ماکرۆن: پشتیوانی هەوڵەکانی کازمی دەکەین لەبەهێزکردنی سەروەیی عێراق

  2020-09-02  | 
پێشوازیکردنی ئیمانۆئیل ماکرۆن لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لەهەنگاوەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق دەکات، لەبەهێزکردنی سەروەیی عێراق.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند "سوربووم لەسەر سەردانیکردنی بەغدا بەوپێیەی پابەندبوونێکی فەرەنسایە بۆ جەختکردنەوە لە قوڵی دۆستایەتی لە نێوان هەردوو وڵات، دەمانەوێت پشیتوانی بکەین لەو پرۆژە گرنگانەی لە عێراقدا ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت میترۆی بەغدا و پرۆژەکانی وزە".

ماکرۆن وتیشی "لەگەڵ کازمی باسمان لەبەهێزکردنی هاریکاری سەربازی کردووە بۆ دژایەتیکردنی ڕێکخراوی داعش، پشتیوانی کۆمەکی نێودەوڵەتیش دەکەین لە بەرژەوەندی عێراق و پێمان وایە چەند مانگی داهاتوو گرنگ دەبێت لە چالاکییەکانی حکومەت".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ماکرۆن بە کازمی ڕاگەیاندووە، پشتیوانی هەموو هەنگاوە سیاسی و ئیدارییەکانی دەکات کە لەگەڵ سەرۆک کۆمار دەستیان پێکردووە، بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق.

بەیانی ئەمڕۆ ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە بەیروتی پایتەختی لوبنانەوە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەر سی سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبۆوە.

 



ڕیکلام