یەکەم لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە رێککەوتنی واشنتن و بەغدا

  2020-06-13  | 
واشنتن
مۆرگان ئۆرتگاس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گفتۆگۆکان بۆ رێککەوتنی ستراتیژی نێوان واشنتن و بەغدا ئەرێنی بووە و هێزەکانیشیان تاوەکو لەناوبردنی یەکجارەکی داعش لە عێراق دەمێننەوە.

مۆرگان ئۆرتگاس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەنگاوی یەکەم-مان بۆ رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان ئەمریکا و عێراق-دا هاویشتووە و ئێمە ڕازین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە ئەرێنییە و بەرێگەیەکی دەزانین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، وڵاتەکەی وەکوو گەورەترین یارمەتیدەری عێراق لەبواری پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەمێنێتەوە و تاوەکوو لەناوبردنی یەکجارەکی داعش، هێزەکانیان لە عێراق دەمێننەوە.

١١ی ئەم مانگە، گفتوگۆی ستراتیژی نێوان حكومەتی نوێی عێراق و ئەمریكا لە سەرجەم بوارەكاندا دەستیپێکرد و پێشبینیش دەكرێت گفتوگۆكان ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت.

گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكا لە كاتێكدایە، تەنها ماوەی یەك مانگ بەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێی عێراق تێپەڕی نەكردووە و مستەفا كازمی وەك سەرۆكی حكومەت پشتیوانی ئەو گفتوگۆیانە دەكات و هەندێك زانیاری نافەرمیش ئاماژە بەوە دەكەن كە پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە وڵاتەكەدا.