سۆرانی  |  بادینی  |  English      

كتێبێكی دیكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەكرێتە سۆرانی

  2020-08-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەو كاتەوەی دەستگیركراوە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا دوو كتێبی چیرۆكی نوسیووە و لە ئێستاشدا رۆمانێكی نوێی كراوەتە شێوەزاری سۆرانی كە بڕیارە بەمزوانە بڵاوبكرێتەوە.


فەرهاد چۆمانی، وەرگێڕی رۆمانەكەی دەمیرتاش بە  (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند "ئەم هەفتەیە (لەیلان) كە یەكەم ڕۆمانی دەمیرتاشە لە شارەكانی باشوری كوردستان دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەرانی".

چۆمانی وتیشی  ناوەڕۆكی رۆمانەكە "چەند پرسێكی گرنگ لەخۆ دەگرێت، وەك كارەكانی تری بەڕێز دەمیرتاش بێگومان پرسی كورد و چەوسانەوەی كورد و تواندنەوەی تاكی كورد، ئینكاریكردنی ئاخاوتن و ناونان بە زمانی كوردی و خوێندنی منداڵانی كورد بە زمانی دایكیان لە پرسە سەرەكییەكانی ئەم ڕۆمانەیە كە گەنگەشەی دەكات."

ئەو لەباەری چیرۆكی ناو رۆمانەكە باس لەوە دەكات لەو كتێبەدا بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی عەشقێكی خاكەڕا و سادەی گەنجێكی دڵپاك ئاشنا دەبین، كە هەلومەرجی ژیانی ڕێگەی نەداوە عەشقەكەی ناخی ببێتە پەیوەندی و بۆیە وەك خۆی دەڵێ عەشقی ئەفلاتوونی عاشقی سەراب (لەیلان) دەبێت."

وەرگێرەكە ئەوەشی راگەیاند "لە توركیا دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەكە چەندین وتار و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە نووسران. من وەك وەرگێڕی ڕۆمانەكە ناخوازم پەسنی كارەكەی دەمیرتاش بدەم یان ڕەخنەی لێ بگرم، هیواخوازم ڕەخنەگر و لێكۆڵەرانی ئەدەبی كوردی بە وردی و ڕژدییەوە شیتاڵی ئەم ڕۆمانە بكەن. میتۆد و خوێندنەوەیەكی زانستیانە چۆن دەخوازێ وەها دەقە هەڵبەسەنگێنن بە دوور لە عەتف و هاوسۆزی".