سەبارەت بە توندوتیژی و جەنگ لە كاری هونەریدا

  2020-09-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاڤان صدیق


جەنگ و ململانێ و توندو تیژی بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی سروشتی خوڵقاوی مرۆڤ.بە درێژایی میژووی مرۆڤاییەتی بونی ململانێ و ناکۆکی لە سەر ئاستی جیاوازی بیروڕای خێڵ و ئایدۆلۆژی و چین و ئایین و نەتەوەو تەنانەت تاکیش هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ بەرپابوونی جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و گۆرینی دەسەڵاتی شارستانییەتەکان. براوەی جەنگەکان شەرعییەتی پیادەی بیرورای تایبەت بەخۆیان پەیرەوکردوە.

ئەمە ئەگۆمێنتێکی گەورەیە بۆ روودانی جەنگ و بەردەوام بوونی. فکر و شارستانییەتەکان ئەبێت پارێزگاریی مانەوە بکەن و جەنگ ئەبێت بەردەوام بێت. بەڵام بە پێی هەر قۆناغیک لە قۆناغەکان و سەردەمەکان و ئامانج و کەرەستە و تاکتیکەکانی جەنگیش لە گۆڕانی بەردەوامدان، گرنگە ئەوەمان بیر بێت شەڕانگێزی و وێرانی، شێواندن و ناشیرینکردن، سیفەتگەلێکی سەرەکیی جەنگن جا ئەو جەنگە بۆ بەرگری بێت یان داگیرکاری. هەر لەبەر ئەوەیە هونەر هەمێشە وەک هەڵوێستە و پەرچەکردار بەرامبەر ناشرینی و وێرانكردن کردن ئامادەیی هەبووە. ئەگەر سەیری میژووی هونەر بکەین بە بەردەوامی ئەو تابلۆیانە دەبینین کە باسی جەنگ و هێز و شەڕانگێزی و وێرانی دەکەن.

 زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین هونەرمەند نییە کاری لەسەر ئەو بابەتە نەکردبێت ئەگەر ڕاستەو خۆش نەبووبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کایگەریی ئەو تێما و بابەتانە لە ناو هونەرەکەیان دەرکەوتووە. لە هونەری شێوەکاریدا لە قۆناغە هەرە سەرەتاییەکانیدا وێنە وەزیفەی کاری گێڕانەوە و تۆمارکردنی سەروەری و شکستەکانی جەنگەکانی بووە و هەروەها وێنەکردنی چیرۆکە دیارە ئەفسانەییەکان شەڕی نێوان خواوەندەکان لە چیرۆکە دیارەکانی مێژووی هونەرن، ناکرێت باس لە جەنگ و قێزەونیی وێنەکانی بکەین و لەسەر دیارترین تابلۆی سەربڕینەکەی (Judith and Holofernes) نەوەستین کە بە یەکێک لە قێزەونترین دیمەنی ئەشکەنجەدان و سەربڕین دادەنرێت، لە مێژووی تابلۆدا کە لە لایەن هونەرمەندی بارۆکی ئیتالی (Gentileschi) دیەوە وێنە کێشراوەتەوە لە ساڵی ١٦١٢ کە هەمان چیرۆک لەسەردەمانێکی پێشترەوە لەلایەن هونەرمەندانەوە کێشراوە و بەردەوام دەکێشرێتەوە و تەنانەت تا سەدەی بیستیش، سەربڕینەکە لەلایەن جۆیتە و وەک سۆمبولی ئازایەتی و جوامێری و ئەمەکداری بۆ نیشتیمان ناو براوە، لە کاتێکدا مایکل ئانجیلۆ و هەروەها گۆستاڤ کلیمتیش هەمان چیرۆکی جۆیتیان دووبارە کردۆتەوە، شایانی تێڕامانە بابەتی ئەم چیرۆکە دڕندانەییە زۆرێک لە هونەرمەندان کاریان لەسەر کردووە لێرەدا لە سەر سێ نموونەی دیار دەوەستین.

بۆ ئەوەی لە تابلۆکە بگەن ئەبێت سەرەتا بگەڕێینەو بۆ چیرۆکە کۆنەکە کە لە کۆتایی سەردەمی بزەنتینیەکاندا نووسراوەتەوە و دواتر کەنیسەی کاتۆلیکەکان و ئۆرتۆدۆکسەکان دان بەوەدا دەنێن کە لە کتێبی پیرۆزی تەوراتدا هاتووە. چیرۆکە کۆنەکە وەهایە هۆلۆفیس نموونەی زۆردارییە و بە زۆر لەگەڵیدا خەوتووە. کاتێک جۆیت بە نیمچە ڕووتی دەبینێت ئارەزوەی دەچێتە سەری و جۆیت ئەو هەلە دەقۆزیتەوە کە هۆلۆفیرنس سەرخۆشە و حەز بە نزیک بوونەوە ئەم دەکات لەگەڵ خزمەتکارەکەی ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە و بە خەنجەر سەری دەبڕن و لە جیگەی خەودا خەڵتانی خوێنی دەکەن و سەروەری بۆ گەلی ئیسرائیل تۆمار دەکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاشوریی و بابلەکان دەهێنن لەو دەڤەرەدا. 

لێرەوە جۆیت دەبێتە سومبۆلی جوانی ژن و ئازاییەتی و وەفا بۆ گەل و وڵات، لەگەڵ ئەوەی دیمەنی سەربڕینەکە لە تابلۆکەی (Gentileschi) زۆر تاریکتر و دڕندانەترە و دراماییترە و بە ئازارترە و بە ئەشکەنجەوە کاری سەربڕینەکە ئەنجامدرا و ئەو جێگەیەش کە کارەکەی تیا ئەنجام دراوە خڵتانی خوێنە، لە دیمەنی تابلۆی مایکل ئینجیلو خوێن فیچقەی نە کردووە ئاماژەییە بۆ ئەوەی کارەکە بە خیرایی ئەنجام دراوە بە بێ ئەشکەنجەدان. هەروەها (گۆستاف کلیمت) (Gustav Klimt) لە ساڵی ١٩٠١ دا تابلۆیەک لەسەر هەمان بابەت دەكێشێتەوە. بەڵام (جودیت) لە تابلۆی (کلیمت) دا لە زیندە خەودایە و سەری (هۆلۆفێرنس)ی لە بن دەستایە لەسەر تەختێکی ئاڵتوونی.

کلیـمت خۆی باسی لەوە کردووە و کە کاراکتەری جودیـت لە ڕووی فۆڕم و تەنانەت بیرکردنەوەشەوە جــیاوازە لە(Judith)ی (Gentileschi)، لێرەوە جیاوازیی ئەو وردەکارییانەی بەشدارن لەپێکهــاتەی داڕشتنـی تابلۆ لە ڕووی رووناکی و فۆڕم و دابەش کردنەوە کە لە کۆتایی دا دەبنە دیمەنی جیاواز و جیاوازی لە ڕووی بابەتیشەوە پێک دەهینن، ئەگــەرچی ســەرچــاوەی کارکردنەکان و تابلۆکان هــەمان سەرچــاوە و چیرۆکیش بێت. هەڵبەتە گرنگیی بابەت گەشەی بەردەوام دەداتەچۆنییەتی دەربڕینی بابەت لە سەردەمانی دواتر هونەرمەندان هەنگاوی جیاواز تر دەنێن لە بەرجەستە کردنی وێنە کە بیرۆکەکانیان لە سەر ململانێی خواوەند و ئەفسانەکان، ئمپراتۆریتەکانەوە دەگوازیتەوە سەر وێنەی واقعی کەسە سادەکان، لەم قۆناغەدا هونەرمەندان زیاتر وێنەی جەنگە زەمیینەکان دەکەن گرنگی دەدەنە ئازارەکانی تاکەکان و مرۆڤە سادەکان نەک بە تەنها بابەتی خەیاڵی و ئەفسانەییو وەک کاری (گوللەباران کردن)ەکەی گۆیا کە لەسەر یەکێک لە نیمچە دوورگەکانی ئیسپانییا ڕووی داوە جێگەی سەرنج و بایەخە. هەروەها تابلۆی (گوێرنیکا)ی پیکاسۆ کە باس لە جەنگی ئەهلیی سپانیا دەکات دەتوانرێت بوترێت کۆترەکەی ناو تابلۆکەی پیکاسۆیە کە بۆتە سیمبۆلی ئاشتی جیهانی، کە لە هەموو ڕووەکانی پێکهاتە و داڕشتنەوە جیاوزتر باس لە جەنگ دەکات. هەر هونەرمەندی بە شێوەی تایبەت بە خۆی جیاواز لەوی تر سەرەتا وەک هەڵوێستێکی مرۆیی بەرامبەر دەرەنجامە قێزەونەکانی جەنگ تابلۆ یان کێشاوە، لێرەوە دووجۆر لە دەربڕین هاتۆتە ئاراوە. یەکەمیان وەستانەوە بەرامبەربە قێزەونی جەنگ بە قێزەونترین و دڕندانەترین شێوە وەک تابلۆکەی (Gentileschi) دووهەم جۆریش وەک تابلۆکەی کلیمت کە جودیت تا رادەییەک شەڕانگێز دەرناکەوێت و بە نیانی باس لەدڕندەیی دەکات. وێنەی دوایی ڕووداوەکە نمایش دەکات. هەڵبەت هەڵوێستی هونەرمەندانی شێوەکار دەربارەی ئەو بابەتە درێژ کراوەی دەبێت لای هونەرمەندانی هاوچەرخیش بەڵام لە فۆڕمی زۆر جیاوار لە تابلۆ لە هەموو ڕووەکانی پێکهاتەی کاری هونەریی و جۆریی نمایشەوە.

شایانی باسە یەكێک لە هونەرمەندە دیارەکانی ئەم سەردەمە کە (مارینا ئابرامۆڤیچ) ە بابەتی شەڕانگێزی و ململانێ و جەنگ لە تێمە هەرە سەرەکییەکانی پێکهاتەی کارکردنییەتی. ئەم خانمە کە خۆی لەناو ژینگەی جەنگدا گەورەبووە لە (باڵکان). یەكێک لە کارە ناسراوەکانی کە بریتییە لە (پێرفۆڕمانس)ێک بە جەستەی خۆی بە ناوی (ڕیتمی سفر)ەوە جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردنە. کە لە ساڵی ١٩٧٢ ئەنجام دراوە. لێرەدا ئەم هونەرمەندە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە هۆڵی نمایشەکە بەرامبەر بە بینەر ڕاستەوخۆ رادەوەستێت بە بێ جووڵە و بێ دەنگ لەگەڵ ٧٢ کەرەستەی جیاواز کە لەسەر مێزێک نزیک لە خۆی دانراون: وەک گوڵ، قەڵەمی سووراو، ئاو، بزمار، دەمانچە و چەند شتی تریش، ئەوەی ڕووی دا تا رادەیەکی زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو کە رەفتاری بینەر وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە بێ جووڵەیی و بێدەنگیی ئەو، جلەکانیان لەبەر داکەند و بە دڕکی گوڵەکە زک و سنگیان بریندار کرد، ئاوی ساردیان پێدا کرد، کار گەیشتە ئەوەی دەمانچەشیان خستە سەر سەری بۆ کوشتن. ئازارێکی زۆریان دا. دوای ئەو شەش کاتژمێرە خۆی کەوتە جووڵە و بەرەو بینەر هەنگاوی نا و هاواری کرد. ئامادەبووان بە ترسەوە کشانەوە دواوە. لێرەوە ئابرامۆڤێچ هیچ شتێکی پێش وەختمان لە سەر شەڕانگێزی پیشان نادات بەڵکو ئەو لە ڕێگەی توانایی جەستەی خۆی و بینەرەکەیەوە ئەزموونی شەڕانگێزیمان پێشان دەدات. دوای ئەزموونکردنەکە ئەو پێی وابوو کە بڕێکی ئێجگار زۆر لە شەڕانگێزی لەناو مرۆڤدا پەنهانە و دەرفەتی ئەنجامدان و پراکتیزەکردنی نییە، چونکە بەربەستی زۆر لەبەردەم مرۆڤداییە بۆ ئەنجامدانی، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەربەستیی ڕەهای دەبێت، ئەوکات سنوروەکانی بەرامبەر دەبەزێنێت و شەڕانگیزییەکەی دەرفەتی ئەنجامدانی بۆ دەڕەخسێت.

لە کارێکی تری هەمان هونەرمەندا کە ساڵی ١٩٩٧ لە بیناڵی (ڤینیسیا) ئەنجامی دا و لە مێژووی مۆدیرندا جێگەی بایەخە، خۆی لە بەردەم چاڵێکدا نێوان ١٥٠٠ کیلۆ گۆشتی گا بە ئێسقانەوە بە چەقۆیەکەوە بەدەم گریان و گۆرانی وتن و گێڕانەوەی چیرۆکەکانی شەڕەوە خەریکی جیا کردنەوەی گۆشتەکەبوو لە ئێسقانەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ. رۆژی شەش کاتژمێر گیانی هەمووی خەڵتانی خوێن بوو هێشتا دەیگووت ئەبێت ئێسقانەکانی تریش پاک بکەمەوە لە گۆشت. ئەم کارەی وەک سومبولێک بۆ جەنگە یەک بە دوا یەکەکانی باڵکان بوو. کاری (ئابرامۆڤیچ) یش دەچێتە خانەی پۆلێنكردنی یەکەمەوە. بەتایبەت پێرفۆڕمانسی گۆشت و ئێسقانەکە کە خۆی لەناو خوێندا ڕاستەوخۆ هەڵکێشاوە، دیمەنێکی هێجگار قێزەون پیشان دەدات، لەگەڵ ئەوەی ئەو هونەرمەندانە بابەتەکانیان لەسەر جەنگ پێشکەش کردووە. بەڵام جیاوازیی زۆر گرنگ لە ستایلی خستنەڕوو لە ڕێگەی یەکە بەشداربووەکان لە کارە هونەرییەکان بۆ یەکەیەکی یەکانگیری دەرەنجامی کارە هونەرییەکان لە ڕووی فۆڕمەوە. جیاوازی لە ناوەرۆکی بابەتەکانیان بەرهەم دەهێنن. لای ماریانا ئەو جیابوونەوەییە زۆر بە روونی بەرچاو دەکەوێت کاتێک ئەو بۆخۆی دەبێتە بەشێک لە بابەت و بکەرێک کە بەشدارە لەو چیرۆکەی باسی لێوە دەکات تا لە ڕێگەی تیا ژیانی ڕووداوەکەوە هەرچی زیاتر ڕووداوەکە بەزیندوویی نمایش بکات.تا دوا ئەندازە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بینەرەکەی دروست بکات. لەو بەرهەمە هونەرییانەی لەمێژەوە تا ئەم ساتە درێژەییان بەو بابەتانە داوە. چونکە ململانێ و جەنگەکان بەردەوامن و بەردەوام فۆڕمی خۆیان دەگۆڕن، هونەریش وەک هەڵوێستی مرۆیی بۆ بەشداریكردن وەک پەرچە کرداری شەرانگێزی درێژەی دەبیت.


ڕیکلام