وەلید عومەر سێ بەرهەم لە بوارى دەروونناسیدا وەردەگێڕێت

  2020-08-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان


وەلید عومەر نووسەر و وەرگێڕێکى کوردە کە ماوەى چەند ساڵێکە نووسین و وەرگێڕانەکانى مایەى سەرنجى خوێنەرانن، ئەو زۆرترین کارەکانى لە بواری فیکر و فەلسەفەدایە، هاوکات لە بوارى دەرونناسیدا زیاتر بایەخ بە وەرگێڕان دەدات و مەبەستێتى کاری بەرچاو بکات، لە ماوەى پێشوودا وەلید سێ کتێبی لەلایەن ناوەندى ڕەهەندەوە بۆ چاپکرا، ئەوانیش بریتین لە (خودئەڤینى، دەروون شیکارى بۆ؟ هێڵە گشتییەکانى دەروونشیکاری) ئێمەش وەک تۆڕى هەواڵى ژیان بۆ مان گرنگ بوو لە چەند پرسیارێکدا بە کورتى دەربارەى ئەم کارانە و پڕۆژەى ئەو کارى وەرگێڕاندا بیدوێنین.

ژیان: ئامانجى تۆ لە وەرگێرانى ئەم بەرهەمانە چییە؟ بەتایبەت کە دەبینین زۆرینەى ئەو بەرهەمانەى وەرگێڕاون لە بوارى دەرونناسیدان.

وەلید: ڕاستییەکەى من ئەو لقیەى دەروونناسییم پێ گرنگە کە پێى دەوترێت دەروونشیکارى. ئەو دەروونشیکارییەشم پێ گرنگە کە ئاسان دەلکێت بە بیرکردنەوەى فەلسەفییەوە. دەروونشیکارى و فەلسەفە یەکێک نین بەس کۆمەکى زۆرى یەکیش دەکەن. فرۆید و لاکان خۆیان جۆرێک لە غرووریان تیا بوو کە ئاسان دەسکەوتەکانیان تەسلیکى فەلسەفە نەکەنو بەڵام فەلسەفە زوو دەروونشیکاریى کردە مایەى دەوڵەمەندبوونى خۆى.

ژیان: پێت وایە ناوەندەکانى زانکۆ و پەیماگاکاندا وەک پێویست دەتوانن کەڵک لەم بەرهەمانەوە وەربگرن؟ چونکە بۆخۆت دەزانى ئامادەیی ئەم بەرهەمانە لە بوارەکانى ئەدەب و هونەر و زانستدا ڕووبەرێکى بەرفراوانى هەیە.

وەلید: بێگومان ئەم بەرهەمانە بۆ کایە و کێڵگە جیاجیاکان بەسودن و تیۆر شتێک نیە لە کایەیەکدا قەتیسبکرێت. دەبێت بوارە جیاجیاکان ئاوڕ لە تیۆر بدەنەوە و تیۆر دوایین زمانى چڕ بیرى پێ بکەینەوە.

ژیان: بەرنامەت هەیە لە داهاتوودا بەردەوامى بدەیت بە کارى وەرگێڕان لەم بوارەدا؟ چونکە وەک دەبینین کتێبخانەى ئێمە بەشێکى زۆرى بەتاڵە لەو بوارە.

وەلید:  بەڵێ ئەمە زنجیرەیەکە و لەپاڵ کارەکانى ترمدا بەردەوام دەبن. دەروونشیکارى ئارەزوویەکى دێرینى مەعریفییمە و دەمەوێت شتێک ئیشى تیا بکەم.

ژیان: وەک دەزانین تۆ بۆ خۆشت نووسەریت و خاوەنى کۆمەڵێک نووسینیت لە بواری فیکر و فەلسەفەدا، ئایا وەرگێڕان لەلاى تۆ پڕۆژەیە؟ یاخود خەمێکە بۆ بوونى ئەو بۆشاییە زۆرەى لە کتێبخانەى کوردیدا هەیە؟

وەلید: ئێمەى خۆرهەڵاتى بەبێ وەرگێڕان ناتوانین بیرکەینەوە. هەرکەس بیەوێت وابکات تووشى غەریزەبێژى و قسەى نێو گیرفان دەبێت. شتێک هەیە ناوى مێژووى بیرکردنەوەى مرۆڤە و دەتوانین لەڕێگەى وەرگێڕانەوە پەیوەندیى لەگەڵدا درووستکەین. نوسین بۆ ئێمە بیرکردنەوەیە لە سێبەرى ئەو مێژووەدا. دەبێت تیۆرەکان لە واقیع نزیککەینەوە و نمونەیان بۆ بدۆزینەوە. لێرەوە وەرگێڕان هەم خەمە و هەم زەروورەتیش.


ڕیکلام