فه‌رهاد چۆمانی: ڕۆماننووسین پڕ مشەقەتترین و پڕ چێژترین بواری نووسینە

  2020-09-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فه‌رهاد چۆمانی، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌نجه‌ به‌تواناكانی كوردستان له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتدا، ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجێتیدا ده‌ست به‌ نووسین ده‌كات و زیاتر له‌ ١٠ ساڵە جه‌خت له‌سه‌ر نووسینی چیڕۆك و ڕۆمان ده‌كاتەوە. ئه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنی بۆ "ژیان" باس له‌ ژیانی ئه‌ده‌بیاتی خۆی ده‌كات و سه‌رسامی خۆیشی به‌ ئه‌ده‌بیاتی ڕوسی و ئه‌مه‌ریكای لاتین ده‌رده‌بڕێت.

ژیان: محه‌مه‌د جه‌مال
فه‌رهاد چۆمانی، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌نجه‌ به‌تواناكانی كوردستان له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتدا، ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجێتیدا ده‌ست به‌ نووسین ده‌كات و زیاتر له‌ ١٠ ساڵە جه‌خت له‌سه‌ر نووسینی چیڕۆك و ڕۆمان ده‌كاتەوە. ئه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنی بۆ "ژیان" باس له‌ ژیانی ئه‌ده‌بیاتی خۆی ده‌كات و سه‌رسامی خۆیشی به‌ ئه‌ده‌بیاتی ڕوسی و ئه‌مه‌ریكای لاتین ده‌رده‌بڕێت.

ژیان: ژیانی ئه‌ده‌بی فه‌رهاد چۆمانی چۆن ده‌ستی پێكرد؟
فه‌رهاد: من لەساڵی ١٩٨٦ لە چۆمان له‌ دایک بووم و له‌ ساڵی ٢٠٠٣ سەرەتاتکێی شیعریم هەبوو، بەڵام ٢٠١٠ بڕیاری ئەوەمدا من ڕۆماننووس بم، لەوکاتەوە جەختی نووسینم لەسەر چیرۆک و ڕۆمانە، بەڵام بە پانتایی فراوانی ئاڕاستە و ژانرەکانی نووسین دەخوینمەوە. بە گشتی لەوە تێگەیشتووم ڕۆماننووس سەرەتا زۆر بە سانایی بڕیاری ئەوە دەدات و دەڵێ؛ من دەبمە ڕۆماننووس، یان کتێبێک دەخوێنێتەوە و دەڵێ؛ منیش دەتوانم هاوشێوەی ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێک بنووسم، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و قووڵبوونەوە مرۆڤ تێدەگات؛ ڕۆماننووسین پڕ مشەقەتترین و پڕ چێژترین بواری نووسینە.

 ژیان: چه‌ند ڕۆمانت نووسیوه‌؟ وه‌ ڕۆمانه‌كانت به‌ناوی چین و باس له‌ چی ده‌كه‌ن؟ 
فەرهاد: یەکەم کتێبی من کۆمەڵە چیرۆکی "پەنجەکان شتێک دەڵێن -٢٠١٣"ـیە و دووەم کتێبم ڕۆمانی "قیژە- ٢٠١٦"ـیە كه‌ ٢٧٢ لاپەڕەیە. خراپترین پرسیاریش ئەوەیە لە ڕۆژنامه‌نووسێك بپرسی ڕۆمانەکەت باس لە چی دەکات؟ یان بۆ چ مەبەستێک نووسیوتە! بەڕاستی ئەم جۆرە پرسیارانە خەمگینم دەکەن! من پێمخۆش بوو دەرگیری پرسیارێکم بکەیت هەڵقوڵاوی ناوەرۆکی ڕۆمانەکە و بەرئەنجامی خوێندەوەی تۆ بێت بۆ کارەکانی من، ئەگەر من خۆم بڵێم باسی ئەمە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەم نووسیوە کتێب و کاراکتەرەکانم دەکەمە کاڵا و هەوڵی ساخکردنەوەیان دەدەم. هیچ کام لەم پرسیارانە سیمای ئەوە دەرناخەن کتێبەکانی منت خوێندبنەوە. 

ژیان: ڕۆمانی "نا ئارامی" كه‌ ڕۆمانێكی ‌توركییه‌ و وه‌رت گێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی، ئه‌و باس له‌ چی ده‌كات؟ 
فەرهاد: ماندووم دەکەیت بە پرسیاری "باسی چی دەکات؟!" بەڵام بۆ ئەم کتێبە با ئەوەندە بڵێم، باس لە ئێزدییەکان دەکات، ئەو فەرمان و کارەساتەی بەسەریان هات، باس لە تێگەیشتنی مرۆڤ دەکات لە کوشتن، لە ئایین و بڕوای ئەویتر، چۆن بە سڕینەوە و ناشرینکردنی ئەویتر دەیەوێ دونیا پڕ بکات لە نائارامی. چۆن دونیا خەریکە دەبێتە کامپی بچووک بچووکی ملیاران ئاوارە و بێماڵ و هەتیو و بێوەژن، چۆن لە سایەی ئەو نائارامییەی وەک خوێن لە دەمارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێ ژن و کچانی ئێزدی هەڕاج دەکرێن و دەفرۆشرێن و ئەتک دەکرێن. ڕۆمانێکە بەداخەوە زۆر بێدەنگانە تێپەڕی. نە دەزگای چاپەکەی نە لێکۆڵەران بایەخێکی ئەوتۆیان پێنەدا و لە گرنگی ڕۆمانەکە تێنەگەیشتن.

ژیان: هیچ ڕۆمانێك تا ئێستا‌‌ تۆی گریاندووه‌؟
فەرهاد: زۆر ڕۆمان هەبوون منیان گریاندووە، لەوانە ڕۆمانی مادام بۆڤاری. وەک چۆن زۆر ڕۆمان هەبوون فرمێسکی خۆشیشیان لەچاو داباراندووم. ڕۆمان دونیای ڕاستەقینەی منە، ئەم دونیا حەقیقییەی تێیدا دەژین کابووسە، یەکێک لە کێشەکانی هەر کەسێک کە حەز بە  ڕۆمان ناکات ئەوەیە ناتوانێ خۆی ڕادەست بکات، بچێتە ناوی و خۆی بداتە بەر شەپۆلی ڕووداو و وەسف و گرێ و بادانەوەکانی نێو ئەو دونیا پڕ سیحرە. مرۆڤ هەموو هەستەکانی مرۆڤ زیندوو ڕادەگرێت. پێدەکەنی، دەگری، دڵخۆش دەبیت، خەمگین، ئارامی بەخشە هاوکات تووشی شڵەژانیشت دەکات. زۆر شتت دەهێنێتەوە یاد و بەرچاو هاوکات فێرکاریشە. بۆیە من پێموایە ڕۆمان دەتوانێ ئەم دونیا حەقیقییە فلات و بێ ڕۆحەی تێیدا دەژین بە جۆرێکی تر وێنا بکات و بیگێڕێتەوە. 

ژیان: له‌ژێر كاریگه‌ری كام له‌ نووسه‌ران ده‌ستت بۆ ڕۆماننووسین برد؟
فەرهاد: مرۆڤ کاتێک بە درێژایی تەمەنی خۆی، چ وەک خوێنەر یان نووسەر دەخوێنێتەوە و ڕستەیەک، وێنەیەک، وێنایەک، چیرۆکێک، تراژیدیا و خەیاڵێک نییە کاریگەری زۆر یان کەم لەسەری بەجێنەهێڵێت. لەمەدا مەبەستم لە ڕسکانی خەیاڵی نووسینە، بەڵام ئەزموونی خودی نووسەر بڕیار لەسەر ئەوە دەدات بەڕاستی ببێتە کەسێکی لاساییکەرەوەی تووتیئاسای نووسەرانی پێش خۆی یان بەڕاستی بە پێچەڵپێچ و لابیرێنتی ئەواندا تێبپەڕێت و ڕەنگ و دەستوخەت و شێوازی خۆی بدۆزێتەوە. من پێموایە هیچ دەقێکی ئەدەبی نییە کامڵ بێت، هەر ئەمەش جوانی و هەرمانی بە ئەدەب بەخشیوە. لە هەموو شاکارەکانی دونیا ئەوەش فێر دەبین کە دەقی ڕەسەن و دەقێک کە بتوانێ سەردەمەکان ببڕیت ئەوەی بە چاوی خۆی دونیا ببینێت، دەقی دەبێ بەرەنجامی ڕوانگە، دونیابینی، خوێندنەوە، ئەزموونکردن و حیکایەتەکانی نووسەر خۆی بێت. 

ژیان: له‌ ته‌مه‌نێكی بچووك چ هۆكارێك وای لێكردی ده‌ست به‌ نووسینی ڕۆمان بكه‌یت؟
فەرهاد: لە مێژووی ئەدەب و نووسیندا نووسەری تر زۆرن کە لە تەمەنی بچووکتر لە تەمەنی من دەستیان بە نووسین کردووە، هەمیشە ئەوە دەڵێم مرۆڤ ئەگەر چیرۆکێکی نەبێت ناتوانێ چیرۆکێک بنووسێت.

ژیان:  تا ئێستا چه‌ند كتێبت بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌؟
فەرهاد: هەشت کتێبم لە تورکیی و کرمانجییەوە وەرگێڕاون.

 ژیان: زیاتر به‌ ئه‌ده‌بیاتی كام نه‌ته‌وه‌ سه‌رسامیت؟
فەرهاد: هەر ئەزموونێکی ئەدەبی، هەر نووسەرێک پارێک لە سەرسامییان بۆ دروستکردووم. بەڵام بە گشتی ئەدەبی ڕووسی و ئەدەبی ئەمەریکای لاتین بۆ من زۆر مایەی سەرنج و سەرسامین. 

 ژیان: سه‌رده‌می ئێستا بۆ ئه‌ده‌بیات چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
فەرهاد: ئەم سەردەمە پڕیەتی لە دەقی جوان. وا بیردەکەمەوە هەر سەردەمێک هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆیەتی. ناکرێ بە پێوەری سەردەمێکی تر و دەقی ڕۆژگارانی زوو بڕیار لە ئەدەبی ئێستا بدەین. دەبێ هەر سەردەمێک لە دراوەکانی سەردەمی خۆی بخوێنرێتەوە. 

ژیان: بابه‌تی ڕه‌خنه‌یی تا چه‌ند له‌ ئه‌ده‌بیاتی تۆدا جێگه‌ی بۆته‌وه‌ و له‌به‌ر چی و بۆچی ڕه‌خنه‌ ده‌گریت؟
فەرهاد: ڕەخنەی زانستی وەک خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە جیاوازە لە ڕەخنەكردن.  ئەوەی ڕاستی بێت من کەمتر ڕەخنەکراوم. ئەو وتار و لێکۆڵینەوانەش لەبارەی کارەکانی منەوە کراوە بە ژمارە کەمن، زۆر کەم ئاوڕ لە ئەزموونی من دراوەتەوە. هۆکارەکەی چییە؟ ڕەنگە بگەڕێمەوە سەر دۆخی ئێستای ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە دەق وەک خۆی، لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ناکرێت. 

ژیان: پێتوانییه‌ ئێستا له‌ شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا زۆری و بۆری و بێ بنه‌مایی پێوه‌ دیاره‌؟
فەرهاد:  نەخێر، شتێک نییە بە ناوی زۆری و بۆری، ئێمە هەم شاعیر و نووسەری ئەدەبیمان کەمن هەم دەقی ئەدەبی. تۆ وێنە گشتییەکە لەبەرچاو مەگرە کە زۆرجار زبڵ بەشاکار دەناسێنرێ، نووسەری زۆرمان لەم بیست ساڵەی دوایی هەبوون وەک بڵقێکی سەر ئاو هاتوون و ڕۆیشتوون، جوانی ئەدەب لەوەشدایە کە هەمیشە وەک کانییەک خۆی پاک دەکاتەوە.  

ژیان: ده‌كرێت له‌ هه‌موو ده‌قێكی شیعریدا یاخیبوون بوونی هه‌بێت؟ 
فەرهاد: بە داوای لێبوردن لە شاعیر و ڕەخنەگران وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە، ئەمە تەنیا سەرنجی منە، ئەگەر نا کاری ئەوانە قسەی لەسەر بکەن، بۆیە تەنیا دەتوانم بڵێم؛ ئێمە بە هەڵە لە یاخیبوون تێگەیشتووین. ئەدەبێکی بێ ئەدەبانە دەنووسرێت ئەوە مانای یاخی بوون نییە. لە شیعرێکدا، لە چیرۆک و ڕۆمانێکدا باسی کۆندۆم و مەمک و ئەندامانی زاوزێ و وێنەی ڕووتی پۆرنۆیی دەکرێت، مانای یاخیبوون و بوێری نییە. شیعر سروشتێکی ناجێگیر و ڕامنەبووی هەیە، دەکرێ یاخیبوون لە ڕێگەی خوازەکەیه‌وە بێت. یاخیبوون لە سروشتی مرۆڤ و سەردەم دەکرێ یاخیبوون بێت، دەشێ دەقێک بە یاخی بزانین کە وەک زلله‌یەک بەر ڕوومان دەکەوێت و لە زۆر ناشرینی ژیانی مرۆڤ و سروشت و  ئەتواری مرۆڤ وەئاگامان دەهێنێتەوە. 

ژیان: له‌ بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بییه‌كانت چۆن ڕۆڵت به‌ ژنان داوه‌؟
فەرهاد: بە درێژایی ڕۆمانی قیژە ژن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، لە چەندین چیرۆکی تریشدا ژن ڕۆڵی دیارە. من ئەو ڕۆڵەم بە ژن نەداوە، ژن خۆی خودان پێگە و دۆزە لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. بەو پێیەی لە کۆمەڵگەی وەک ئێمەشدا ژن هەمیشە چەوساوەیە و قوربانی پیاوسالارییە پێموایە هیچ دەقێکی زیندوو ناتوانێ خۆی لە کێشەی ژن و ماف و ئازادی و جوانییەکانی ژن لابدات. لای من شتێک نییە بە ناوی "تەرخانکردن" بڕیار بدەم بڵێم لەم چیرۆکە، لەم ڕۆمانەمدا ئەمجارە باس لە ژنان دەکەم، کە تۆ لە دەقێکی ئەدەبیدا باسی سروشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکەیت لەنێویدا ئازارەکانی ژن و باسکردن لەو هەموو ناشرینییەی بەرانبەر ژنان دەکرێت شتێکی حەتمییە.

ژیان: ئێستا هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیت له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌یه‌؟
فەرهاد: ئێستا سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکم، لە کۆتاییەکانی پرۆسەی نووسینیدام، ماوەی ٤ ساڵە سەرقاڵی نووسینیم. ئەم ڕۆمانە بۆ من تایبەتمەندی زۆری کەسایەتی و ژیان و ئەزموون و ڕوانگە و دیدگای منی هەڵگرتووە. هەڵبەت بەشی زۆریشی هی خودی کاراکتەرەکان خۆیانە. ئەگەرچی چوار ساڵە و ماوەیەکی درێژە لەگەڵ کاراکتەرەکانیدا سەفەر دەکەم و دەژیم و ئازار دەچێژم، بەڵام ئێستا پەلەمە ئاشنای خوێنەرەکانم ببن و ئەوانیش لەگەڵیدا بچنە نێو گەشتێکی ماجەلانی و بیرکردنەوە لە تێگەیشتنی کاراکتەرەکان لە عیشق، خیانەت، ئایدۆلۆژیا، ئایین، تووندوتیژی، کوشتن و جەنگ و ویستی پاکبوونەوەی مرۆڤ و ئەو ڕێگەیانەی لەو پێناوەدا دەیانگرێتە بەر. بە هیوام ئەم ڕۆمانەم گەنگەشەیەک بێنێتە کایەوە. 


ڕیکلام