خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی 'پاش تاریکی'ی هاروکی مۆراکامی

  2020-08-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ستیڤن پۆل
لە ئینگلیزییەوە: ھەڵۆ فەریق

پێویستە جارێکی دیکە چاو بە جادووی شەودا بخشێنینەوە. بۆیە لە چاوێکی شەوگەڕی کافێیەکی بیست و چوار کاتژمێریی ناو تۆکیۆ و ھۆتێلێکی سەرگەرمییەوە ، مۆراکامی چیرۆکێکی سەیر و پڕ لە سەرکەشیمان بۆ دەگێڕێتەوە. وەک جارێک خاوەنی باڕەکە لە شوێنێکدا دەڵێت، "کات بە شیوازە تایبەتییەکەی خۆی دەڕوات لە نیوە شەودا. تۆ ھیچت پێناکرێت لەگەڵی دا."

چەند خولەکێک بەر لە دوازدەی شەو، کچێکی لاو دەبینین بە ناوی ماری، لە قاوەخانەیەک جگەرە دەکێشێت و کتێب دەخوێنێتەوە. بەر لە بەرەبەیان چاوی بە ترۆمبۆن ژەنێک دەکەوێت بە ناوی تاکاھاشی، چاوی بە خاوەن ھۆتێلێک دەکەوێت بە ناوی کوارو، کە ژنێکی پتەوی قژ زەردە. لە ھۆتێلەکەدا سۆزانییەکی چینی ھەیە کە لەلایەن پیاوێکی سەیرەوە لێی دراوە. لەم کاتەدا خوشکەکەی ماری کە ناوی ئیری ئاسایە، بۆ دوو مانگ دەبێت خەوتووە و شتێکی زۆر سەیر لە ژوورەکەیدا ڕوودەدات. تەلەفیزیۆنی ژوورەکەی کە لە کارەباکەوە دەرھاتووە، ھەڵدەبێت و وێنەی پیاوێک پیشاندەدات کە ماسکێکی تەنکی نایلۆنی لە ڕووخساردایە. پاشان ئیری بە ناو شاشەکەدا بە خەوتوویی دزە دەکاتە ژووری پیاوەکەوە و تێیدا گیر دەخوات.

وەک لە ھەموو کارەکانی مۆراکامیدا پێی ئاشناین، شتە سەیر و ئەفسووناوییەکان تێکەڵی شتە ئاسایی و جوانەکان دەبن: ماری کە کچێکی جدییە و سەنتەری ڕۆمانەکەیە، باسی کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەڕ و سینەما و خوشکە جوانە نوستووەکەی دەکات کە کاری مۆدێل دەکات. ئەو پیاوەش کە لە سۆزانییەکەی داوە، لە لایەکی دیکەوە، بەو شەوە درەنگە لە ئۆفیسەکەیدایە و سەرقاڵی کارە و قسە لەگەڵ ژنەکەی دەکات و مەشقی یۆگاش دەکات و گوێ لە سکارلاتیش دەگرێت .

دوو کاراکتەر دوو جار لەبەردەم ئاوێنەدا وەستاون و سەیری خۆیان دەکەن، کاتێک بەردەم ئاوێنەکان جێدێڵن، ھێشتا ئاوێنەکان ھەر ئەوان پیشان دەدەن. بەڵام دووەم جار، کەسی ناو ئاوێنەکە شتێک دەکات کە کەسە ڕاستەقینەکە نەیکردووە. بێجگە لە ئاوێنە، پێدەچێت لە پشتی شاشەی تەلەفیزۆنەکەشەوە جیھانێکی دیکە ھەبێت.

کۆرۆگی یەکێکە لە بەڕێوەبەرەکانی ھۆتێلەکە، لە کاتێکدا باسی کێشەکانی ژیانی خۆی دەکات، دەڵێت، "ئەو زەوییەی لەسەری وەستاوین زۆر تۆکمە دیارە، بەڵام ھەر کە شتێکی خراپ ھاتە پێش، لە ژێر قاچتەوە کون دەبێت و نوقمت دەکات. ھەر کە ئەوەش ڕوویدا: شتەکان ھەرگیز وەک خۆیان لێنایەتەوە. تەنھا شت کە لە دەستت بێ ئەوەیە بە تەنیا لەو چاڵە تاریکەدا بژیت." لە نوسینەکانی پێشووی مۆراکامییەوە ئەوە دەزانین کە خەڵکی ڕەنگە جارجار بکەونە ناو چاڵ و کونەوە. بەڵام چاڵ ئەگەر لە زەویدا بێت، دەبێت فیزیکی بێت. ئەو شوێنانە دەرچەیەکی نھێنی دەکەنەوە بۆ ناو تاریکی لە نێوان نیوەشەو و بەرەبەیاندا. کەس نازانێت ئەو چاڵە ڕەش و تاریکانە کەی خەڵک قوت دەدەن و کەسیش ناشزانێت کەی خەڵکی فڕێدەدەنەوە دەرەوە.

ستایلی ئەم ڕۆمانە، چەندین ڕووداو و جەبری ھاوشێوە لە خۆ دەگرێت. کاتێک ئیری لە ناو شاشەی تەلەفیزۆنەکەدا گیردەخوات، بەم جۆرە باسی دەکات، " گلێنەی چاوی لەسەر تاکە ڕەنگێک نیشتۆتەوە، وەک وێنەدانەوەی ھەورێکی چڵکنی ناو دەریاچەیەک." لەگەڵ جوانیی زمانەکەیدا، ترسێکیشی تێدا بەدی دەکرێت. لەکاتی باسکردنی ژووری نوستنەکەیدا، زمانی شعیری بەسەر زمانی گێڕەرەوەکەدا زاڵە.

ڕاستتر وایە نەڵێین گێڕەرەوە، بەڵکو دەبێت بڵێێن 'گێڕەرەوەکان'. چونکە لەم ڕۆمانەدا گێڕانەوە لە زاری کەسی یەکەمی کۆوەیە. لە ھەموو شوێنێکدا وشەی 'ئێمە' بەکارھاتووە و داوا لە خوێنەر دەکات لە ھەمان گۆشە نیگای ئەوانەوە سەیری دیمەنی ڕووداوەکان بکەین. بەڵام ھەندێک جار ڕووداوەکان زۆر سەیرتر دەبن و گێڕەرەوەکان داوامان لێدەکەن لە چاوی کامێرایەکەوە، یاخود شاشەی تەلەفیزۆنێکەوە، یان چاوی باڵندەیەکی شەوگەڕەوە ببینین. بەڵام ھەندێک جار ھەموو ئەم چاوانەش، یاسا و برنسیپی تایبەت بە خۆیان ھەیە. زۆر گومان دەکەین کە گێڕەرەوەکان تەنانەت مرۆڤیش بن.

سەرچاوە: زە گاردیان
https://www.theguardian.com/books/٢٠٠٧/jun/٠٩/fiction.harukimurakami
تێبینی: ئەم ڕۆمانە لەلایەن 'ھەڵۆ فەریق'ەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی و لە سەرەتای ساڵی نوێدا، چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.


ڕیکلام