پارێزگاری سلێمانی: دەوامكردنی فەرمانبەران بەپێی پێویستیی دەبێت

  2020-09-06  | 
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی
فۆتۆ: هۆشمەند فەلاح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری سلێمانی بڕیاری حكومەتی هەرێمی بۆ درێژكردنەوەی دەوام لە كاتژمێر هەشتی بەیانی بۆ سێی پاش نیوەڕۆ رەتكردەوە و دەڵێت پاڵپشت بە وەزارەتەكانیان پابەندی سەعاتی دەوام دەبن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، بە نوسراوێكی فەرمی لەبارەی كاتی دەوامی فەرمانگەكان روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: دەوامی فەرمی فەرمانگەكانهەفتانە لە یەكشەممە تا پێنجشەممە دەبێت. 

ئەوەشی راگەیاندووە، فەرمانگە و یەكە كارگێڕیەكان دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە "پاڵپشت بە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی خۆیان پابەندی دەوامكردنی سەعاتی رۆژانە دەبن". 

پارێزگاری سلێمانی پێچەوانەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران كە فەرمانی كردبوو گشت فەرمانبەران پابەندی دەوامببن لە رۆژی یەك شەممە تا پێنجشەممە، دەڵێت "ڕێژەی دەوامكردنی فەرمانبەران بەپێی پێویستیی فەرمانگەكان و بەپێی ژمارەی میلاكەكانیان بەشێوەی نۆرە (تناوب) دەبێت، بەمەرجێك نەبێتە هۆی وەستانی كاری فەرمانگەكان و دواكەوتنی مامەڵەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان".

هەڤاڵ ئەبوبەكردەشڵێت "دەوامكردن لە هەموو فەرمانگەكاندا بە ڕەچاوكردن و پابەندبوون بە ڕێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكانی پەتای كۆرۆناوە دەبێت".

دەقی راگەیەندراوەكە: 

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیی و 
فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ كاتی دەوامكردن 


ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٥٢) لە (٥/ ٥/ ٢٠٢٠)دا:
١-دەوامی فەرمیی لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا هەفتانە لە ڕۆژی یەكشەممە تا ڕۆژی پێنجشەممە دەبێت.
٢-دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان، بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڕێوەبەری هەر دامودەزگایەكی دەوڵەت؛
أ‌-پاڵپشت بە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی خۆیان پابەندی سەعاتی دەوامكردنی ڕۆژانە دەبن.
ب‌-ڕێژەی دەوامكردنی فەرمانبەران بەپێی پێویستیی فەرمانگەكان و بەپێی ژمارەی میلاكەكانیان بەشێوەی نۆرە (تناوب) دەبێت، بەمەرجێك نەبێتە هۆی وەستانی كاری فەرمانگەكان و دواكەوتنی مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.
٣-دەوامكردن لە هەموو فەرمانگەكاندا بە ڕەچاوكردن و پابەندبوون بە ڕێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكانی پەتای كۆرۆناوە دەبێت.

لەگەڵ رێزدا...

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
٦  / ٩ / ٢٠٢٠


ڕیکلام