بەهۆی گەندەڵیەوە ناسر خلێفی دادگایی دەكرێت

  2020-09-14  | 
دۆسیە:  وەرزش
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەتۆمەتی گەندەڵی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە وڵاتی سویسرا دادگایی دەكرێت.

ناسر خلێفی، سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بە تۆمەتی گەندەڵی و پێدانی بەرتیل بە یەكێتی تۆپی پێی جیهان لەلایەن دادگای تاوانكاری فیدڕاڵی لە سویسرا دادگایی دەكرێت. 

میدیاكانی فەرەنسا ئاشكرایان كردووە، ئێستا سەرۆكی ئەو یانەیە كە خەڵكی وڵاتی قەتەرە لەگەڵ جیرۆم فاڵكە جێگری پێشووی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهان لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە دادگایی دەكرێن. 

هۆكاری دادگایی كردنی ئەو دوو كەسایەتیە وەرزشیە بۆ مافی پەخشكردنی یاریەكانی مۆندیالی 2026 و 2030 دەگەڕێتەوە كە دراوە بە گروپی كەناڵەكانی بی ئێن سپۆرت كە خاوەنداریەكەی بۆ سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمان دەگەڕێتەوە. 

دادگاكە تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ خلێفی كە لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو مافە بۆ پەخشی یاریەكانی ئئەو دوو مۆندیالە ڤێلایەكی لە سردینیا بەخشیوەتە بەرپرسەكەی فیفا.