ڕاستی و داهێندراو لە فیگورەکانی ناو ئەدەب و سینەما

  2020-08-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەیان سەلمان

زۆرجار فیگورێکی ناو دنیای ڕاستی، لە دەقێکی ئەدەبی خەیاڵیدا، یاخود لە سینەمادا دەردەکەوێت. ئەو دەرکەوتنە تاڕادەیەک سەر لە خوێنەری کتێبەکە و بینەری فیلمەکە تێک دەدات؛ دەیخاتە بەرامبەر پرسیاری ئەوەی: ئایا ئەو فیگورەی لێرەدا ھاتووە دۆخی ڕاستی دەنوێنێت یان نا؟ چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە؟

بەرجەستەکردنی کەسێک لە ناو دەقێکی خەیاڵی، کەسێکی داھێندراوە و لەناو دەقێکی داھێندراودا جێگیر کراوە. لە زمانی فەرەنسیدا باس لە کارئاکتەر ناکرێت، بەڵکو لە کەسایەتی. بەو جۆرە، کەسایەتی ناو دەقی خەیاڵی، زۆر جار دەکرێت مرۆڤ بێت، لە دۆخی تایبەت بەخودی دەقەکەش، دەکرێ ئاژەڵ و باڵندە بێت، وەک چۆن لە فەرھەنگی میللی کاریان پێ کراوە، یان ئەوەتا ھەموو گیانلەبەرێکی تر بێت؛ دەکرێ یەکەیەکی ئیلاھی بێت، وەکو خوداوەند و نیوچەخوداوەند لە ئەفسانە و داستانەکان، یاخود لە سەردەمی ھاوچەرخدا کەسایەتیەکی سەر ئەستێرەکانی تر بێت، تەنانەت ڕۆبۆت و ڤایرۆس و ھەموو جۆرە گیانلەبەر و ئامرازێکی تر کە گیانەبەریش نین.

لە سەردەمی دێرینی گرێک، کەسایەتی بە پاڵەوان ناسراوە، تێکەڵەیەک بووە لە مرۆڤ و خوداوەند. لەبنەڕەتیشدا کەسایەتی وەک کارئاکتەرێک لە شانۆوە سەری ھەلداوە. بەگشتیی لە شانۆی ڕۆمانی و بە تایبەتی لە شانۆی میللیەوە، (کۆمێدیا دیل ئارتە) [komˈmɛːdja delˈlarte] کە لە سەدەی شانزەم (XVI) گەشەی کرد و ئەکتەرەکان دەمامکیان تێیدا بەکار دەھێنا بۆ نوێنەرایەتیکردنی کەسایەتییەک. زۆرجاریش ڕۆڵەکە پابەند بووە بە ڕەخنەگرتن و گاڵتەجاڕی دژی کەسایتیەکی ناودار و دەسەڵاتدار. لەم خاڵەوە دەپرسین: چ شتێک کەسایەتی ناو دەقی خەیاڵی لە کەسێکی ڕاستی جودا دەکاتەوە؟

بێگومان کەسێکی ڕاستی پێکھاتەی خوێن و گۆشت و ھەست و فیکر و ئەزموونە. کەسایەتی ناو ڕۆمان، داھێنراوە، ئەگەرچی پێیەکی لە راستیشدا بێت. نووسەر دەیکاتە ناو قاڵبێکی تایبەتی و رۆحی پێ دەبەخشێ، بەرگی لەبەر دەکات، ناوی پێ دەدات، ناسنامەی بۆ دروست دەکات، دەیکاتە کارزان یان بێ کار، لە شوێنێک نیشتەجێی دەکات، دەیخاتە ناو کاتێک یان سەردەمێک وژینگەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتی و ڕەوش و پرەنسیپی دەداتە پاڵ کە پابەندە بە ژیان و لێکدانەوە و خستنەڕووی بیرۆکەکانی و ڕووداوەکانی دەوروبەری ئەو؛ ئیدی ڕووداوی ناوچەیی بن، یان جیھانی بن، یاخود ڕووداوی شەخسی کەسێک. ھەندێ جاریش نووسەر بە رەچەڵەکیدا شۆڕدەبێتەوە و ناسنامەیەکی تەواو بە کەسایەتیەکەی دەدات. بەکورتی، کەسێکی راستی تەنھا خۆی بڕیار دەدات و ئەگەر لە توانایدا ھەبێت و بۆی برەخسێت خەونی ڕاستەقینەی خۆی دەھێنێتەدی. لەکاتێکدا نووسەر دەتوانێت خەون بۆ کەسایەتی ناو ڕۆمانێک داھێنێت و دەسەڵاتی تەواویی بداتە دەست، بەڵام ئەمە بۆ کەسێکی راستی ناکرێت.

ھەندێ جار، فیگورێکی دنیای ڕاستەقینە دەپەڕێتە نێو رۆمانێک، یان فیلمێک، ئەی ئەمەیان چۆن مامەڵەی کراوە؟

بۆ نموونە فیگۆری نووسەر (سەلمان روشدی) لە فیلمی ''یاداشتەکانی برجیت جۆنز''

 لە ناو کۆمەڵێک خەڵکی ئەکتەر دەرەکەوێت. لێرەدا سەلمان روشدی بەڕاستی ڕۆڵی خۆی دەبینێت وەک نووسەرێکی بەناوبانگ کە بۆ ئاھەنگێک بانگ‌ھێشت کراوە. ئەگەرچی ھیچ لە ڕاستی ئەوە ناگۆڕێت کە ژیانی (برجیت جۆنز) داھێندراوە و کەسایەتیەکان لە ڕاستیدا بوونیان نییە؛ بەڵام سەلمان روشدی لێرەدا ڕۆڵی خودی خۆی دەبینێت لەناو فیلمێکی خەیاڵی، نەک دوکیومەنتاری، بەو جۆرە بینەر ناسنامەی نووسەر دەناسێتەوە، بەڵام مەوداش وەردەگرێت لە ڕاستی بوونی وەک کەسێکی ناو دنیای ڕاستی، چونکە فیلمەکە خەیاڵیە. 

لە ڕاستیشدا فیگوری ئەستێرەکانی سینەما و میدیاکان لە فێستڤالەکاندا، جۆرە پەڕینێکە لەناو دنیای خەیاڵەوە بۆ ناو واقیع، چونکە لەو ساتەوەخەتەدا ئەگەرچی ڕۆڵی خۆی دەبینێت، بەڵام لەبەردەم شاشەی تەلەڤیزیۆن دووبارە دەبێتەوە کەسایەتییەک. ئەوەش لەوەوە ھاتووە کە ئەستێرەکانی سینەما و میدیا گەورەکان وەدەست ناکەون و نزیکبوونەوە لێیان وەک شکاندنی سنووری خەیاڵە کە تێۆریزانی ئەدەبی (ژێرار ژونێت)  Gérard Genett بە دیاردەی (مێتالیپس) پێناسەی دەکات و لە دەقێکمان بەھەمان ناونیشان (مێتالیپس)  Métalepsقسەمان لەبارەیەوە کردووە.

پەڕینی کەسایەتی ڕاستی بۆ ئەودیوی شاشەی سینەما، ھەمان وەبەرکەوتنمان لەلا دروست دەکات، کاتێک فیگورێکی ناسراو، ڕاستی بێت، یان مێژوویی، یاخود ھاوچەرخ، لەناو ڕووداوگەلێکدا دەھێندرێتەوە مەیدان و قسەی لەسەر دەکرێت. لەوانەیشە ڕۆڵی لە شەڕێکدا دیاری بکرێت، یان لە پێکھاتەی کۆمەڵێک. 
 
لە دەقێکی ڕاستیشدا، چ ژیاننامە بێت، یان ژیاننامەی خود، یان ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن خودنووسینەوە، ڕووداوەکان ڕاستین، واتە ئەوانەی باسیان دەکرێت لەو دەقەدا کەسی ڕاستین و ڕووداوگەلێکن پابەندن و سنووردارکراون بە ڕاستییەوە. ھەربۆیە بە کەسێک و کەسەکان ناویان دەبەین، نەک کەسایەتی. ئەم چەمکە لە زمانی فەرەنسیدا زۆرچاک جیا کراوەتەوە. بۆ کەس (personne) بۆ کەسایەتی (personage). لە رووی پۆلێنکردنی ئەدەبی واقیعی و ئەدەبی خەیاڵی، ئەوەی یەکەم لە بەشی دووھەمی سەدەی نۆزە سەریھەڵدا کە بە ئەدەبی ریالیست پێناسەی دەکرێت. لێرەدا ھەوڵ دراوە لاسایی کەسەکانی ناو دنیای ڕاستی بکرێتەوە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی لە ئاستی لاساییکردنەوە ماوەتەوە، بەڵکو ڕۆماننووس ئەوە تێدەپەڕێنێت و چەند ڕەھەندێک دەخاتە سەر ئەو فیگورەی کاری لەسەر دەکات و زۆربەی کاتیش دەیگۆڕێت و وەک خۆی نایھێڵێتەوە. لە ''کۆمێدیای مرۆیی"یدا، (بەلزاک)  Balzacپەنای بۆ فیگوری کەسانی ڕاستی بردووە لە کێشانەوەی کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکانی. بەلزاک بە ژمارەی زۆری کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکانی ناسراوە. لە وەسفکردنیاندا تاکو قوڵایی ناخیان دەچێت و بەوردیی وەسفی بەرگ و دۆخی ژیانیان و کەسایەتیان و دنیای ئەو سەردەمە دەکات. تەنانەت وەک ھونەرمەند (لیوناردۆ دا ڤینشی) Leonardo Da Vinci ورد و درشتی ئاناتۆمی کەسایەتیەکان دەخاتە بەر تیشکی پێنووسەکەی، ئەوەش، ئەگەر بەچاکیی لێکی بدەینەوە، کارێکی گەلێک قورسە. نووسەری فەرەنسی (فرانسوا مۆریاک) François Mauriac لە کتێبی ''ڕۆماننووس و کەسایەتیەکانی'' لەو قورسییە دەدوێت، تەنانەت وەھاش سەیری دەکات کە ڕۆماننووس بەو کاری نووسینە خودی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە: ''دەبێ دەرھەقی ڕۆماننووس زۆر لێبوردەبین کە ژیانی خۆی دەخاتە بەر مەترسی، چونکە ڕۆمان نووسین ھەرگیز ئاسان نییە(...) ئەو ھەموو ڕۆڵێک دەبینێت، دەگۆڕێ بۆ شەیتان و بۆ فریشتەش(...)، دەبێ دووبارە سەرانسەری یەکێتی دەقەکەی دروست بکاتەوە، ھەروەھا کۆی ھاودژییەکانی ڕێک بخات لە دەوری گاشەبەردێکی نەگۆڕ...''.

لە ڕۆمانێکی (ستانداڵ) Stendhal بە ناونیشانی ''دێری پارم'' La chartreuse                                      de Parme  نووسەر فیگوری (ناپۆلیۆن پۆناپارت)ی وەک فیگورێکی ئازادی و پێشکەوتن و شادمانی میللی لە ناو دەقێکی خەیاڵیدا، بەکار ھێناوە. ئەم ناوھێنانەی ناپۆلیۆن ھیچ لە ناوەڕۆکی ئەو دەقە تێکنادات کە داھێندراوە و ناوی ناپۆلیۆن بە ناوەڕۆکی ڕووداوەکانەوە لکاوە. ھەمان فیگوری ناپۆلیۆن لە ڕۆمانەکانی (بەلزاک) دەبێتە میتێک. بەگشتی، بەکارھێنانی فیگوری ناپۆلیۆن لە ئەدەبی فەرەنسی سەدەی نۆزەدا، نزیکبوونەوەیە لە بەمیتکردنی ئەم فیگورە مێژووییە. نموونەیەکی تر، لە فیگوری مێژوویی (جەلالەدین ڕومی) دەدۆزینەوە لەناو دەقی "چل ڕێساکەی ئیشق''ی (ئیلیف شەفاق). ئەو فیگورەی ڕومی ڕاستییە، مێژووییە، چونکە نووسەر بە پشتبەستن بە ژیاننامەی رومی و بەرھەمەکانی کاری لەسەری کردووە. تیۆریناسی فەرەنسی (ڕۆلان بارت) Roland Barthes ئەم جۆرە ناوە مێژووییانەی بە "تەنھا ڕەنگدانەوەی واقیعن" ناوی بردووە. بەو واتایە، کەسایەتی مێژوویی لەناو دەقی ڕۆمانێک لە سنووری ناوێک دەمێنێتەوە. ئەم یاریکردنە بە فیگوری ڕاستەقینە لەلای بەلزاک دەبێتەوە تێکەڵەیەکی ھاوتەریب لە نێوان ئەو کەسایەتییانەی لە راستیدا بوونیان ھەبووە، لەگەڵ ئەوانەی دایھێناون.

بۆ کۆتایی ئەم خوێندنەوەیە، جوانترین تێز لەبارەی پاڵەوان و کەسایەتی بەگشتیی، لە ''مرۆڤی یاخی'' L’Homme révolté ئەلبێر کامودا Albert Camus وتراوە: ''(...) پاڵەوانەکان ھەمان زمانی ئێمەیان ھەیە، لایەنی لاوازیمان، لایەنی ھێزیشمان. دنیای ئەوان نە جوانترە، نە بونیادگەرتریشە. بەڵام، ئەوان، بەلانی کەمەوە تا کۆتایی بەرەو چارەنووسیان دەڕۆن (...) ئەوان، ئەو کارانە ئەنجام دەدەن کە ئێمە پێمان نەکراوە ئەنجامی بدەین.''. مەبەستی سەرەکیش لێرە ئەوەیە کە کەسایەتی ناو دەقی خەیاڵی بیر لە ئاکامی کردەکانیان ناکەنەوە، بە پێچەوانەوە تاکو ناخی ھەست و سۆز و خەونەکانیان دەچن.  

سەرچوەکان:
- BARTHES. Roland, S/Z, Paris, Le Seuil, ١٩٦٨.
- MAURIAC, François, Le Romancier et ses personnages, Editions R-A. Corrêa, Paris,١٩٣٣. 
- TULARD, Jean, Le mythe de Napoléon, Editions, Armand  Colin, Paris, ١٩٧١.


ڕیکلام