ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان ماکرۆن و بەرهەم ساڵح

  2020-09-02  | 
پێشوازیکردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، کە ئێستا بەسەردانێک لە بەغدایە.

سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لەدیدارەکەی نێوان  سەرۆک کۆمار و سەرۆکی فەڕەنسا، بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق خواستی ئەوەی هەیە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە بایەخەوە پشیتوانی لە هەوڵەکانی بەهێزکردنی گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتی بەغدا بکەن و پارێزگاری ئاسایشی بکەن لەهەر دەستوەردانێکی سەربازیی بۆ سەر خاکەکەی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵە دەستەجەمعییەکان پێویستە جەختبکاتەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری لە کاروباری ناوخۆ وەک بەرژەوەندییەکی هاوبەشی هەموان، کە هۆکارێکە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی هەرێمایەتی.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆک ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە کاری هاوبەش بکرێت بۆ بەردەوامی جەنگ لەدژی هێزە تیرۆریستییەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی کۆمەککردنیان و بەپەرچدانەوەی بیری توندڕەوی.

وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا ستایشی ڕۆڵی فەرەنسا کراوە لە جەنگی دژە تیرۆر، بەو پێیەی هاوبەشێکی سەرەکیی عێراقە لە جەنگی دژی داعش.

لای خۆشیەوە سەرۆکی فەڕەنسا جەختیکردووەتەوە لەوەی وڵاتەکەی لەپاڵ عێراقدا دەوەستێتەوە، بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسایشی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی.

باسی لەبایەخی هەماهەنگی و هاوکاریی کردووە لەجەنگی دژە تیرۆر و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئەو هێزە کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر گەلانی جیهان، و بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و ڕێگریکردن لە بەرپابوونی ئاڵۆزیی لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هەردوولا جەختیانکردووەتەوە لە بەهێزکردنی پەوەندییەکان لەسەرجەم بوارە جیاجیاکان، بەتایبەت هاوبەشی ئابوری لە نیوان هەردوو وڵات و چالاککردنی وەبەرهێنان و هەماهەنگی لە روبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا .

  



ڕیکلام