باری تەندروستی 150 تووشبووی کۆرۆنا لەدهۆک ناجێگیرە

  2020-09-08  | 
دهۆک
باری تەندروستی 150 تووشبووی کۆرۆنا لەدهۆک ناجێگیرە
ئەرشیڤ
 مازن شنگالی
باری تەندروستی 150 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای دهۆک ناجێگیرە کە ٦٨یان لە دۆخێکی مەترسیداردان.

حەمزە ڕەزیکی وتەبێژی تەندروستی دهۆک بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، لە ئیستادا 150  تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک باری تەندروستییان ناجیگیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە 68یان مەترسییان لەسەرە و 22 لەوانەش لەئێستادا لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکردن .

وتیشی، لەئیستادا زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینکراون و چارەسەر وەردەگرن، ئەوەش بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون و نەمانی شوێنی چارەسەرکردنیان لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا .

وتەبێژی تەندروستی دهۆک ڕاشیگەیاند، نەخۆشخانەکانیان لەقۆناغێکدان کە تەنها ئەو تووشبووانە وەردەگرن کە باری تەندروستییان ناجێگیر بێت یاخود هەڵگری نەخۆشییەکی تر بن و پێویستیان بە ئۆکسجین یا ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بێت .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، 6240 تووشبووی ڤایرۆسەکە لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 80 کەس گیانیان لەدەستداوە، ڕۆژ بە ڕۆژیش ڕێژەی حاڵەتەکانی تووشبوون لەپارێزگاکە لە بەرزبوونەوەیەکی خێرادایە.



ڕیکلام