سەرۆکی رووسیا لەبارەی ڤاكسینی كۆرۆنا روونكردنەوە دەدات

  2020-08-28  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی روسیا رەتیكردەوە ئەو ڤاكسینەی كە وڵاتەكەی دژی كۆرۆنا بڕیاری بەكارهێنانیدا، ناچالاك بێت و دانی پێدانەنرابێت و دەڵێت ڤاكسینێكی هەمیشەییە دژی كۆرۆنا.


ڤلادمێر پوتین، سەرۆكی روسیا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی روسیا 24 ی وڵاتەكەی دڵنیاییدا  لەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا رەزامەندی حكومەتی وڵاتەكەی بەدەستهێناوە بەجۆرێك كە لەگەڵ یاساكانی روسیادا یەكبگرێتەوە و لەگەڵ تاقیكردنەوە نێودەوڵەتییەكانیشدا بگونجێت.

ئەو وتیشی"ئەوە زۆر روونە بۆ زاناكانمان كە ئەم ڤاكسینەی دروستمانكردووە سەلامەتە و تەنانەت بەرگری هەمیشەییش دەبەخشێتە كەسەكان" ئەوەش لە كاتێكدایە، زۆرێك لە زانایانی جیهان نیگەرانن لەبارەی ئەو تاقیكردنەوە خێرایەی روسیا و رێگریكردنی وڵاتەكە لە بڵاوبوونەوەی هەر زانیارییەك كە چالاكی و كاریگەری ڤاكسینەكە لەسەر توشبوو دەربخات.

لەماوەی رابردوودا، كۆمپانیای كانسینۆ بایۆلۆجی چینی، زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی و كۆمپانیای ئەسترازینكا لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنادا بوون، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەوڵانە، زانایانی روسیا هیچ زانیارییەكیان لەسەر تاقیكردنەوەی پێشوەختەی ڤاكسینەكە لەسەر ئاژەڵان یاخود توێژینەوەی مرۆیی پێشوەختە بڵاونەكردەوە و دواتر بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەی راگەیاند. 

پێشتر لە رۆژی تۆماركردنی ڤاكسینەكەدا، میدیاكانی روسیا بڵاویانكردەوە، كچێكی ڤلادمێر پوتین ڤاكسینەكەی لە خۆی داوە و دەركەوتووە، كە دژەتەن لە جەستەیدا دروستبووە و هیچ كێشەیەكی تەندروستی بۆ دروست نەبووە.


ڕیکلام