بەرهەمێکى نوێى نووسەرى کورد یوسف عزەدین
یوسف عیزەدین یەکێکە لە نووسەرە دیار و پڕبەرهەمەکانى پاش ڕاپەڕین، ئەو لە زیاد لە بوارێکدا ئەزموونى نووسینى تاقیکردۆتەوە، لەوانە ڕۆمان، شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینەوەى ئەدەبی و....، لە هەریەک لەو بورانەشدا جێگە دەستى دیارە و ناکرێت لە ڕۆمان و چیرۆک پاش ڕاپەڕین بدوێین و باز بەسەر ئەزموونى ئەم نووسەرەدا بدەین.
یوسف نوێترین کتێبى پێکاهاتووە لە چەند بابەتێکى فیکریی لە میانى وتار و گفتوگۆدا، تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان ئەو نووسەرە وتى: پێکهاتەی کتێبەکە لەکۆمەڵێک گوزەردا خۆی دەبینێتەوەو دەرئەنجامی کۆمەڵێک بابەت و نووسین هاتۆتەبوون و بەگشتی کارکردنە لەوروژاندنی پرسیارگەلی فیکری و فەلسەفی ئەرگۆمێنتانەدا..
سەرەتا لەوتارە فیکرییەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر دەچێتە سەر دیالۆگە هەستیارەکان و ئینجا دەگاتە کۆمەڵیک وەرگێرانی هەڵبژاردە لەزمانی تورکییەوە.. هەر هەمووشی لەمەداری تێڕوانینێکی تەفکیکیانەدا هەڵدەسووڕێت و مەبەستیەتی خوێنەر بەرەو دنیای پرسیارلەخۆکردن و تێڕامان و بەخۆداچوونەوە ببات.
ئەم کتێبە ٢٨٦ لاپەڕەیەو لەچاپخانەی کارۆ چاپکراوە/سلێمانی٢٠٢٠