هاوسەرۆكانی هەدەپە سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاشیان لە زیندان كرد، گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆژەی ئاشتی حزبەكە كرد.
پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەیانكرد.
هاوسەرۆكانی هەدەپە لە گرتوخانەی ئیدرنە چاویان بە دەمیرتاش كەوت، دوای سەردانەكە بوڵدان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە ماوەیەكی زۆربوو نەمانتوانیبوو سەردانی هاوڕێكانمان بكەین".
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا میتحەت سانجار وتی: بەهۆی كەمی كات نەمانتوانی بە تەواوەتی گفتوگۆ بكەین، بەڵام دەمیرتاش ئەو پرۆژەی ئاشتییەی هەدەپە كە لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەستیپێكرد بە گرنگ زانی.
هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە لە 4ی تشرینی یەكەمی 2016وە دەستگیركراوە و لە سەرەتای دەستگیركردنیدا بە كۆی ئەو دۆسیانەی لەسەری بوو داوای 150 ساڵ زیندانی بۆ دەكرا، بەڵام تا ئێستا بەشێكی زۆر لە دۆسیەكانی سەری داخراون.