رەفیق سابیر: رەنگە ئامانجی ئەدەبیی من ئەوە بێت، لە رێگای شیعرەوە، مانایەک بە بوون و ژیانی خۆم بدەم

  2020-09-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەكێك لە دەنگە جدیەكانی ناو ئەدەبیانی كوردی كە ساڵامێكە هەموان بە شیعرەكانی ئاشناین، دكتۆر (ڕەفیق سابیرە) لەم دیدارەدا ئەو پەنجە دەخاتە سەر ئەزموونی شیعری خوی.

سازدانی: شاخەوان سدیق

*شیعر یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین و كۆنترین ئه‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بیانه‌ی كه‌ به‌درێژای مێژوو له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ژیاوه‌، (كازانزاكیس) یش ده‌ڵێت( شیعر ئه‌و خوێیه‌یه‌ كه‌ ناھێڵێت جیهان بۆگه‌ن بكات) به‌بڕوای ئێوه‌ ئه‌م گرنگیه‌ی شیعر له‌ چییه‌وه‌ ھاتوه‌؟ تۆ بۆده‌ته‌وێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییه‌؟

رەفیق سابیر: شیعر هونەرێکی زمانی و چڕترین ژانری ئەدەبییە، کە بە هۆیەوەجوانی و سروشتی فرەڕەنگی و فرەدەلالەتی زمان، دەردەکەوێت. شیعر بە هۆی ئازادکردنی زمان و داهینان لە زماندا، لە ئەنجامی گۆڕینی زمان لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە بۆ هونەر، تایبەتمەندیی خۆی، وەک ژانرێکی ئەدەبی، دەسەلمێنێت. شیعر، وەک مۆسیقا، پێداویستییەکی رووناکبیری، رۆحی و سایکۆلۆجیی مرۆڤە. لەچاو ژانرە ئەدەبییەکانی تردا، لە هەست و هزری خۆرسکیو خەیاڵی سەرکەش و دونیای جەنجاڵی ناوەوەی مرۆڤ نزیکترە. بۆیە، بە رای من،  لە هەموویان زیاتر پێویستیی بە ئازادی و زمانی ئازد، هزری ئازاد، خەیاڵ و دەربڕینی ئازادانە هەیە. زمانی شیعر جیاواز، پوختە وبژارکراوە، هەروا زمانێکی ناڕاستەوخۆ، پڕ دەلالەت،پڕ مێتافۆر و سنووربەزێنە. لە شیعردا، زۆر جار، وشە مانا قامووسییەکەی ون دەکات و وەک سیمبولێک دەردەخرێت، یان واتایەکی تری پێ دەدرێت.مێتافۆر و وێنەی شیعری، کە بنچینەی زمانی شیعریین بە گشتی، مانای نوێی وتن و دەربڕینی نوێ لە زماندا، دادەهێنن.زمانلە فۆرمێکی نوێدا دەردەخەن، سنووری دەربڕینی زمان بەرینتر و ئاسۆکەی رەنگینتر و مەودای فانتازیا و بیرکردنەوەی مرۆڤ فراوانتر دەکەن.

شیعر سنووری زمان و بیرکردنەوە و خەیاڵ و لوجیک دەبەزێنێت، مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوەی ئازاد و ئازایانە دەبات. لە شیعرەوە فێر دەبین کە ئازادیی راستەقینە لەناخمانەوە سەرهەڵدەدات،راستییش لەناو خۆمانەوە دەست پێ دەکات. بە بێ دەستخستنی ئەو ئازادییە ناوەکییە، بە بێ گەیشتن بەو راستییە نیوخۆییە، زەحمەتەلە دەرەوەی خۆماندا ئازادی و راستی بەدەست بهێنین. نیتشە (١٨٤٤-١٩٠٠)دەڵێت "بۆ ئەوەی لە راستی دانەبڕێین، دەبێ هونەرمەندانە بژین". 

شیعر، وەک هونەر،ئاسۆی بیرمان بەرین ولە ناخەوە ئازادمان دەکات، ئازادی بەرەو بوێری و یاخیبوونمان دەبات، تا لە دەرەوەی خۆمان، بە دوای ئازادیدا بگەڕێین، داکۆکی لە راستی بکەین. مرۆڤی ئازاد ناتوانێت لەناو کۆمەڵێکی نائازاددا دەستەمۆیانە هەڵبکات.بۆ ئەوەی ریتمی ژیانی خۆی بپارێزێت، لە دەرەوەی خۆی بۆ ئازادی دەگەڕێت. هەوڵ دەدات لەو کۆت و داوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە دەرباز ببێت، کە چواردەوریان تەنیوە.رێکەوت نییە کە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و ستەم، سەرەتا لە شیعردا دەردەکەوێت. لە رەوشی خەباتی رزگاریخوازیدا شیعر، لەناو ژانرە ئەدەبییەکاندا،دەبێتە بڵندگۆی یاخیبوون و ئازادی و پێشەنگی ئەدەبی بەرگریی نەتەوە.بۆ نموونە شیعری بەرگریی فرەنسایی لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی و داگیکردنی فرەنسا، لە لایەن نازییەکانی ئەڵمانەوە، شیعری بەرگریی ڤێتنامی، ئایرلەندی، فەلەستینی و کوردی ..تاد.هەروا ئەوەندەی بزانم،لە زۆربەی وڵاتاندا، سەرەتاکانی بیری رۆشنگەری و مۆدێرنیزم،خەونی نوێخوازی و یاخیبوون لە هزری بەردین و نەریتی دەقگرتووی ئەدەبی و سیستمی کۆنخوازی و ستەمی ئاین و دەزگا ئاینییەکان، سەرەتا لە شیعردا دەرکەوتوون، دواتر ژیانی فیکری، رووناکبیری، سیاسی و کۆمەڵایەتییان گرتۆتەوە.لە ئەدەبی کوردیدا خانیی مەزن و حاجی قادری کۆیی، کە زۆر پێش سەردەمی کۆمەڵەی خۆیان کەوتبوون، دوو بەڵگەی روونی ئەم بۆچوونەی سەرەوەن. دیارە لە شیعری زۆر نەتەوەی تریشدا، ئەم نموونانە هەن، کە لاموایە ئێرە جێگای باسکردنیان نییە.

شیعر لە بواری کولتووری و زمانییشەوە، بایەخدارە و دەکرێت بە ئاوێنەیەکی ژیانی رۆحیی نەتەوە دابندرێت. گیانی نەتەوە، خەون و روانینی بۆ ژیان و بوون و سروشت، هەروا لایەنی جۆراوجۆری ئێتنۆگرانی و کۆمەڵایەتیی نەتەوە، بە روونترین شێوە، لە شیعردا دەردەکەون. رێکەوت نییە کە مێژووی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی وشەڕ و نەبەردیی گەلانی سەردەمی بابلییەکان و گریکی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست و دواتریش، لە داستان و چیرۆکیشیعریدا، رەنگیان داوەتەوە. بۆ نموونە داستانی گلگامشی بابلی، ئەلیادە و ئۆدێسای هۆمێرۆس، شانامەی فیردەوسی، (سوارێک لە کەوڵی پڵنگدا)ی شاعیری گورجستان شۆتا رۆستاڤیللی، مەم و زینی خانی ...تاد.

زمان لە رێگای شیعر(هەروا فەلسەفە) گۆڕانی بەسەردا دێت، گەشە دەکات، پێش دەکەوێت، توانای داهێنەرانەی خۆی پێشان دەدرێت. ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی دەیسەلمێنێت کە بوژانەوەی شارستانەتی،زمانی، کولتووری و سەرەتای دەرکەوتنی هەستی نەتەوەیی و خۆناسینی نەتەوەیی،لە هەندێک وڵات، لەوانە لە کوردستاندا،سەرەتا لە شیعردارەنگیان داوەتەوە، شیعر وێنەیەکی گشتی و جۆراوجۆری ژیانی رۆحی، فیکری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیان پێشان داوە. بۆ نموونە لە سەردەمی میرنشینی بۆتان، ئەردەلان و باباندا،پێداویستیی دروستبوونی زمانی ئەدەبی (زمانی نووسین) رەخسا. لە سایەی هەر میرنشینێکدا شیعر، وەک تاقە ژانری نووسراوی ئەدەبی، بە شێوەزاری زاڵی هەر ناوچەیەکی میرنشینی،دەرکەوت. بۆ یەکەم جار، لە رێگای شیعرەوە،زمانی کوردی، بە شێوەزاری کرمانجی، دواتر گۆران (هەورامی) و دواتریش کوردیی خواروو، لە زمانی پەیڤینەوە گۆڕدران بۆ زمانی نووسین و ئەدەبیات گەشەیان پێ درا.لە شیعری ئەو سەردەمانەدا، کە بە شیعری کلاسیکی کورد ناسراون و بە نموونەی بەرزی شیعری کلاسیکی رۆژهەڵات دادەندرێن،زۆر لایەنی هزر وبیرکردنەوە و تێڕوانینی مرۆڤی کورد بۆ ژیان و داهاتوو دەبیندرێن.بە هۆی ئەو شیعرانە بنەماکانی هونەر و تەکنیکی شیعر و مەجاز و وێنەی شیعری و جۆرەکانی کێش و عروز و رەوانبیژی ..تاد، لە ئەدەب و زمانی کوردیدا، چەسپێندران. هەروا لەو شیعرانەدا زۆر لایەنیژیانی فیکری، کولتووری,کۆمەڵایەتی و ئێتنۆگرافیی کۆمەڵی ئەو سەردەمانەی کوردستان و سەرەتاکانی هەستی نەتەوەیی، پێشان دراون. رێکەوت نییە کە شیعر، لە چەندان وڵاتی تردا، هەمان رۆڵی لە ژیانی کولتووری و نەتەوەییدا بینیوە. بۆ نموونە زمانانی فارسی، بوڵگاری و ئۆکراینی..تاد.لە رێگای شیعرەوە، لە زمانی ئاخاوتنەوە، گۆڕدران بۆ زمانی نووسین.سەرەتاکانی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی، لەو وڵاتانەدا، لە شیعردا دەرکەوتن و بە هۆی شیعرەوە بڵاو بوونەوە، زەمینەی کولتوورییان بۆ دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم و بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەیی رەخساند. کەچی لە هەندێک وڵاتی ترزمانی نووسین،لە رێگای تێکستی ئاینییەوە، دەرکەوتووە. بۆ نموونە تەورات و زمانی عیبری، قورئان و زمانی عەرەبی، ئینجیلی تەرجومەکراوی لۆسەر وزمانی ئەڵمانی. ئەم بەراوردە خێرایەی نێوان شیعر و کتێبی ئاینی، بایەخ و شوێنی تایبەتی شیعر، لە ژیانی کولتووری و رۆحیی کۆمەڵێک گەل، لەوانە گەلی کوردستاندا، دەردەخات. رەنگە لەبەر ئەمەش بێت،کە هێشتا لە کوردستاندا، شیعر ئەرکی سیاسی بۆ دادەندرێت، داوا دەکرێت وەک ئامرازێک، لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەکار بهێندرێت.

دواجار دەبێت بڵێم کە شیعر بە جوانیمان دەناسێنێ، رۆحمان لە جوانی دەگرێت و هەستی جوانیمان بە جۆرێک بێدار دەکاتەوە کە،جوانیی شتە سادە و ئاساییەکانیشببینین. رۆحێکی هۆگری شیعر و هونەر،دەتوانێت ئازاد و جوان، ژیاندۆست و ئەویندار، بێت. خۆی لە ئیرەیی، کینە و توندوتیژی بەدوور بگرێت. جوانی دیارییەکی دەگمەنی سروشت و ژیانە، جوانی ئارامی و ئاسوودەییە، دەسەڵاتە، جوانی بەختەوەرییە. شیعر، لە رێی جوانییەوە، لە رێی ئازادییەوە، بە هۆی ئاوێزانبوونیژیان، سروشت،بوون وئینسان، دەتوانێت توانای جوانناسی، هاوسۆزی و مرۆڤدۆستیمان پەرە پی بدات، فێرمان بکات رێزی ژیان،ئینسان،سروشت وحەیوان بگرین.

من بەو جۆرە بۆ شیعر و گرنگیی شیعر دەڕوانم. بە پێداویستییەکی ژیانی رۆحی، هونەری و رووناکبیریی خۆمی دەزانم. رەنگە ئامانجی ئەدەبیی من ئەوە بێت، کە لە رێگای شیعر و هەوڵدان بۆ نووسینی چەپکە شیعرێکی لەو شێوەیەی لەسەرەوە باس کرا، ستایشی جوانی، ئەوین و ئازادی بکەم،مانایەک بە بوون و ژیانی خۆم بدەم.

*كاتێك كه‌ ئه‌زمونی شیعری تۆ ده‌خوێنینه‌وه‌، تیایدا هه‌میشه‌ هه‌ست به‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی دیار یان شاراوه‌ بۆ ڕابردوو ده‌كه‌ین و له‌وێوه‌ به‌ر دونیای شته‌ بچوك و ساده‌كانی‌ ئه‌شقێكی‌ ناكام، به‌ زمانێكی قوڵ ده‌كه‌وین، ئه‌م گرنگیدانه‌ به‌ ڕابردوو بۆ؟ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو ڕاڤه‌كردنی‌ عه‌شق، ته‌نها كه‌ره‌سته‌یه‌ بۆ بنیاتنانی شیعر یان یاده‌وه‌ریه‌كی له‌ ده‌ستچووی تۆیه‌ و شیعر قه‌ره‌بووی له‌ ده‌ست چونیت بۆ ده‌كاته‌وه‌؟

رەفیق سابیر: ئەم سەرنجەت زیاتر پەیوەندیی بە هەندێکلەو هۆنراوانەوە هەیە، کە لەم هەشت/نۆ ساڵەی دواییدا نووسیومن. رابردوو زەمانێکی ئەبستراکت (موجەرەد) نییە، کە لەگەل بەسەرچوونیدا، ون ببێت. رابردوو ئەزموونە، ژیانە لە سەردەمێکدا، کە بەردەوام دەتوانێت، لە بیر و رەفتار و کاری مرۆڤدا، خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا،رابردوو، یان بەشێکی رابردوو، روونتر خۆی دەردەخات و وەک سێبەر لەگەڵ مرۆڤدا رێ دەبڕێت. هەندێک جار ئێستا، بە بەراورد لەگەڵ رابردوودا، جوانی و واتا و بایەخی خۆی دەردەخات. کورد دەڵێت (ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار). دیارە ئەم ئیدیۆمە لەگەڵ سروشتی ژیاندا، کە هەمیشە لە گۆڕان و پێشکەوتن و نوێبوونەوەدایە، نایەتەوە. بەڵام لە ئەزموونی تاکەکەسدا، کە مرۆڤ، وەک هەر دیاردەیەکی زیندوو، بەرەو پیربوون و لاوازبوون و پووکانەوە دەڕوات، تا رادەیەک دروستە. گەڕانەوە بۆ رابردوو، نۆستالجیا و غەریبیکردنی شوێن و کەس و دۆست و یارانی لەدەستچوو، دیاردەیەکی مرۆیین و بەشێکن لە ژیان و سروشتی مرۆڤ. بۆیە گەڕانەوە بۆ رابردوو، لە شیعردا،دەکرێت وەک زۆر دیاردەی تری ژیان،کەرەستەیەکی بنیاتنانی شیعر و هونەر بێت، وەک بەڕێزت ئاماژەت پێ کردووە، بەڵام ئەمیش، وەک هەر کەرەستەیەکی تری شیعر،ناشێتبە جۆرێکی میکانیکییانە، بەکار بهێندرێت، بەڵکولە رەوشی داهێناندا، دەگۆڕدرێت بە شیعر و هونەر. بە رای من گەڕانەوە بۆ رابردوو، وەک حاڵەتێکی سایکۆلۆجی،رەنگە هەندیک جار،خۆدزینەوەیەکی کاتی بێت لە ئێستا و هەندێک گرفت و خەفەت و سەرئێشە، کە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەیدا روو بە روویان دەبێتەوە. یان دەکرێت ئاوڕدانەوە بێت بۆ هەندێک ئەزموونی تایبەت، کە هێشتا، وەک کات و رووداویبەسەرچووی گرنگ و خۆش، جوانی و مانای خۆیان لەدەست نەداوە.لەگەڵ مرۆڤدا دەژین، هێز و ئاسوودەیی و سێبووریی دەبەخشن. بەرجەستەکردنی ئەم جۆرە ئەزموونە، لە شیعردا، دەشێت رواڵەتێکی گشتیی پێ بدات و لە ئەزموونی تاکەکەسییەوە، بیگۆڕێت بە ئەزموونی کەسانی تریش.

*نوسه‌رێك ده‌ڵێت" پتر له‌ هه‌ر شتێكی تر بۆیه‌ شیعر ده‌نوسم هه‌تا بتوانم باسی خۆم بكه‌م" ئه‌پرسم تۆ تاچه‌ند له‌ نوسینه‌كانتا خۆت ئاماده‌ی؟ تۆ خۆت ده‌نوسیته‌وه‌، یان ئه‌وانی تر، له‌كاتی نوسیندا خۆتو دنیا تایبه‌ته‌كه‌ی خۆتت له‌ بیره‌؟ یان تۆ بۆ خوێنه‌ر ده‌نوسیت و له‌ پێش نوسین و دوای نوسینیشا خوێنه‌رت له‌ بیره‌و بۆ ئه‌وان ده‌نوسیت.؟ شیعر په‌یوه‌ندیه‌كی زاتییه‌ یان گشتی؟

رەفیق سابیر: من،پێش هەر شتێک، لەبەر خۆم شیعر دەنووسم. بۆیە شیعر دەنووسم، چونکە ناتوانم نەی نووسم. شیعر دەنووسم بۆ ئەوەی هەنگاوێک لە ئازادی، جوانی، راسیتی و لە خۆم نزیکتر ببمەوە.هەست و بیر و بۆچوونم، کە ئاوێتەی ژیان و ئەزموونی تایبەت و کۆمەڵایەتی بوون، بەرامبەربوون و سروشت و مرۆڤ، دەرببڕم. کاتێک دەڵێم لەبەرخۆم شیعر دەنووسم، واتا لەبەر ئینسانشیعر دەنووسم. ئەوەی من لە شیعردا بۆی دەگەڕێم، پەیوەندیی بە مرۆڤایەتییەوە هەیە. شیعر دەنووسم تا باشتر خۆم بناسم. ئەگەر مرۆڤ خۆی نەناسێت، ئاسان نییە بتوانێت کەسانی تر بناسێت.لە شیعر (هەروا لە هونەر)دا مرۆڤ چەند باسی خۆی و دونیای تایبەتی خۆی بکات، (من)ی تاکەکەس، لەو سنوورە تایبەتەدا نامێنێتەوە بەڵکو، لە رەوشی نووسین و داهێناندا، دەگۆڕدرێت بە (من)ی کەسانی تریش. خەم و خەون و ئاوات و گرفتەوجودییەکانی مرۆڤ، لە هەر کوێ بن، لە یەکترییەوە نزیکن، کاتیکلە فەزای ئەدەب و هونەردا رەنگ دەدەنەوە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە ناویاندا ببینێتەوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە رەنگە ئەمە چیرۆک و ئەزموونی تایبەتی کەسێکی تر بێت، کە داهێنەرەکەیە. شاعیری گەورەی پورتوگال فێرناندۆ پێسوا (١٨٨٨- ١٩٣٥) دەڵێت:
من هیچ نیم و 
رۆژێ لە رۆژانیش نابم بە شتێک، ئەوە نەبێ
لە ناخی خۆمدا 
خەونی هەموو جیهانم هەڵگرتووە.

ئەو کاتانەی شیعر دەنووسم، لە دەوروبەرم و تەنانەت لە خوێندنەوەش دادەبڕێم،بیر لە خوێنەر ناکەمەوە،بە تەواوی لەگەڵ خۆم و لەناو شیعردا بەند دەبم، بەڵامئازادانە بە دونیای خۆم و بیرکردنەوە و فانتازیاکانمدا دەگەڕێم. لە رەوشی نووسیندا، چەندان جار،هۆنراوەکە دەستکاری و پاکنووس دەکەمەوە.پۆل ڤالێری (١٨٧١-١٩٤٥) دەڵێت " تەنیا لە یەکەم دێڕەشیعردا ئیلهام دێت، بەڵام دەبێت خۆت قەسیدە، دروست بکەیت". کاتێک هۆنراوەکە تەواو دەکەم، هەوڵ دەدەم، لە نووسەری شیعرەکەوە، ببم بە رەخنەگری. بە وردی پێیدا دەچمەوە، زۆربەی جار هەندێک ئاڵوگۆڕیی تری تێدا دەکەم. لە کاتی نووسیندا، شیعر بە جۆرێک داگیرم دەکات کە هەندێک جار بە نوستووییش لەگەڵ ئەو تێکستە دەژیم کە خەریکی نووسینیم. وەک نموونەیەکی بچووک رووداوێک، لەم بارەیەوە، دەگێرمەوە، کە خۆم ئاگام لێ نەبووە و چەند جارێک (ئێکا)ی هاوسەرم، بۆ خۆشی، گێڕاویەتەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ لە شام، سوریا، دەژیاین.ئەو رۆژانە بە تەواوی سەرقاڵی نووسینی هۆنراوەی (لاوکی هەڵەبجە) بووم. نیوەشەوێک، لەسەرپشت نووستبووم و بە ئارەزووی خۆم پرخاندبووم. ئێکا بە خەبەری هێنابووم بۆ ئەوەی خۆم بخەمە سەر لاتەنیشت. من پێم وتبوو چاوەڕێ بکە با ئەو دێرە تەواو بکەم و خاڵ دابنێم!

* زۆرێك له‌وانه‌ی ئه‌زمونی شیعری تۆیان خوێندۆته‌وه‌ پێیان وایه‌ ئه‌زمونی شیعرنوسینی تۆ ئه‌زمونێكی (هێمنه‌) به‌جۆرێك كاتێك توڕه‌ش ده‌بیت یان نیگه‌ران ده‌بیت و توشی جۆرێك له‌ هه‌ڵچوون ده‌بیت له‌ شیعردا ھێشتا بێزاری و توره‌بوونه‌كانت ده‌ربڕینێكی هێمنانه‌یه‌، به‌نمونه‌ش له‌ شیعری (بێ هیوا چۆن بژیم) ئه‌م هێمنییه‌ له‌ چییه‌وه‌ ھاتووه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سایه‌تیی خۆته‌وه‌ ھه‌یه‌؟ یان شیعر خۆی ئه‌وه‌ ده‌خوازێت، ناكرێت چون له‌ باسی په‌پوله‌دا مرۆڤ ناسكه‌ ئاواش له‌كاتی ده‌ربڕینی ناشیرینیه‌كاندا مرۆڤ زبربێت، ئه‌گه‌ر له‌ شیعریشدابێت؟

رەفیق سابیر: مرۆڤ بەو ئەندازەیەی دەتوانێت هیمن و میهرەبان بێت، بە هەمان ئەندازە دەتوانێت زبر و توندوتیژ بێت و بەرازانە رەفتار بکات. ئەمانە حاڵەتێکی مرۆیین ولەخۆشەویستی وکینەوە سەرچاوە دەگرن. بە رای من سنووری نێوان خۆشەویستی وکینە، هەنگاوێکە. مرۆڤ بەو ئەندازەیەی دەتوانێت کەسێکی خوش بوێت و لەگەڵیهێمن و نیان و میهرەبان بێت، دەتوانێت، بە هەمان ئەندازە و زیاتریش،رقی لە هەمان کەس ببێتەوە،زبر و کینەدارانە و توندوتیژانە رەفتاری لەگەڵ بکات. ئیرەیی، دڵپیسی و هەستکردن بە فێڵ و غەدری کەسێکی نزیک، یان خۆشەویستێک دەتوانن، ئەگەر مرۆڤ وریای خۆی نەبێت، بە ئاسانی، میهرەبانی و خۆشەویستی بگۆڕن بە رق و کینە و توندتیژی. هێمنیو میهرەبانی هونەرن، مرۆڤ لە رەوشی ژیان و ئەنجامی پەروەردە و دیسپلیندا، فێریان دەبێت. کەچیزبری و کینە و توندتیژی، خوون (خوویەکیغەریزەیی/ ئاژەڵیین) کە توانای بێ سنووری بریندارکردن و وێرانکردن و لەناوبردنیان هەیە. هەردوو حاڵەتیش، مرۆیین و لە ئەدەب و هونەردا بە فراوانی دەبیندرێن.

بەڵام سەبارەت بەئەزموونی شیعریی من، کە بەڕێزت بە ئەزموونێکی (هێمن) ناوت بردووە، رەنگە بەشێکی پەیوەندیی بە کەسایەتیی من و پەروەردە و بە هەڵکشانی تەمەن و ئەزموونی ژیانەوە هەبێت، بەشەکەی تری رەنگەتایبەتمەندی، یان لایەنێکی تری ئەزموونی شیعری و تێڕوانینی شیعریی من دەربخات، کە بەردەوام، لە رەوشی ژیان و نووسیندا، گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بەڵام منیش مرۆڤم و مارکس وتەنی (هیچ شتێکی مرۆیی بە من نامۆ نییە) بۆیە منیش رەنگە، لە سەردەمانێک، بە جۆرێکی تا رادەیەک زبر، باسی ئەزموونێکی تایبەتی خۆممکردبێت.

* كاتێك به‌ر نوسین یان ده‌قێكی تۆ ده‌كه‌وین له‌گه‌ڵیدا به‌ر زمانێكی جیاواز له‌ ده‌ربڕین ده‌كه‌وین، ده‌مه‌وێت بپرسم زمانی جیاواز یان جیاواز نوسین، تاچه‌ند بۆ نووسه‌ر گرنگه‌؟ ئایا زمانی جیاواز مه‌رجه‌ بۆ پرۆسه‌ی داهێنان؟

رەفیق سابیر: هەر تێکستێکی ئەدەبی/فەلسەفی، پێش هەر شتێک زمانە. تێکست، بە بێ زمان، نابێت. تایبەتمەندیی هەر شاعیرێک، لە بنەڕەتدا، لە زمانەکەیدا، لە شێوازی بەکارهێنانی داهینەرانە و تایبەتییانەی زماندا دەبیندرێت. زمانێکی شیعریی پوخت و ناراستەوخۆ، پڕدەلالەت و مێتافۆر، تایبەتمەندییەک بە شاعیر و شیعرەکانی دەدات، تێکستەکانی دەرفەتی لێکدانەوەی جۆراوجۆر و خوێندنەوەی جیاواز دەڕەخسێنن. زمان بۆ نووسەر، وەک رەنگ و هێڵ بۆ نیگارکێش، گرنگترین کەرەستەی داهێنانن. بەڵام ئەم کەرەستانە، وەک هەر کەرەستەیەکی تری بۆ نموونە دارتاشی، یان خانووسازی، بێلایەن و پاسیڤ و کەنارکەوتوون. داهێنەرچالاکیان دەکات، فۆرمی نوێی تایبەت، ناوی نوێ و ژیانیان پێ دەبەخشێت و دەیانگۆڕێت بە تێکست،یان بە هونەر.لە رەوشی ئەم گۆڕانکارییەدا، هەست و هزر و فانتازیا و ستایل و ئەزموونی تایبەتی نووسەر/ هونەرمەند، ئاوێتەی ئەو کەرەستانە دەکرێن و لە شێوەیداهێنانێکی نوێدا،مانا و فۆرم و ناوەرۆکی تایبەت وەردەگرن. توانا و لێهاتوویی هەر هونەرمەندێک و بایەخی کارەکەی، لە هەر بوارێکدا بێت، لە چۆنییەتی و لە تایبەتمەندیی شێوازی بەکارهێنانی کەسەرەستەکانیدا، کە بۆ شاعیر زمانە، دەردەکەون. شاعیر، لە رێی زمانەوە، خۆی پێشان دەدات،هەست و هزر و جیهان و تایبەتمەندیی خۆی دەردەخات. جیاوازیی زمان، لە نووسیندا، جیاوازیی ستایل و بیرکردنەوەیە، جیاوازیی کەسایەتی و ئەزموون و تێڕوانینن و ئاستی هزرییە. بە رای من داهێنان لە شیعردا، پێش هەر شتێک، داهێنانە لە زماندا، دوورکەوتنەوەیە لە قالبە سواوەکانی زمان و لاساییکردنەوە،دۆزینەوەی شێوازی نوێی وتنە، کە سنووری زمان بەرینتر دەکەن. من لە جێیەکی تر وتوومە کە 'زمان بۆ شاعیر وەک روخسارە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ بە روخساری و شاعیر بە زمانەشیعرییەکەی، دەناسرێنەوە'.

*به‌گشتی ئه‌گه‌ر سه‌یری شیعری كوردی، به‌تایبه‌ت شیعری دوای ڕاپه‌ڕین بكه‌ین، ده‌بینین ڕه‌شبینییه‌كی زۆر باڵی به‌سه‌ر فه‌زای زۆرێك له‌و تێكستانه‌دا گرتووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ شیعری گه‌نجه‌كاندا، ئه‌ویش به‌جۆرێكه‌، كه‌ مرۆڤ له‌ خوێنه‌وه‌یاندا جگه‌ له‌ ئازارو برین و بێزاری تامی هیچ شتێكی تر ناكات، پێتان وایه‌ ھۆكاری ئه‌مه‌ چییه‌؟ شیعر بۆ پیشاندانی ناشیرینیه‌كانی ژیانه‌؟ یان دۆزینه‌وه‌ی جوانییه‌ شاراوه‌ نه‌بینراوه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و دونیا نوێیه‌یه‌ كه‌ مرۆڤه‌كانی تر كه‌متر په‌ی پێده‌به‌ن؟

رەفیق سابیر: ئەم دیاردەیەی باسی دەکەیت رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی باشووری کوردستانە. بەرهەمی دۆخی پڕ ستەم و فەسادی و بێدادییە، کە وڵاتی لە گەڵەکەی، بە تایبەت لە لاوان، کردۆتە زیندانێکی گەورە. کۆمەڵی کوردستان نەیتوانیوە سادەترین پێداویستییە مادی و رۆحییەکانی مرۆڤ دابین بکات، بۆیە مرۆڤ بە کۆمەڵی خۆی نامۆ کراوە. گەلی باشووری کوردستان، دواینیو سەدە قوربانی و ئەنفال و کیمیاباران و بەکوشدانی سەدان هەزار کەس، لە داگیرکارێکی بیانی رزگار بوو، کەچی لە پڕ خۆی لە ئامێزی داگیرکارێکی تردا دۆزییەوە. ئەم دۆخە نائومێدییەکی گەورەی لەناو خەڵکدا دروست کردووە، بە تایبەت لەناو لاواندا، کە بە رای من لە ریزی بەدبەختترین و ستەملێکراوترین لاوانی جیهانن. بۆیە رێکەوت نییە کە بەشیک لە لاوانبە خۆیان و کۆمەڵ و دەوروبەر نامۆ و بێئومێد ببن و لە شیعرەکانیاندا، بەو شێوازەی باستان کرد، پێشانی بدەن.

لەپاڵ ئەو هۆکارانە، رەنگە تێڕوانینی سادەی بەشێک لەو شاعیرانە بۆ شیعر،کەمی رۆشنبیری و زانیاریی شیعرییان وئاگادارنەبوونی زۆربەیان لە شیعر و ئەدەبی گەلانی دی، بەرەو ئەو جۆر شیعر و ستایلە شیعرییەی بردبن، کە هۆنراوەکانیان زیاتر لە دووبارەکردنەوە، یان تا رادەیەک لاساییکردنەوەی یەکتری دەچن.لە رووی هونەری شیعریشەوە لاوازن،راستەوخۆ، پەخشانئامێز، سادە و درێژدادڕن و بەشێکی زۆریان شایەنی بڵاوکردنەوە نین. دیارە نەبوون، یان لاوازیی رەخنەی ئەدەبی و گروپچێتی و سێکتەچێتیو دابڕانی زانکۆ لە ژیانی ئەدەبی ورووناکبیری و کەمی و نزمی ئاستی باس و لێکۆڵینەوەی ئەکادێمی، زەمینەیان بۆ ئەم ئاژاوە ئەدەبی و کولتوورییە رەخساندووە. لە ئەنجامدانۆرم و پێوانەی شیعری، رەخنەیی و ئێستاتیکی لە گرێژەنە چوون، زمان و جوانی و زەوقی گشتی شێوێندراون.

*پێم خۆشه‌ لەباره‌ی په‌یوه‌ندی شاعیر به‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ سه‌رنجت بزانم، (پابلۆنیرۆدا) له‌ وتارێكیدا ده‌ڵێت" ئێمه‌ی شاعیران مافی خۆمانه‌ شادومانبین، به‌و مه‌رجه‌ی شان به‌شانی گه‌له‌كه‌مان و له‌كاتی به‌رخۆدان و ڕێگای خۆشبه‌ختیدا له‌گه‌ڵیان بمێنینه‌وه‌. یان له‌ جێگایه‌كی تردا ده‌ڵێت" شاعیر هه‌رگیز سڵ له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ به‌شۆڕشگێڕ ناوی ببه‌ن، چونكه‌ شیعر خۆی شۆڕشه‌" مه‌به‌ستمه‌ بپرسم تاچه‌ند پێتان وایه‌ كه‌ ده‌بێت شیعرو شاعیر له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵك بن و شیعر به‌شێك بێت له‌ خستنه‌ ڕووی ئازاره‌كانیان.

رەفیق سابیر: ئەم پرسیارە دوو لایەنە، لایەنێکیان پەیوەندیی بە هەڵوێستی سیاسی و ئەخلاقیی شاعیرەوە هەیە، لایەنەکەی تریان پەیوەندی بە رۆڵیسیاسی و کۆمەڵایەتیی شیعرەوەهەیە. 

لایەنی یەکەم: بەشداربوونی شاعیران و رووناکبیران، لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەیاندا، دیاردەیەکی جیهانییە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی بەرەورووی داگیرکردن و دیکتاتۆریا و فاشیزم بوونەتەوە. لە هەندێک لەو وڵاتانەدا، بۆ نموونە لە ئایرلەندا، فەلەستین و کوردستان، خەڵک چاوەڕوانی زۆریان لە شاعیران هەبووە، متمانەیان پێ کردوون،هەندێک جار،وەک پێشەنگی خەباتی رزگاریخوازی بۆیان رووانیون. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشەوە، داکۆکیکردن لە ئازادی و داد و دیموکراتی، بەرەنگاربوونەوەی ستەم و دیکتاتۆریا، وەک نۆرمێکی جیهانی، بە کاریگرنگی رووناکبیران (بە شاعیرانیشەوە)دادەندرێن. چونکە رووناکبیرناکرێت تەنیا بەتەنگ کێشە و گرفتەکانی خۆیەوە بێت، بەڵکو دەبێت لەو مەسەلە و گرفتانەیش بێتە دەنگ، کە گرفت و مەسەلەی خەڵک و کەسانی ترنو راستەوخۆ پەیوەندییان بە خۆیەوە نییە. گرامیشی لەمەش دوورتر دەڕوات و وەک بیرمەند و ئایدیۆلۆجیستێکی مارکسی، چەمکی (رووناکبیری ئۆرگانیکی) دادەهێنێت، کە ئەمڕۆ بە دەگمەن باس دەکرێت. بە بۆچوونیئەو رووناکبیر دەبێتنەک تەنیا بە هزر و نووسین و هەڵوێست لەگەڵ پرسی گەڵبێت، بەڵکو پێویستە بەکردەوەش لە بزووتنەوەی سیاسی و رێکخراوەیی گەڵەکەیدا بەشدار بێت.ئەوەندەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە، بۆچوون و هەڵوێستم،بە تایبەت لەبارەی پەیوەندیی نێوان شاعیر و گەلەکەی، لەگەڵ بۆچوون و هەڵوێستی نێرۆدایەک دەگرنەوە. ئەم بۆچوون و هەڵوێستەشملە گفتار و نووسین و کردارمدا بە روونی دەرکەوتوون. لەو پێناوەشدا باجی کەمم نەداوە. هەرچی لەم بارەیەشەوە وتوومە، نووسیومە و کردوومە، لەبەر خۆم بووە، بۆیە منەت بەسەر کەسدا ناکەم، قەتیش داوام لە کەس نەکردووە و داواش ناکەم وەک من بکات. شاعیر پەیامبەر، یان جەنگاوەر نییە. شاعیر، پێش هەر شتێک، مرۆڤە. مرۆڤ ئەوەیە کە دەیکات و نایکات. بۆیە لاموایە هەر شاعیر و رووناکبیرێک، لەم بارەیەوە، ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، رەفتار دەکات و دەنووسێت.بەڵام دەبێ ئەوەش بڵیم کە، بە رای من، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعر ئەوەیە مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوەی ئازاد و هۆگربوونی ئازادی دەبات، ئەمەش بە قازانجی داهێنانە. هەروا ئەخلاقی رووناکبیریدەخوازێت شاعیر (هەروا رووناکبیر)ئازادانە و بوێرانە بیر بکاتەوە و بنووسێت. ئەگەر نەشتوانێ لە بەرامبەر ستەم و بێدادی و فەسادی و دیکتاتۆریادا دەنگ هەڵببڕێت، لانی کەم پاکانەیان بۆ نەکات. 

لایەنی دووەم: شیعر لە دەرەوەی ژیان و ئینسان نییە، شاعیریش، وەک هەر کەسێکی تری کۆمەڵەکەی، ژیان و رووداوەکانی دەوروبەر کاری تێ دەکەن.هزر و را و بۆچوونەکانی دەبن بە بەشێک لە رەفتار و ژیان و ئەزموونی شاعیر،راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ،لە بەرهەمەکانیدا رەنگ دەدەنەوە. دەشێت هەر مەسەلەیەک، کە پەیوەندی بە مرۆڤ و سروشت و بوونەوە هەبێت، لەوانە مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بکرێنە کەرەستە و بابەتی شیعر، بەو مەرجەی شاعیر ئازادیی بیرکردنەوە لەدەست نەدات. هەروا ئەو مەسەلانە هونەرمەندانە و شیعرییانە، باس بکرێن، شاعیر لە رووی زمانەوە، سنووردار و بەند نەکەن. چونکە لە شیعردا ئازادیی زمان بی سنوورە و لەم لایەنەوە شاعیر، لە نووسەری ژانرە ئەدەبییەکانی تر، بەختەوەرتر و ئازادترە. بۆیە کەس ناتوانێت شاعێرێک ناچار بکات بەو جۆرە بنووسێت کە خەڵک دەیەوێت، یان ئەو زمانە بەکار بهێنێت کە خەڵک پەسەندی دەکات. بە بۆچوونی من شیعر، وەک ژانرێکی تایبەت و جیاوازی ئەدەبی، وەکدەربڕینێکی ئازادانە و وەک تێڕوانین و هەست و جیهانی ناوەوەی مرۆڤ، ناتوانێت ببێتە ئامرازی سیاسی و کۆمەڵایەتی.شیعر، لە بنەڕەتدا، بۆ ئینسانە، هەر کاریگەرییەکی هەبێت، دەکرێت لە رێگای ئینسانەوە،نەک بە هۆی گۆڕینی شیعر بۆ ئامرازی سیاسی، دەربکەوێت.

* قسه‌یه‌كی بوزییه‌كان هه‌یه‌ ده‌ڵێت" هه‌وڵبده‌ زۆر سه‌فه‌ربكه‌ی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ گه‌ڕه‌كی ئه‌ودیو ماڵه‌كه‌ی خۆشت بێت، ئه‌وه‌ش له‌ خوێنه‌وه‌ی كتێبێك گرنگتره‌" من ده‌زانم تۆش یه‌كێكیت له‌وانه‌ی سه‌فه‌رت زۆركردوه‌ له‌ زۆر شوێنی دونیا ماویته‌وه‌، ده‌مه‌وێت بپرسم، گه‌ڕان و سه‌فه‌ر تاچه‌ند بۆ نوسه‌ر، به‌تایبه‌ت بۆ ڕوئیای شیعری شاعیرگرنگن، بینینی دونیا چی به‌تۆ به‌خشیوه‌ و چ كۆمه‌كێكی بۆ پرۆسه‌ی نوسین لای تۆ هه‌بووه‌؟

رەفیق سابیر: سەفەرکردن،ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، دەرچوونێکە لەناو بازنەی داخراوی شوین و کات، کە خۆشی و زانیاری و جۆرە ئەزموونێک بە مرۆڤ دەدات.هەروا سەفەرکردن، وەک شیعرنووسین، گەشتێکی پڕ لە پرسیار و چاوەڕوانییەبەرەو شوێنی نادیار و نەناسراو (المجهول) بە ئامانجی پشکنین و بینین و حەسانەوە و دۆزینەوە.

دیارە هەر کەسێک لە ئەوروپا بژی، دەتوانێت ساڵانە، ئەگەر بیەوێت، چەند جارێکسەفەر بکات. من وێرای سەفەرێکی زۆری وڵاتانی جۆراوجۆر، چەندان ساڵێش، بۆ خوێندن، کارکردن و حەوانەوە، لە کۆمەڵێک وڵاتدا ژیاوم. ئەوا نزیکەی بۆبیستوهەشت ساڵیشە لە سوێد گیرساومەتەوە. ئه‌م ئه‌زموونانه‌م، لەگەڵ هەندێک سەختی و سەرئێشەی خۆیاندا،پڕ لە جوانی، فرەرەنگی، بەخشندەیی و خۆشی بوون. ژیان و خوێندن و کارکردن، له‌ وڵاتانی جیاوازدا، خوێندنی زمانانی جۆراوجۆر و بیرکردنەوە و خوێندنەوە بەو زمانانە،ئاشنابوون به‌ ئه‌ده‌ب و هونەر و کولتوور و شێوه‌ژیانی گه‌لانی لێک جیاواز، گەڕان بەناو شاران و مەلەکردن لە دەریای جۆراوجۆردا، بینینی مۆزەخانەی مێژوویی و هونەریی دەیان وڵات، ناسینی که‌سانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ و کولتووری تر و دڵداریکردن به‌زمنانانی جیاواز..تاد، ئه‌مانه‌ و زۆر شتی تریش، منیان، وەک مرۆڤ و شاعیر، گۆڕیوە. لە رەوشی ئەم ئەزموون و ژیانە بزۆز، فرەئەزموون، فرەکولتوور و فرەرەنگەدا، دەتوانم بڵێم هزر و تێڕوانینم ئازادانەتر وئه‌زموونی شیعرییم جیاوازتر و سه‌رچاوه‌ی رووناکبیرییم فرەجۆر و به‌ پێزتر بوون.ئەمەش له‌ بیرکردنه‌وه‌و تێڕوانین و ره‌فتار و به‌رهه‌مه‌کانیشمدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌، تایبەتمەندی و جۆره‌ فره‌ڕه‌نگییه‌کیان به‌ ئه‌زموون و ستایلی شیعرییم به‌خشیوه‌، کە باوەڕ ناکەم کاری من بێتباسیان بکەم. 


ڕیکلام