتى: "سێ کچەکەی حەوا" ڕۆمانی خانمە نووسەری جیهانی بەڕەگەز تورک بۆ من لەو دەقانە بوو هەر کە دوای دەرچوونی خوێندمەوە و گوتم دەبێ ئەم ڕۆمانە بکرێتە کوردی. دڵنیام لە چەندین گۆشە نیگاوە لێی بروانین ئەم گرنگییەی درک دەکەین. ئەم ڕۆمانە خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی گرنگە، کە دەتوانین لە ڕێی کاراکتەرەکانی پەری و مونا و شیرین ماکەکانی خۆمانی تێدا بدۆزینەوە.  هەریەکەمان لەنێو دراوەکانی سەردەم و گۆڕانکاری ڕیشەیی ژیان و کرانەوەمان بەڕووی کولتوور و دنیای تردا پڕین لە گومان و ڕاڕایی، لە ئیمان و چەقبەستوویی، بەردەوام لەنێوان ئیمان و بێ ئیمانیدا لە جۆلانێداین. ئەم ڕۆمانە توێژی زۆر لەسەر نەستی هەریەکەمان هەڵدەداتەوە. دەتوانین جوانتر خۆمان ببینین.

 دیارە ئەلیف شەفەق ناوێکی ناشنا نییە بە خوێنەری کورد، پێشتر چەندین شاکاری ئەو خانمە نووسەرە کراونەتە کوردی. ئەوەشى جێگەى سەرنجە ئەم خانمە نووسەرە هەمیشە داواى ماف و ئازادى بۆ کەمە نەتەوەکانى تورکیا دەکات و لە ناویشیاندا نەتەوەى کورد. کورتەى ئەم ڕۆمانەشى بەم جۆرەى خوارەوەیە :

سێ کچ لە سێ کولتووری جیاواز، یەکێکیان کچێکی باڵاپۆشی عەرەبی میسری دانیشتووی ئەمەریکا:مونا، ئەوەی تر کۆچکردووێکی ئێرانی پڕ لە سەرکێشی و بیر و ڕەفتار ئازاد: شیرین لەگەڵ کچێکی گومانباری تورک: پەری. وێستگەی بەیەککەیشتن و بوونە "دەستەخوشکی یەکتری زانکۆی ئۆکسفۆڕدە لە بەریتانیا. لەوێدا دەکەونە نێو بەرداشی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و خێزانییەی لێیەوە هاتوون لەگەڵ ئەو ژینگە کراوەیەی خوێندن لە ئۆکسفۆڕد و کێشمەکێشمی نێو وانەکانی فەیلەسووف ئازوور .

بۆ من ڕۆمان مەیدانی سازکردن کێشمەکێشمی فیکرییە نەک گێڕانەوەی حەکایەت، بۆیەشە ئەم ڕۆمانە دەشێ خوێنەرێکی سادە ماندوو بکات، بەڵام ئەهلی ئەدەب و فکر دەتوانن ئاسانتر بە قوڵاییدا بچن و دەستیان بە گەوهەرەکانی ناوی ڕابگات .

بۆ وەرگێڕ، وەرگێرانی ڕۆمانێکی ئەلیف شەفەق لە زمانی دایکییەوە ئاسان نییە، ئەلیف شەفەق رۆمانەکانی هاوکات بە تورکی و ئینگلیزی دەنووسێت. زمانی نووسینی شەفەق زمانێکی پڕ ڕەوانبێژی و دەوڵەمەندە. یاریکردن بە وشە و وێناسازی لەپەڕیەتی، من نەمویستووە لە وەرگێراندا ئەو تایبەتمەندیانەی ئەلیف بەهۆی وەرگێرانەوە ون بکە.