لە ستایشی ئەدەبدا، دیدارێک لەگەڵ شێرزاد حەسەن

  2020-08-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەشی دووەم

سازدانی: شێرزاد حەسەن

*حەزەکەم سەرنجی تۆ بزانم لەسەر وتەیەکی بەختیارعەلی دەڵیت : مرۆڤ، کە شکست دەھێنێت لە زۆر شتی ژیانی خۆیی ئینجا ھەوڵدەدات مومارەسەی نووسین بکات، یان ڕووبکاتە نووسین.  تۆ ھیچ پەیوەندییەکت لەگەڵ شکست و نشوستی ھەیە کە  تایبەت بێت بە نووسین؟.

شێرزاد حەسەن: بێگومان من شکستی خۆمم دەنوسییەوە، بەڵام نەمدەزانی ڕۆژێک دێت کە تۆ دیدارم لەگەڵدا ساز بکەیت. نووسین بۆ من گەمەیەکی پڕ نھێنی بوو وەک دەستپەڕ، چونکە نەمدەویست دایکم و باوکم بزانن، بە تایبەتی کە من دەمەقاڵی و شەڕەکانی ئەوانم تۆمار دەکرد، دەشمزانی ئاسان نەبوو بیزانن کە ھەردووکیان نەخوێندەوار بوون، بەڵام ترسێکم لە دڵدا ھەبوو، یان وەک باری دەروونی ھەستم بە خیانەت و بێڕەوشتی دەکرد، کە نھێنییکانی ماڵی خۆمانم دەنووسییەوە. وتەکەی "بەختیار عەلی" لەوەدا ڕاستە  کە (ئادلەر)ی دەروونناس باس لە  گرێ و گواڵی مرۆڤ دەکات، جا چ جەستەیی بێت و چ دەروونی، کە وا لە مرۆڤ بکات داھێنان بکات، دەکرێت نووسین بۆ خۆی پڕکردنەوەی ئەو کەمبوودی و گرێ دەروونییانە بێت کە ھەمانە، واتا کۆمپلێکستی یان بە عەرەوی "مرکب النقێ". ئەگەر بگەڕێینەوە لای "ئادلەر" وا سەیری کەسێک دەکات کە شکستێکی ھەیە لە باری کۆمەڵایەتی کە مایەی نەنگی بێت، ھەوڵدەدات بە جۆرەھا چالاکی دیکە ئەوە نەنگییە لە خۆیدا دابتەکێنێت، خۆ دەکرێت دیوی ئەرێنی ھەبێت وەک داھێنان یان بە نەرێنی و بەدکاری پڕی بکاتەوە: جا فیزیکی یان سایکۆلۆژی.


*فرۆید دەڵێت: چەپێنراوەکان دەگەڕێنەوە، بۆ نموونە شێرزاد-ی تا بیست ساڵان کۆمەڵیک چەپێنراوی زۆری ھەبێت ئایا دواتر لە ناو نووسینەکانتدا ڕەنگدەداتەوە؟


شێرزاد حەسەن: بێگومان وایە.. ھەموو داھێنانێک بۆ خۆی گەڕانەوەیە بۆ منداڵی جا بە دەستی ئەنقەست بێت یان بە زۆردارەکی یان بە بەکارھێنانی ھێزی عەقڵانی.  "کۆڵن وڵسن"ی نووسەر ئامۆژگاری رۆماننووس دەکات و دەڵێت: "لە خۆتەوە دەست پێبکە." بەو مانایەی کە خۆت ببیت بە سەرچاوەی داھێنانەکانت وەک ئەزموون و مەعریفەت. نووەسەرە گەنجەکان پەلاماری تێما و بابەتی گەورە و قەبە دەدەن: نموونەی ئەنفال و کیمیابارنی ھەڵەبجە و شۆرشەکانی نەتەوەکەی تاوەکو خەڵکی بزانن کە خەم و خولیاکانیان چەندە مەزنن، بەڵام وا راستترە ئەم وەک نووسەرێکی گەنج ئاوڕ لە خەم و خولیاکانی خۆی و نەوەکەی بداتەوە.  چونکە ئەم بۆچوونی وایە ئەگەر دەست بۆ ئەو تێما و ناوەرۆکە گەورانە ببات، ئەوسا خەڵکی پتر ستایشی دەکەن، زۆر جاران نووسەر پەنا دەباتە بەر بابەتی سێکچواڵەتی و ئیرۆتیکی شاراوە و ئابڕووبەرانە تاوەکو سەرنجی خوێنەرەکانی رابکێشێت کە خۆی وروژێنەرە، بەڵام مەرجە داھێنان بێت نەک فلیمی ڕووت و پۆڕنۆ بێت.، چونکە دیارە کە سێکس و ئیرۆتیکا بۆ ھەمووان جێگەی بایەخە، یان ئەوەتا نووسەری گەنج وھەم بەتەمەن خۆیان لە قەرەی بابەتەکانی رامیاری و نیشتمانپەروەری دەدەن بۆ ئەوەی زوو ناوداربن. لە کاتێکدا وەک نووسەر زیرەکانەترە ئاوڕ لە ھەموو ئەو بابەت و کەس و پانتاییە فەرامۆشکراوانە بدەینەوە کە نووەسەرەکانی دیکە بە بە بایەخێکی کەمەوە لێیان نزیک دەبنەوە. 

*ئایا بابەتی شکست دەبێتە ھۆی ئەوەی کە دنەت بدات باس لەو ڕۆژگارە بکەیت؟

شێرزاد حەسەن: بە دڵنیاییەوە ھەر ھەموو نووسەرەکان منداڵی و قۆناغی لاوییەتی دەکەن بە گەنجینەی خۆیان، جا پڕ شکست بووبێت یان سەرکەوتن، کە بە بڕوای من شکستمان زۆرترە. نووسەر بۆ خۆی ھەر چەندە خودگەرا بێت، لە ناو خۆیدا ھەموو دونیای دەوروبەری خۆی ھەڵگرتووە، تۆ وا دەزانیت شتێکی چکۆلەیت وەک گەردیلەیەک لەنێو ئەم گەردوونەدا خۆت دەبینیت، بەڵام ھەموو دونیا وا لەناو تۆشدا ئامادەیە. من کە چیرۆکی شکستێکی دڵداری یان سۆزداری وەک "گوڵی ڕەش" دەنووسمەوە بە تەنھا ئەزموونی شکستی من نییە، بەڵکو لەو سی ساڵەدا کە ئەو چیرۆکەم نووسیوە سەدەھا کەس ھەستیان کردووە من شکستی ئەوانم لە ئەوینداریدا بەرجەستە کردووە. لەبەر ئەوەی ھەر کەسێک کەمێک ئەزمووندار بێت یان ھۆشیارەکەی لە بان بێت کە باسی خۆی کرد وەکو ئەوە وایە کە باسی ھەموومان بکات.

*تۆ لەو کاتەی، کە باسی ئەو ھەموو کێشانەت کرد، ھەم لە خێزانی خۆت و ھەم لە کۆمەڵگا، تاکی کوردی تاکێک بووە کە لە ڕووی سیاسییەکەیەوە و ھەم لە ڕووە چینایەتییەکەیەوە، تاکێکی شکستخوادوو بووە، بەڵام تۆش دێیت لە ئەدەبدا دیسانەوە کارەکتەری چیرۆکەکانی تۆش شکستخواردوون؟ بۆچی بیر لەوە نەکردۆتەوە تاکێک دروست بکەیت تاکێکی سەرکەوتوو بێت، شکستخواردوو نەبێت و بەرەنگاری شکست بێتەوە، وەک لە زۆر فلیمدا  دیومانە کە لە کۆتایدا پاڵەوانەکە سەرکەوتوو دەبێت، ئایا دەبێت پاڵەوان ھەر شکست بخوات؟

شێرزاد حەسەن: نووسەر ھەیە کۆی بەرھەمەکانی تراژیکە، ئەدیب ھەیە ناسراوە بە کۆمیک، واتە بەزمگێڕە، ھەن تێکەڵەیەکن لە نێوان تراژیدیا و کۆمیدیا، بە بۆچوونی من تراژیدیا وانەی زیاتری تێدایە، ئەوەش مانای کەم بایەخکردنی کۆمیدیا نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی کە مرۆڤ بە گشتی لە سەرزەمین گیرۆدەی کارەساتی زۆر بووە، دەی خۆ ئەدەبیش رەنگدانەوەی ئەو تراژیدیایە، کە تۆ ناوی دەنێیت شکست یان دۆڕان و بەزین، من خۆم وەک نووسەر و ئادەمیزاد لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پتر نەھامەتی و شکست و کەوتنم بینیوە، من ژمارەیەکی بێ شوومارم لە خەڵکی بەشمەینەت بینیوە، عاشقانی زۆر لە چواردەوری من دەدۆڕان و بگرە لە ژیان دەتۆران، مێژووی سیاسی و شۆرشەکانی ئێمە پڕن لە نشوستی و کارەساتی جەرگبڕ، لە شکستێکەوە بۆ شکستێکیتر. وەک نەتەوە گیرۆدە و داگیرکراوین لە لایەن ناشرینترین ستەمکارانی رۆژھەڵاتی ناوەراست. ھەزار و چوار سەد ساڵە کولتووری بیابان و ئیمپراتۆرییەتی لم فەرمانڕەوایە کە لە ناوەکانمانەوە تاوەکو کرۆک و ناورۆک داگیرکراوین. ئەوە کارەساتە کە ئێمەی کورد ھیچ خوێندنەوەیەکی قووڵمان بۆ ئەو داگیرکردنە کولتوورییەی بێگانە نەکردووە، میللەتێک لەسەر خاکی خۆی دانیشووە و کەچی نامۆیە بە خۆی و ژیان و خاک، بۆی نییە ئاشنا بێت بە جوگرافیای خۆی، کامەیە پاڵەوانی سەرکەوتوو؟ بە رای من وەک نووسەر درۆی وام پێناکرێت. با بیرمان نەچێت کە "شێکسپیر" وەک شانۆنووس بە تراژیدیاکانی ناسراوە نەک شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی.. ئەدەبی شکستەبار ئەدەبی بەزین نییە، من وانەیەک لە رۆمانی "دۆن کیخۆتە"ی "سێرڤانتس" فێر بووم کە ئەویش ئەوەیە بوون بە پاڵەوان وەھمێکی گەورەیە، ئەو رۆمانە گومان لە پاڵەوانبوون دەکات، باس لە گەمژەیی مرۆڤ دەکات. من دەمەوێت پێتان بڵێم کە ھیچ پاڵەوانێک لەم دەوروبەرە بوونی نییە. دیارە من ھیچ گلەییەکم نییە کە نووسەری واش ھەبێت دونیا بکات بە بەھەشت و ھەمووانیش تیایدا ئاسوودەبن، ، بەڵام من ناتوانم درۆی وا بکەم، ئیشی من پێچەوانەکەیەتی، کارەساتیشە میللەتێک بە دوای پاڵەوان و فریادڕەسدا بگەڕێت.  تۆ پرسیاری کارەکتەری سەرکەوتوو دەکەی کە بۆچی دروستی ناکەم؟ بۆچی بیرت نەچوو بۆ رۆمانی "ژنێک بەسەر منارەوە" کە تیایدا خانمێکی تەنیا کە ناوی  "شادی"ە  لە بەرامبەر شارێکدا لە جەنگدایە، من باوەرم وایە کە لە کوردستان و لە ھەنووکەدا خانمی وا ئازا و ئازاد ھەن، بەڵام کەمینەن. لە چیرۆکی "زەلکاو"دا مامۆستایەکی یاخی و ئازا بە تەنیا دژی زۆرینە دەوەستێت کە لە زەلکاودا مەلە نەکەن کە دیارە رەھەندێکی رەمزی تێدایە.

*ئایا ئەدەب بۆ خودی تۆ وەک مرۆڤ و نووسەر چ بایەخێکی ھەبوو؟

شێرزاد حەسەن: ئەدەب ھێزێکی فیکری بە من بەخشی کە قووڵتر بیر بکەمەوە، دیدگایەکی رەخنەگرانەی لە مندا خولقاندووە کە ناھێڵێت بسرەوم، کە من ھاتمە ناو ئەدەبیات قوتابخانەی یان رێبازی ئەدەبی "ریالیزمی سۆشیالیزم" باوی بووە کە "کۆمیونیزم" یا چەپگەرایی ستایشی دەکرد بۆ ھاندانی چینی کرێکاران کە گوایە یەکسانی و دادپەروەری لەگەڵ خۆیدا فەراھەم بکات، ھاوکات من لە دوا ساڵی خوێندنی دانیشگاییم ئاشنا بووم بە  شانۆگەری و بگرە دواتر فیکری "پووچگەرایی" کە بە راستی بەقەد ھەموو فەیلەسووف و نووسەرەکانی دیکەی مرۆڤپەروەر منیان لەسەر ئەوە راھێنا کە رەخنەگربم و ھەم مرۆڤدۆست، بە واتا  فیکر و شانۆی پووچگەرایی منی بێدار کردەوە کە رێز لەو مرۆڤە بگرم کە گیرۆدەیە بە دەست سەدەھا تەڵە و تەپکە فاقە کە ھاوتوخمەکەی بۆی ناوەتەوە. ئایا ئەوان دەرگایان داخست؟ نەخێر.. ئەوان بە منیان گوت: مرۆڤ تەنیا و گیرۆدەیە لەسەر زەمین، ئەدەبی پووچگەرایی دنەی دەدام کە بیربکەمەوە، کەچی بۆ من رێبازی "ریالیزمی سۆشیالیزم"  مژدەی بەھەشتێکی دەدامێ کە پتر باسی سوپەرمانی دەکرد، کە دیارە واش دەرنەچوو، بەڵگەش داتەپینی بلۆکی سۆشیالیزم بوو لە کۆتایی  ھەشتاکاندا. بێگومان لای من کۆمیدیایەک ھەیە کە وانەی  جوان و  دانسقەی تێدایە کە زۆر جاران ناوی کۆمیدیای ڕەشی لێنراوە، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە کە بپرسین: ئایا رەوایە بە ناوی ئایدۆلۆژیاکانی سەرزەمین و ئاسمانی زەریای خوێن دروست بکەین؟ ئەوە ئەو پرسیارە رەوشتپارێزەیە کە مەرجە لەخۆمانی بکەین. ھەموو ئایینەکان بانگەشە دەکەن کە ئێمە ھاتووین مرۆڤ ڕزگار بکەین و بیبەینەوە بۆ بەھەشت. لەولاشەوە ئایدۆلۆژیای ڕەسمی بە چەپگەرا و چ بە نەتەوەپەرستەکانیشەوە دەڵێن ئێمە ھاتووین بەھەشـتێک بۆ ئێوە دروست بکەین. ئایا تۆ باوەر بەوە دەکەیت کە پاڵەوانێکت  بۆ بخوڵقێنم کە ھەرچوار پارچەکەی کوردستان یەکبخات؟ 

*ئایا یاخیبوون لە کوێی ئەم شکست و سەرکەوتنانەدایە؟

شێرزاد حەسەن: بە بڕوای من ئەگەر کەسێکی ھۆشمەند شکست بھێنێت، بێجگە لە یاخیبوون ھیچ دەروازەیەکی دیکە نییە. من باوەڕم بەوە نییە کەسێک شکست بێنێت، ئیدی ئامادە نەبێت ھەستێتەوە سەر پێیەکانی خۆی. بەڵام ناکرێت ئەو رۆحە غەیبانی و چارەنووسگەراییە لە ژیانی رامیاری و کۆمەڵایەتی ئێمەد تاوەکو ھەنووکە لە یاد بکەین. بەڵام کەسێک ھۆشمەند بێت، کە شکست دێنێت، دەبێت بە گومانکەر و خاوەنی دەیەھا پرسیاری نەسرەوت. مەرج نییە شکست بەرەو بەزینمان ببات، دەکرێت بەرەو بیرکردنەوەمان ببات؟ کارەکتەرەکانی ناو ھەر دوو کایەی رامیاری و ئایین زۆر نارسیست و عاشق بە خۆیانن دیارە حەشاماتیش رۆڵی ھەیە لەوەی خۆیان بە پیرۆز بزانن و بکەونە دەرەوەی ھەر رەخنەیەکی شێلگیرانە، نووسەری راستەقینە دژی پیرۆزی دەوەستێتەوە، سیاسەتباز و ئاییندار خەونفرۆشن، ھەردووکیان بانگەشە و مژدەی بەھەشمان بۆ رادەگەێنن، نووسەری رەسەن درۆی وا بۆ کەس ناکات.

بابگەڕێمەوە سەر کارەکتەری بەزیو و سەرکەوتوو، با نموونەی چیرۆکە ئەڤیندارییەکانت بھێنمەوە، چیرۆکە دڵدارییەکانی سەرزەمین دەنێو ھەموو میللەتەکانی دونیا بە شکست کۆتایی ھاتووە، یان بە مەرگ کۆتایی ھاتووە یان بە لێکدابڕان، نموونەکانیش لە ژمارە نایەن  "ڕۆمیۆ و جولێت، شیرین و فەرھاد، خەجێ و سیامەند، لاس و خەزاڵ...ھتد." ، چونکە وانە و پەند و راستی تیایە کە عاشقەکان ناگەن بە یەکدی، بگرە من لە ژیانی خۆمدا دوو عاشقم نەبینی بە یەکتری بگەن، لای من ھۆکارەکەی دیارە کە مرۆڤ بە گشتی و بۆ ماوەی ھەزارەھا ساڵ و بگرە لای خۆمان تا ھەنووکە دژی عیشق و خۆشەویستییە، چونکە لەسەر رق و کینە پەرورەردە کراوین پەروەردەی ئێمە وای کردووە کچەکان و کوڕەکان رقیان لە یەکتری ببێتەوە، گومان لە یەکتری بکەن و بێز لە یەکتری بکەنەوە.. ئیدی من کام دڵدار و عاشق لە چیرۆکەکانمدا بە درۆ بیانگەیەنم بە یەکدی و بە دەھۆڵ و زوڕنا  کۆتایی بێت، ئەدەبی رەسەن ھێزی درۆی وای نییە. لە ڕاستیدا ئەدەبی شکست ئەدەبێکی دنەدەر و ھاندەرە بۆ بیرکردنەوەی زیات و گەڕان بە دوای ھۆکارەکانی شکستەکان، ئەدەبێکە دژی یوتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا و پیرۆزی و رەھاگەری و مژدە و دروشمی ساختە،  ناھێڵێت خۆشخەیاڵ بیت و دونیا بڕازێنێتەوە بۆمان لە کاتێکدا ژیانی خۆمان لە ناو زیندان و شێتخانە و کوشتارگا و نەخۆشخانە بێت وەک ئێستاکێ. کەواتە من جەخت لەسەر وتە جەرگبڕەکەی " میلان کۆندێرا" دەکەمەوە کە  دەفەرموێت، " ستایشی داستان تەنیا لەوە دایە کە ستایشی بەزین دەکات.". زەقترین نموونەش رۆمانی " دۆن کیخۆتە"ی (سێرڤانتس)ە.


ڕیکلام