فەرهاد مستەفا بۆ ژیان: کتێبخانەی کوردی پێویستی بە تێکستی لاواز نەماوە

  2020-09-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەم نزیکانە یەکەم ئەزموونى ڕۆمانى بڵاودەکاتەوە

نووسەرى کورد فەرهاد مستەفا ساڵانێکە چیرۆک دەنووسێت و خاوەنى چەند کتێبێکى چاپکراوە لەو بوارەدا، چیرۆکەکانى قسەى جیاوازیان لەسەر کراوە و بۆ زمانى عەرەبی وەرگێڕدراون، لە نوێترین کارى خۆییدا ئەو نووسەرە ڕۆمانێکى نووسیوە کە بۆ یەکەمجار زانیارى تایبەت دەربارەى لەڕێگەم ئەم دیمانەیەى تۆڕى هەواڵى ژیانەوە دەخاتەڕوو .

ژیان: بەوپێیەى تۆ وەک نووسەرێک پێشتر چیرۆکت نووسیوە، چۆنوو ئەمجارە بیرت لە نووسینى ڕۆمان کردەوە؟

فەرهاد مستەفا: ئاشکرایە پرۆسەی نووسین پرۆسەیەکی تاکە کەسییە. ئەم پرۆسەیە خاڵی نییە لە پشکنین و تاقیکردنەوە و بازدان و تموحی زیاتر. ئەو کاتەی خەمی نووسین لێتنەگەڕا و بێ ئۆقرەی کردی.. داناساکێیت. دەگەڕێیت. هەوڵت ئەوەیە شتێک بکەیت کە پێشتر ئەنجامت نەدابێت. گەر لەو شوێنەی خۆمانەوە، هەر ئەوە بکەینەوە کە کردوومانە، هەر ئەوە بڵێین کە وتوومانە.. پێویست دەکات ڕابوەستین. با بوێربین ڕابوەستین. بۆ هەردوولامان ئەم ڕاوەستانە گرنگە. ئەم دووبارە بوونەوەیە بێزارکەرە .

ئەم ئەزموونی پەڕینەوەیە، چەندێ ترسناک و پڕ لە گومان بێ، هێشتا نەشئەبەخشە. دروست، بەر چێژێک دەکەوین کە پێشتر بەری نەکەوتووین. لێرەدا گرنگ ئەوەیە بەهەڵەدا نەچین، ئەم گواستنەوەیە نەمانخاتە ناو تەڵەی دڵنیابوونەوە .

هەڵبەت توانا و بەخششی نووسین، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. بەڵام هەندێ دڵنیابوون و بێباکیی هەڵوێستەت پێ دەکات. شارەزایی و قاڵبوون هەرئەوەنییە، نووسین بە دوای نووسین، کتێب لە دوای کتێب پێشکەش بکەیت. ئەم بێباکی و دڵنیاییەت لە کوێوە هێنا؟! ئاخر هەرچۆنێک تەماشا بکەیت لەشکرێک لە هاوپیشەکەت (گەر ئەم دەربڕینە دروست بێت) بەچواردەورتەوەیە. چلۆن خۆت دەسەلمێنیت؟ لە کاتێکدا هیچ شتێک لەژێر تیشکی خۆردا نوێ نەبێت !

بەختەوەرن ئەوانەی لە ئەزموونێکی نوێدا سەرکەوتوو دەبن. گەر خودی سەرکەوتنەکەش ڕێژەیی بێت، ئاساییە گەر خەونی  من و تۆش بێت. ئەمما بەو سەرئەنجامە دەگەین؟ گرنگ ئەوەیە ڕازی نەبیت بەوەی گوتووتە. ئەوەش بنەمای ئەزموونە .

وەک ئەزموونی خۆم لەگەڵ کورتە چیرۆک و چیرۆکی کورت (یان کورتیلە چیرۆک) سەروسەودایەکمان هەیە. لە کورتە چیرۆک (سێ) کتێب و لە چیرۆکی کورت (چوار) کتێبم هەن. ئەمە زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاندووە. ڕەنگە پاڵنەری سەرەکی هەر ئەوەبێت، ئەوەی ویستوومە بیڵێم لە پانتایی کورتەچیرۆکێکدا جێگەی نەبووایاتەوە. پەنام بە ڕۆمان گرت. ئەمە یەکەمین ئەزموونی ڕۆمانی منە. لەلای خۆمەوە ناوم ناوە ڕۆمان، گەر بەهەڵەدا نەچووبم و تموح دەسخەڕۆی نەکردبم. هەموومان لێمان مەعلوومە.. کتێبخانەی کوردی پێویستی بە تێکستی لاواز نەماوە .

ژیان: لە ئەزموونى تایبەتى خۆتەوە پێمان بڵێ جیاوازى چییە لە نێوان نووسینى ڕۆمان و نووسینى چیرۆکدا؟

فەرهاد مستەفا: جیاوازییەکان زۆرن. پێشتر دەیان جار ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەمان بینیووە کە جیاوازی نێوان چیرۆک و ڕۆمانیان لە ڕووبەر و ژمارەی کارەکتەر و چەند بونیادێکی دیکەدا قەتیس کردووە .

جیاوازی بنەڕەتی چیرۆک و ڕۆمان، ئەو پرسیارانەیە کە دەخرێنە ڕوو. لە ڕۆماندا مەودایەکی بەرین هەیە بۆ بەدواداچوون و شوێنکەوتنی پرسیارەکان و پرسیارەکان پەلوپۆدارن، هەر بونیادێکی ڕۆمانەکە، پانتاییەکی گەورەی یۆ ئەو داڕێژان و چنینەوەیە هەیە. بەڵام لە کورتە چیرۆکدا بەرتەسک و سنووردارە .

گەلێک چیرۆک هەن کە دەیانخوێنینەوە، هەست بەوە ئەکەین ئەمە ناوەخن و کورتەی ڕۆمانێکە، نووسەری تێکستەکە چڕی کردووەتەوە و نەیهێشتووە بای پێویست لەو فەزایەدا هێڵەکانی بکشێ. بەپێچەوانەشەوە بەر چەندین ڕۆمانی قەبە دەکەوین (زۆری ژمارەی پەڕە تەفرەی دەدات) ئەینا چیرۆکێکی کورتە و نووسەر بەزۆر کشاندووییەتی .

لای من بەهای چیرۆک، چی لە بەها و بایەخ و گرنگی ڕۆمان کەمتر نییە. بگرە ئەو ئاستەنگ و زەحمەتەی لە چیرۆکدا هەن لە ڕۆماندا بەو شێوەیە ناکەوێتەوە، لە ڕۆماندا دەستبڵاوتریت. ڕەنگە ونبوونێک  لە چنینی بونیادی ڕۆمانێکدا ڕووبدات (بە گریمانە گەر ئەوە  قبوڵ بێت) پێکهاتەکانی دیکەی تێکستەکە، قەرەبووی ئەوەی بۆ دەکاتەوە و بە ئاسایی بەسەر من و تۆدا تێدەپەڕێت. بەڵام لە چیرۆکدا بە حوکمی کەمی ڕووبەرەکەی، ئەستەمە و مەحاڵە هەست بەو کەلەبەرە نەکرێت. ئەوەی بۆرخیس و خوان ڕۆڵفۆ و مۆنتیڕۆسۆ و کێ و کێ نووسیووییەتی، هەر چیرۆکێکیان بارتەقای گەلێک  ڕۆمانی سمک ئەستوورن .

ژیان: ڕۆمانەکەت ناوى چییە؟

فەرهاد مستەفا: سپیکردنەوەی خوێن .

ژیان: هەڵبەت جارێ تەنیا وەک سینۆپسێک نەک هەموو لایەنەکانى بە کورتى ڕۆمانەکەت باس لە چى دەکات؟

فەرهاد مستەفا: لە(سپیکردنەوەی خوێن)دا هەوڵمداوە لەو گۆشەیەوە بڕوانم.. ئاخۆ مرۆڤی کورد  بۆ دەکەوێتە دەرەوەی خواست و ویست و هەڵبژاردنەکانییەوە؟ بونیادی تێکستەکەش لەسەر ئەوە هەڵبچنم.. ئاخۆ  مرۆڤ بۆ خۆی کائینێکی بکوژە، یان دەکرێت بە بکوژ؟ بەمە گەڕاومەتەوە بۆ قۆناغێکی دیاریکراوی شۆڕشگێڕیی و شۆڕشی کوردی و پانتایی گێڕانەوەکانیش لە ئێستا و ڕابردوودا دەربکەون و چەندان شوێنی جیاوازیش لەو ڕووبەڕەدا ببینرێن .

ژیان: کەى ڕۆمانەکەت بڵاودەبێتەوە؟ پلانت هەیە مەڕاسیمى تایبەت بە بڵاوبوونەوەى بکەیت؟

فەرهاد مستەفا: کاتی بڵاوکردنەوەی پەیوەستە بە بارودۆخی(ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەری ئەندێشە)وە. بۆ خۆتان دەزانن گرفت و قەیرانێکی ناجۆر ڕووی تێکردووین، کتێبیش لەو کاریگەرییە بێبەش نییە. ئەینا ئێستا چاپکرابوو. بەڵام بەقەولی کاک هەژاری خاوەنی ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەری ئەندێشە، لەم ماوەیەی داهاتوودا چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. دیارە مەراسیمەکەش لەگەڵ چەندین کتێبی دیکەدا هەر پەیوەستە بەو بارودۆخەی ئێستا هەیە. ئاخۆ بەم زووانە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنرێ؟

ناوەندی ڕۆشنبیریی هونەری ئەندێشە (جیا لەم کۆمەڵە چاپکراوەی ئەمجارەیان ــ بەهۆی کۆرۆناوە) لەگەڵ دەرچوون و بڵاوکردنەوەی هەر کۆمەڵە کتێبێکیان، ئەو مەراسیمەیان سازکردووە. گەرچی وەک خۆم تا ئێستا دوو بەرهەمم لەوێ چاپکراوە و بەڕێکەوت نەمتوانیووە لەو مەراسیمانەدا ئامادەبم!



ڕیکلام