ئەگەر پەلە لە دادگاییكردنی )زەكەریا موسەوی(دا بكرایە 11ی سێپتێمبەر ڕووینەدەدا

  2020-08-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
*لوقمان غه‌فوور

بڕیارمدا كتێبێكی "دادگاییكردنی شه‌یتان" بخوێنمه‌وه‌، كه‌ باسی به‌ناوبانگترین ئه‌و پێنج دادگاییكردنه‌ ده‌كات كه‌ له‌مێژووی ئه‌مه‌ریكا روویانداوه‌، دواهه‌مینیان دادگایكردنی (زه‌كه‌ریا موسه‌وی)یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌تاوانبارانی رووداوی 11ی سێپتێمبه‌ر. من وه‌ك هه‌ردوو نوسه‌ری كتێبه‌كه‌ (فیلیب مارگولیس و ماكسین رۆساله‌ر) تێكڕای ناوه‌خنی كتێبه‌كه‌ باس ناكه‌م، ته‌نیا چیرۆكی دادگایكردنه‌كه‌ی (زه‌كه‌ریا موسه‌وی) نه‌بێت، كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ گومانلێكراوه‌كانی ته‌قینه‌وه‌كانی یانزه‌ی سێپتێمبه‌ر له‌ (نیویۆرك، پنسله‌ڤانیا و واشنگتۆن) ڕوویاندا، هۆكاری سه‌رنجدانیشم بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ویستویه‌تی خوێندنی ئه‌كادیمیای فرۆكه‌وانی له‌ ویلایه‌تی مینیسوتا ته‌واو بكات.

زه‌كه‌ریا مانگی ئابی 2001 گه‌یشته‌ ‌ویلایه‌تی مینیسوتا

ساڵی 2001 له‌ شاری ئیگن له‌ویلایه‌تی مینیسۆتا، ئه‌كادیمی نێوده‌وڵه‌تی (پان-ئام) بۆ فێربوونی فڕۆكه‌وانی، ئیمه‌یلێكیان له‌لایه‌ن قوتابیه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ پێگه‌یشت كه‌ ده‌یه‌وێت كۆرسێك بۆ فێربوونی لێخورینی فرۆكه‌ وه‌رگرێت، ئه‌و قوتابیه‌ ناوی (زه‌كه‌ریا موسه‌وی) بوو، ئه‌كادیمیاكه‌ قبوڵیان كرد و زه‌كه‌ریا له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی 2001 گه‌یشته‌ شاری (ئیگن) له‌ویلایه‌تی (مینیسوت)، ئه‌م قوتابیه‌ سه‌رنجی زۆر له‌ كارمه‌نده‌كانی ئه‌كادیمیاكه‌ی بۆ لای خۆی راكێشا، چونكه‌ هه‌شت هه‌زار و سێ سه‌د دۆلاری دا به‌خوێندنی فرۆكه‌وانی، له‌هه‌مانكاتدا خۆی وه‌ك راوێژكاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئیش و كار ناساندبوو، به‌ڵام قورس بوو كه‌ باوه‌ڕی پێبكه‌ن، چونكه‌ هیچ حیسابێكی بانكی و كارتی بانكی و كرێدیت كارد(credit card) ی نه‌بووه‌، هه‌میشه‌ جلوبه‌رگی گونجاویشی نه‌ده‌پۆشی، ته‌نها به‌ كابۆیه‌ك و تیشێرتێك و كڵاوێكی به‌یسبۆڵ و كاله‌وه‌ ده‌چوو بۆ خوێندن، موسه‌وی له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ دیارنه‌بوو كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر بۆ خوێندن سه‌رف بكات.

ئه‌ندامێكی FBI گومانی هه‌بوو

ئه‌ندامه‌كانی ئه‌كادیمیاكه‌ پاش دوو هه‌فته‌ له‌خوێندن، كه‌ رۆژانه‌ زۆرترین كریدتی(وانه‌ی) وه‌رده‌گرت، گومانیان په‌یداكرد، له‌ئه‌نجامدا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ FBIیه‌وه‌ كرد، FBIبه‌ زووترین كات لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد، دۆزییانه‌وه‌ كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسی هه‌یه‌ و له‌و ماوه‌ی خۆی رێگه‌ی زیاتری پێ دراوه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ 16ی ئاب 2001 ده‌ستگیركرا، جگه‌ له‌و تۆمه‌ته‌ی كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاوه‌ كه‌ به‌نایاسایی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ئه‌مریكا، ئه‌ندامێكی FBI گومانی هه‌بوو كه‌ موسه‌وی تیرۆریستیش بێت، بۆیه‌ داوای كرد له‌شوێنی مانه‌وه‌یدا كه‌لوپه‌له‌كانی موسه‌وی بپشكنرێت، به‌ڵام داواكه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی (ئێف بی ئای)ه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و رێگه‌ی پێ نه‌دراوه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ ده‌ستكاری ئازادی تاكه‌كه‌سی ده‌كرێت.

له‌ یانزه‌ی سێپتێمبه‌ری 2001، نۆزده‌ پیاوی عه‌ره‌ب كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ له‌ئاسمانی ئه‌مریكادا ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر چوار فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكیدا، سێ فڕۆكه‌یان یه‌كی پێنج پیاوی عه‌ره‌بی تێدا بوو، ته‌نها یه‌ك فڕۆكه‌یان چوار پیاوی عه‌ره‌بی تیابوو كه‌ ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر فڕۆكه‌كاندا، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌گه‌ر موسه‌وی ده‌ستگیر نه‌كرایه‌، ئه‌وا ئه‌بوو به‌بیسته‌م تیرۆریست و دادگا ئه‌وه‌شی بۆ سه‌لمێنرا كه‌ ئه‌گه‌ر دادگاییكردنی موسه‌وی خێراتربوایه‌ ئه‌وا 19 تیرۆرسته‌كه‌ی تر ئاشكرا ده‌بوون و 11ی سێپتێمبه‌ر رووی نه‌ده‌دا، چونكه‌ ماوه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی موسه‌وی و 11ی سێپتێمبه‌ر ته‌نیا 25 رۆژ بووه‌. ده‌رئه‌نجامه‌كانی دادگاش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر هه‌بوو له‌نێوان (زه‌كه‌ریا موسه‌وی) و تیرۆریسته‌كاندا، (موسه‌وی)ش وه‌ك تیرۆریسته‌كان، موسڵمانێكی توندڕه‌و بوو، هه‌روه‌ك موسه‌وی، شه‌ش له‌ تیرۆریسته‌كانی دیكه‌ش له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵی(2000 و 2001) دا كۆرسی خێرای فێربوونی فڕۆكه‌وانیان له‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌رگرتووه‌، موسه‌وی وه‌ك یه‌كێكی تر له‌ تیرۆریسته‌كان ساڵی 1988 به‌شداری له‌ كامپی راهێنانی ئه‌لقاعیده‌دا كردووه‌ له‌ ئه‌فغانستان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر جیاوازی له‌ نێوان موسه‌وی و تیرۆریسته‌كاندا هه‌بووه‌، بۆ نموونه‌ تیرۆریسته‌كان زۆربه‌یان به‌راسته‌وخۆیی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بووه‌، زۆربه‌یان فێربوون كه‌ چۆن فڕۆكه‌ به‌كاربهێنن ساڵێك یان زیاتر پێش رووداوه‌كه‌، به‌ڵام موسه‌وی فێرنه‌بووبوو، به‌ڵام هه‌وڵیدا زوو فێربێت، تیرۆریسته‌كان تێكه‌ڵی ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكی بوون، به‌ڵام موسه‌وی ئه‌مه‌ی لا بێبایه‌خ بوو، هه‌وڵیشی نه‌ده‌دا كه‌ خوێ بنووێنێت، هه‌میشه‌ وه‌ك پیاوێكی سه‌یر ناسرابوو، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، به‌ تاوانی كۆچبه‌ری نایاسایی ده‌ستگیركرا.

موسه‌وی پارێزه‌ره‌كانی ده‌ركرد

موسه‌وی له‌هه‌موو جیهاندا به‌ بیسته‌م تیرۆریست ناسرا، چونكه‌ ده‌ستگیركرا و نه‌یتوانی له‌ هێرشه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر به‌شداری بكات، كاتێك 11ی سێبتێمبه‌ریش روویدا له‌ ئه‌نجامدا دادگای فیدراڵی له‌ (ڤیرجینیا) بڕیاری دادگاییكردنی بۆ موسه‌وی ده‌ركرد، هه‌رچه‌نده‌ موسه‌وی هیچ پاره‌یه‌كی نه‌بوو تا بیدات به‌پارێزه‌ر بۆ به‌رگری لێكردنی، به‌ڵام دادگا پاره‌ی سێ پارێزه‌ری بۆدا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری لێبكه‌ن.

موسه‌وی نه‌یئه‌توانی له‌وه‌ تێبگات كه‌ چۆن ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ هیچ بڕوایه‌كیان وه‌ك ئه‌و نییه‌ و له‌وانه‌شه‌ رقیشیان لێی بێت، به‌ڵام هه‌موو شتێك ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی رزگار بكه‌ن، به‌ڵام موسه‌وی پارێزه‌ره‌كانی ده‌ركرد و داوای كرد كه‌ خۆی پارێزه‌ری خۆی بێت و دادگا رازی بوو به‌ مه‌رجێك شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌ یاسا و دادگا به‌گشتیدا هه‌بێت.

له‌ئه‌نجامدا موسه‌وی بۆ ماوه‌یه‌ك خۆی پارێزه‌ری خۆی بوو هه‌ندێك ده‌ڵێن له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ دانی به‌وه‌دا نه‌نا كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام دانی به‌وه‌دا نا كه‌ په‌یوه‌ندی به‌رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌وه‌ هه‌یه‌و ویستوویه‌تی به‌زووترین كات فێری فڕۆكه‌وانی ببێت وه‌ك چه‌كێك بۆ وێرانكردن و بۆ ئازادكردنی (شێخ عومه‌ر عه‌بدولره‌حمان) به‌كاربهێنێت، كه‌ پیاوێكی موسڵمانی كوێربوو، له‌ساڵی 1993 به‌ تاوانی هه‌وڵدان بۆ ته‌قانده‌وه‌ی پردی نیویۆرك ده‌ستگیركرا بوو. به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن له‌ په‌راوه‌ 100 لاپه‌ڕه‌یه‌كه‌یدا دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ به‌ڵێ ئه‌م 20م كه‌س بووه‌ و فریا نه‌كه‌وتووه‌ بگاته‌ هاوڕێكانی.

په‌ڕاوی دادگایكردنه‌ 100 لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌ی زۆر نهێنی تیرۆر و رێكخراوی قاعیده‌ی ئاشكرا كرد، به‌ڵام فریای ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌كه‌وت كه‌ 11ی سێپتێمبه‌ر روونه‌دات، دادگاییكردنی زه‌كه‌ریا موسه‌وی چوار ساڵ و نیوی خایاند، له‌كۆتاییدا به‌ زیندانی تا مردن دادگایی كرا. 

له‌دادگاییكردنی زه‌كه‌ریا موسه‌ویدا

هه‌ر پێنج دادگایكردنه‌كه‌ گرنگه‌كه‌ی مێژووی ئه‌مریكا كه‌ له‌م كتێبه‌ 172 لاپه‌ڕه‌ییه‌دا باسكراوه‌ و یه‌كه‌م دادگایكردنی مێژوویی كه‌ باسكراوه‌ بریتییه‌ له‌ دادگایی كردنی جادوگه‌رانی گوندی سالێم ساڵی 1692، له‌دوای ئه‌م دادگایكردنه‌ مێژوویه‌وه‌ دادگا له‌ئه‌مریكا پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌م چیرۆكه‌ باس له‌دادگایی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ گومانیان لێكراوه‌ جادوگه‌ربن و هیچ پارێزه‌ریشیان نه‌بووه‌ به‌رگرییان لێ بكات و هه‌ر كه‌سێكیش به‌رگری لێكردنایه‌ به‌ جادوگه‌ر هه‌ژمارده‌كرا.

دوو سه‌ده‌ دوای ئه‌وه‌ یه‌كێكی تر له‌دادگاییه‌ مێژوویه‌كانی ئه‌مریكا دادگاییكردنی ئاناركییه‌كان (فه‌وزه‌وییه‌كان)بوو، چیرۆكی سێیه‌میش له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دادگایكردنی "جۆن تۆماس سكۆبز" بووه‌ له‌سه‌ر زانستی په‌ره‌سه‌ندن بووه‌، كه‌ له‌و كاته‌دا باشترین پارێزه‌ری له‌ هه‌موو ئه‌مه‌ریكادا هه‌بووه‌، چواره‌م دادگایكردنی مێژووی له‌ئه‌مریكا دادگایی "ئالگه‌ر هیس" بووه‌ له‌ساڵی 1949 به‌تۆمه‌تی بوون به‌كۆمۆنیست و جاسوسیكردن بۆ روسیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دادگایه‌كی دادوه‌رانه‌ی هه‌بوو، دواهه‌مین دادگاییكردنی مێژوویی تا ئێستا له‌ئه‌مریكا دادگاییكردنی (زه‌كه‌ریا موسه‌وی)یه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ دادوه‌رانه‌ بوو، بۆ یه‌كێك له‌گومانلێكراوه‌كانی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مێژوویی 11ی سێپتێمبه‌ر.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر كه‌س هه‌ن له‌ئه‌مریكا، سزادانی تاوانبار به‌ كوشتن به‌ دادگایه‌كی دادوه‌رانه‌ داده‌نێن، به‌تایبه‌تی له‌دادگاییكردنی (زه‌كه‌ریا موسه‌وی)دا، به‌ڵام سیمبولی ئه‌مریكا بۆ دادوه‌ری كه‌ بریتیه‌ له‌ ژنێك چاوی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و ته‌رازوویه‌كی یه‌كسانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، پێمانده‌ڵێت و بیری هه‌موو ئه‌مریكییه‌ك ده‌خاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو تاوانبارێك شایه‌نی دادگایه‌كی دادوه‌رانه‌یه‌ به‌ بێگوێدانه‌ جۆری تاوان و ره‌گه‌زه‌كه‌ی.


*نووسەر و وەرگێڕ