سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە سلێمانی

  2020-09-11  | 
سلێمانی
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێکرا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە سلێمانی.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، مستەفا کازمی لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و قائیمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی پێشوازی لێکراوە.

دوێنێ پێنجشەممە ١٠ی٩ی٢٠٢٠، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی وەفێک گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و هەریەکە لە جێگرانی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا.

بۆ خوانی بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١١ی٩ی٢٠٢٠، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق میوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە هەولێر، دوای نانخواردنەکەش هەردوولا لە نوسینگەی سەرۆکی هەرێمی کورستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێکەوت بۆ پارێزگای سلێمانی و بڕیاروایە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و بەرپرسانی حزب و لایەن سیاسییەکانی سلێمانی، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بکات.

ئامانجی سەردانەکەی کازمی گفتۆگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و بۆردومانەکانی تورکیا. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زیاتر لە سێ مانگە دەستبەکاربووە و ئەوەش یەکەم سەردانی ناوبراوە بۆ هەرێمی کوردستان.




ڕیکلام