ئەو وشەیەی زۆرترین هاوڵاتی لوبنان لە گۆگڵ بەدوایدا گەڕاون

  2020-08-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد،لەم ماوەیەدا "کۆچ" ئەو وشەیەیە کە هاوڵاتیانی لوبنان زۆرترین جار بەدوایدا گەڕاون لە وێبگەری گۆگڵ، بەشێوەیەک دوو هێندەی ١٠ ساڵی ڕابردووە.

جێهێشتنی وڵات، کە یەکێک بووە لە خەونە هەرە دیارەکانی لوبنانییەکان، بە تایبەت لە وڵاتێکدا کە ماوەی چەندین ساڵ گیرۆدەی جەنگی ناوخۆ بوون، دواتریش قەیرانی قورسی ئابوری.

هەفتەی ڕابردووە وەسیم  عەرابی ڕاگەیاندکاری دیاری لوبنان ڕایگەیاند، بە یەکجاری وڵاتەکەی جێدەهێڵێت.

دوای دوو هەفتە لە تەقینەوەکەی بەیروت ئەکتەری دیاری لوبنان "نادین نەجم" ڕایگەیاند، لوبنان جێدەهێڵێت و دەگەڕێت بەدوای ئارامی و ئاسایشدا لە وڵاتێکی دیکە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە تەقینەوەکەدا بریدار ببوو خۆی بە پێ چووبوو بۆ نەخۆشخانە.

لوبنانییەکان دەڵێن "لێرە ژیان هیچ بەهایەکی نەماوە، ناتوانیت خۆت بنیات بنێیت، هەموو چەند ساڵێک دەبێت بەشوێن کارێکدا وێڵ بیت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی قەیرانی ئابوری وایکردووە، نزیکەی لە٥٠%ی لوبنانییەکان هەژار کەوتوون.

ڕوداوەکانی ئەم دواییە لوبنان، بە تایبەت تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە چواری مانگی ئابدا، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ١٨٠ کەس و برینداربوونی ٦ هەازر کەسی دیکە و وێرانکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی بەندەری بەیروت، وایکرد جارێکی تر لوبنانییەکان بە قوڵییەوە بیر لە مێژووی ئاڵۆزی وڵاتەکەیان بکەنەوە، کە هەستێکی دوودڵی بۆ داهاتوویان دروستکردووە.

زۆربەی لوبنانییەکان لەو بڕوایەدا کارەساتەکە درێژکراوەی ڕابردووە، هۆکارەکەی ئەو دەستبژێرە تایەفییە، کە سەرکردایەتی وڵاتیان کردووە، کە زیاتر بەرژەوەندیی گروپ و خۆیان لەبەر چاو گرتووە لەچاو بەرژەوەندی دەوڵەت و گەلدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز لەم جێهێشتنەی ئەم دواییەدا زیاتر کەسانی ئەکادیمی و پزیشک و هونەرمەندان و خاوەن پیشە زانستی و کردارییەکان لوبنان جێدەهێڵێن کە وڵات زۆر پێویستی پێیانە.

بەشێک لەو هاوڵاتیانەی لوبنان کە پێشتر بەهۆی جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەیانەوە بوونەتە خاوەنی ڕەگەزنامەیەکی دیکەی بیانی و لەئێستادا لەناوخۆیی وڵاتەکەیانن، ئێستا بەهۆی نالەباری دۆخەکەوە دووبارە بڕیاری کۆچیان داوەتەوە.



ڕیکلام