عومەر سەید: ڕۆمانە نوێیەکەم کارکردنەوە لەسەر مێژووى سەد ساڵى عێراق لە هاتنى سوپاى بەریتانیاوە هەتاکو هاتنى داعش

  2020-09-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عومەر سەید چیرۆکنووس و ڕۆماننوسێکى کوردە، خاوەنى سێ ڕۆمان و کۆمەڵە چیرۆکێکە، ئەو لە کارە ئەدەبییەکانیدا زیاتر بابەتى ئەنفال وەک تێمایەک بەکاردەهَنێت، ئەوەش بۆتە جۆرێک لە تایبەتمەندى نووسینەکانى، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە کارەکانى پێشووى کارى لەسەر بابەتێکى دیکە کردووە، بۆیە پێمان باش بوو لەم دەرفەتەدا تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان بیدوێنین.

ژیان: بەو پێیەى لە ئەزموونەکانى پێشووتدا کارت لەسەر کارەساتى ئەنفال کردبوو وەک بابەتى ڕۆمان، ئایا ئەم کارە نوێیەشت هەر کارکردنە لەسەر هەمان بابەت؟

عومەر سەید: نەخێر، ئەم کارەم کارکردنە لە نێو مێژووی سەد ساڵی رابردووی عێراقدا. لە هاتنی سوپای بریتانیاوە تاکو هاتنی داعش، کە ڕێک سەد ساڵ دەکات. ئەمە بە گشتی، گەر نا رۆمانەکە گەڕانەوەیە بۆ مێژووی بەعس، لە شەست و سێوە بۆ شەست و هەشت و تاکو رووخانی ئەو سیستەمە ترسناک و دیکتاتۆرە، لە سەر دەستی ئەمریکییەکان. لەم رۆمانەدا، ئەتموسفێر هەمووى عێراقە، پاڵەوانەکان مرۆڤی عێراقین، بە هەموو ئەتنیک و نەتەوەکانەوە. هەولێرییەک و حەمەسوورییەکی سماقۆڵی و شاعیرێکی بەسڕاوی، پێکەوە لە یەک دنیا و هاوچارەنووس دەژین و دەمرن .

بە کورتی ئەمە قۆناغێکی تری نووسینی منە، بڕێک جیاوازە لە کارەکانی پێشوترم. خوێنەر بەر دنیایەکی جودا دەکەوێت. لە هەموو روویەکەوە جیاواز لە سێ رۆمانەکەی پێشوو ترم. لەم رۆمانەدا، هەموومان ئەنفالین، لەم سەری عێراق بۆ ئەوسەری. ئەنفالەکان زیندەچاڵی بیابانن و هەموو عێراقیش تاکو ئێستا زیندەچاڵی سەرەنوێلکین . بەدەر لە ناوڕۆک و بابەت، لە رووی قەبارە و تەکنیک و ستایڵیشەوە، جیاوازە لەوانی پێشوو .

ژیان: دونیاى ئەدەبی ئێمە کەمترین کارى داهێنەرانەى لەسەر ئەو کارەساتانەکردووە کە بەسەر نەتەوەى کوردا هاتوون، کارکردنى تۆ لەسەر بابەتێکى وەکو ئەنفال لەو خەمەوەیە؟ یاخود نا کارەساتى ئەنفاڵ بۆ تۆ کەیسێکى خودییە و تۆ کارەکانتدا خەریکیت خۆت بەیان دەکەیت؟

عومەر سەید: بە بەراورد بە مێژووی گوناهیمان، ئەدەبەکەمان بچووک و ناچیزە. بە بەراورد بە تراژیدیاکانمان، وەک ئەدەب و هونەر تا ئێستا هیچمان نەوتووە، یا نییە. وەنەبێ لەسەر وجود و پرسیارە نەمر و گەورەکانی بوون و جیهان زۆرمان وتبێ. لەم جیهانەدا، کەمترین قسەکەر ئێمەین. مێژوویەکی درێژ لە جینۆساید، کە بەردەوام دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە. بێ ئەوەی ئەدەبێک، تەنانەت پرسیارێک جێ بهێڵێت. لای من ئەنفال، لە یەک کاتدا هەم خودییە و هەم بابەتی. بابەتیە وەک مرۆڤ و وەک کورد. خودییە وەک قوربانییەکی ئەو پرۆسەیە.

 زۆر جار رۆشنبیر و بیرمەندەکان، لە خوێندنەوەی دیاریدە و رووداوێکی گەورە و گرنگی جیهانیدا، دەڵێن. پێش و پاش ئەو رووداوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەوترێت. دنیای پێش کۆرۆنا و دوای کۆرۆنا.

بۆ من، وەک خۆم، هەمیشە دەڵێم دنیای پێش ئەنفال و دنیای دوای ئەنفال. تا هەژدە ساڵی و گواستنەوە لە قۆناغی منداڵی و مێرد منداڵی، دنیای من خزم و کەسوکار و پێدەشتەکانی گەرمیانە، لەگەڵ تەمەنم دەگاتە هەژدە ساڵی ئەنفال دێت، هەموو ئەو دنیایە نغرۆ دەکرێت و هەموو منداڵی منیش، بە هەموو یادەوەری و مرۆڤەکانییەوە، کۆتای دێت و لەبەین دەبرێت. ئێستە من مرۆڤێکم لەسەر ئاستی نەتەوە و لە سەر ئاستی کەسێتیش ئەنفال کراوم. کاتێکیش دەبینم قوربانییەکان، ناتوانن ئەوەی پێویستە بیڵێن و کەسیش قسە ناکات. ئەوا من هەوڵ دەدەم و کار بۆ ئەوە دەکەم، لە رێگەی رۆمانەوە ببمە زمانحاڵی هەموو ئەو تراژیدیایە، گەر بتوانم .

ژیان: نەتەوەکانى دونیا لە ڕێگەى ئەدەبەوە زۆر لە کارەساتەکانى خۆیان کردووەتە کەرەستەى ئەدەبی، لەبەرامبەردا کورد کەمترین بایەخى بۆ تراژیدیا نەتەوەییەکانى خۆی هەیە، هۆکارى چۆڵى و بێدەنگى دونیاى ئەدەبی ئێمە لەبەرامبەر کارەساتە گەورەکانى وەک ئەنفال و هەڵەبجە و چەندانى دیکە بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟

عومەر سەید: منیش نازانم بۆ چی بیگەڕێنمەوە! بۆچی ئێمە وەک خۆخۆر و دژە خود ناودەبرێین. ئەمە پێویستی بە لێکۆلینەوە و بەدواداچونی فراوان و گرنگ و گەورە هەیە، کوا قسە و گفتوگۆی ئێمە لە سەر دیاریدەی جاش بوون و خۆ فرۆشی؟ میلەتێکین نە کەس کەشفمان دەکات و نە خۆشمان توانای کەشف کردنی خۆمانمان هەیە. واز لە ئەنفال بێنە، خۆ هەر دوێنێ بوو پێنج هەزار ئافرەتی کوردی ئێزدی ئەنفال کران، کوا چی بەدوای خۆیدا هێنا؟

ئەم خەمساردی و جاشایەتییە لە رەچەڵەک و خوێنماندایە. کاتێک مردنی بە کۆمەڵ و زوڵم و ستەمی ناو واقیع نەمان جوڵێنێ، ئەدەب و هونەر چۆن دەخوڵقێ. ئەدەبەکەشمان رەنگدانەوەی کەسایەتی خۆمانە، خەم سارد و لاموبالات .

ژیان: کارە نوێیەکەت هەوڵێکە بۆ گۆڕینى شێوازى کارکردنت لە ڕۆمانووسیندا؟ یاخود لە ڕووى شێوازەوە هەر سەر بە ڕۆمانەکانى دیکەتە؟

عومەر سەید: لە هەموو روویەکەوە جیاوازە لە کارەکانی پێشوترم. هەم وەک ناوڕۆک و بابەت و پلوت. هەم وەک تەکنیک. کارەکانی پێشوترم لە ناو گەرمیان و ئەنفالدایە، هەرچی ئەم کارەمە، رەهەندێکی عێراقی و جیهانی تێدایە.

شوێن و روودا و کەسایەتییەکان، هەموو عێراقە. لە عێراقیشەوە بۆ مەسەلەی پیس بوونی ژینگە و بە زبڵ بوونی هەموو گۆی زەوی. لە وێنەیەکی رۆمانەکەدا دەڵێ. گۆی زەوییان بە دایبی گوواوی خوڵقاند بوو، بەسەرییەوە نووسیبویان، مۆنۆمێنتی هێلکەی گەنیوی نێو خولگەی خۆر. لای خۆم، ئەم رۆمانە سەرەتای قۆناغێکی نوێی نووسینمە، لە هەموو روویەکەوە .

ژیان: تاچەند پێت وایە نووسەرى ڕۆمان پێویستە ئەزموونگەر بێت، واتە کارێک بۆ کارێکى دیکەى جیاوازییان هەبێت و ستایلى دیکە تاقى بکاتەوە؟

عومەر سەید: بە تەواوەتی نازانم، بەڵام ئەوەی دەیزانم نوسەر دەبێ خۆی بنوسێتەوە، ناخ و رۆح و دنیای خۆی، هەموو نوسەرە گەورەکانی جیهان هەر ئەمەیان کردووە. کافکا خۆی نوسیوەتەوە. وەک چۆن لە ئێستادا پامۆک، خۆیی و ئەستەمبوڵ و کێشەی بزربوونی وڵاتەکەی لە نێوان خۆرئاووا و خۆرهەڵاتدا دەنوسێتەوە.

گەر نوسەر مەسەلە و قسەی هەبوو بۆ وتن و گێڕانەوە. ستایڵ و شێوازی نوێش فەراهەم دەبێت. مەبەستم نوسەرێکە کە سەد دێڕ دەخوێنێتەوە، ئەوجا سێ دێڕ دەنووسێت. نوسەرێک خەمی ئەدەب و مرۆڤ و جوانییە، نەک ئەوانەی ئەدەب وەک بابەتی خۆدەرخستن و کەشوفش دەبینن .


ڕیکلام