شیوەنی ئێمیل زۆلا بۆ گوستاڤ ڤلوبێر

  2020-09-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی : ئێمیل زۆلا

بەشی دووەم
وەرگێرانی ئەردەڵان عەبدوڵا

عەرەبانەی جەنازەکە لە ڕۆیشتن بەردەوام بوو، لە پشت عەرەبانەکەشەوە ، کۆنکوردو شاربونتیەمان بینیی و چاکوچۆنی و تەوقەمان لەگەڵ یەکتری کرد و چەند وشەیەکمان پێکەوە گۆڕیەوە، کە هیچ مانای نەبوو. هەمووشـان هەستی سەرسوڕمان ، هیلاک بوون، بێزاری بەسەرماندا زاڵبوو، وەکو بڵێیت کارەساتێکی گەورە بەسەرماندا هاتبێت وابوو. سەیری ئاپۆڕەی جەنازەکەم کرد، نزیکەی 200 کەسێک دەبووین، منیش لەگەڵ فەوجی رێپێوانەکەدا هەنگاومنا و چوومە ناویان.

پاشان جەنازەکە رێگای Canteleu ی گرت و گەیشتە سەر گردێک، جێگەی ئاماژەیە کراوسییە بریتی بوو  لە کۆمەڵێک ماڵ لە نزیک  کەناری رووباری " سین"، کڵێسایەکی کۆنی تێدایە کە دەکەوێتە ناو دارستانەکە و  درەختەکان شاردوویانەتەوە. شوێنەکە زۆر دڵگیربوو، ناوچەکە بە گەنم و جۆ چێنرا بوو، سەوزایی ناوچەکەی داگیرکردبوو. کاتێکیش زیاتر بەسەر گردەکەدا سەرکەوتووین، ئاسۆی بینین زیاتر بوو ، لەوێوە دیمەنی دڵرفێنی ناوچەکەمان بینی، کە بە هۆی رووباری سینەوە، کە بەناو گوندەکەدا تێدەپەڕی، سەوزاییی و دارستانێکی زۆر جوانی تێدا خوڵقاندبوو. 

 لە باکووری گوندەکەوە رەنگی قاوەیی باڵی کێشابوو بەسەر گوندەکەدا، " ئەوەش بە هۆی سەقفی خانوەکانەوە کە رەنگیان قاوەیییە"  لە لای راستیشەوە دووکەڵ لە ماڵەکان دەهاتە دەرەوەو لەناو ئاسماندا وون دەبوو. 

هەندێکجاریش عەرەبانەکە لەبەرچاومان وون دەبوو، بەتایبەتی لە لۆفەکاندا، بەڵام دواییی دەردەکەوتەوە. پۆلێکی گەورەی چۆلەکە دەستیان بەفڕین کرد، لەو بەیانییەدا ئاسمانێکی پاکوبێگەرد، ناوچەکەی داگیرکردبوو. جارجارەش هەوایەکی ساردی دەهات و  تەمێکی سپیشی لەگەڵ خۆی دەهێنا و پاشان بەرەولای خۆرەکە دەفڕی،  ئێمەش رەنگی سپیمان دەگرت، کاتێکیش  ئاسۆی بینین زیاتر دەبوو، کاروانی مەرگەکە شکۆی زیاتری دەبەخشی و گوندەکەی تێپەڕاند و پاشان بەرەو گردەکە بەرێکەوت، لە پشت جەنازەکەشەوە سێ عەرەبانە بە بەتاڵی رێیان دەکرد. 

لەوێندەر مۆباسان کۆمەڵێک زانیاری لەبارەی دوا ساتەکانیی فلۆبێرەوە پێدام. ئەو " مەبەستی مۆباسانە، و.ک" هەر ئەو ئێوارەیە کە ڤلوبێر مردبوو، چووبەوە سەریی و کاتێک بینیبووی لەسەر سیسەمەکەی لەکتێبخانەکەی کەوتووە، ئەوەش پاشئەوەی سەکتەی مێشک لێیدابوو.

 جێگەی ئاماژەیە لە دواساتەکانی ژیانیدا، ڤلوبێر، ژیانێکی رەبەنی دەژیا و تەنها ژنە خزمەتکارەکەی لەگەڵیدا دەژیا و خزمەتی دەکرد. شەوێک پێش مەرگی بە ژنە خزمەتکارەکەی  ووتوە، کە هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکات، چونکە  کۆتایی بە کتێبەکەی" بوفار وبیکوشیە" هێناوە، هەربۆیە دەبێت بەمزووانە بچێت بۆ پاریس.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ڤلوبێر حەمامی کردووەو پاشان چۆتە کتێبخانەکەی، بەڵام  لە پڕێکدا هەست بە تەنگەنەفەسی دەکات. لەبەرئەوەی پێشتر چەندجارێکی تر رووبەروی تەنگەژەی مێشكی بووبویەوە، ئەمجارەش وایزانیبوو وەکو جاران  تا ماوەیەک بێزارو هیلاک دەبێت  و پاشان  بۆ ماوەیەکی زۆر دەخەوێت و دواییی تەنگەژەکە کۆتایی پێدێت، هەستی کردبوو ئەمجارەش وادەبێت، لەبەرئەوە زۆر نەترسابوو. لەو کاتەدا تەنها شت کە داوای لە ژنە خزمەتکارەکە کردووە ئەوەبوو، کە بنێرێت بەدوای دکتۆر  فۆرتان Fortin  کە  لەنزیک ماڵی خۆیانەوە دەژیا،بەڵام پاشان رای خۆی دەگۆڕێت و داوای لێدەکات کە وازی لێبێنێت و نەچێت بە دوایدا، بگرە  داوای لێدەکات کە لە لای دابنیشێت و قسەی بۆ بکات، چونکە کاتێک رووبەروی نەخۆشی  و تەنگەژەی تەندروستی قوورس دەبوویەوە، ، حەزی دەکرد کە یەکێک قسەی بۆ بکات. لەو کاتەدا هیچ نەترساوە، بەڵکە زیاتر حەزیکرووە کە قسە لەگەڵ ژنە خزمەتکارەکە بکات و  پێشی ووتوە: خۆشحاڵە چونکە لێرە تووشی ئەو تەنگەژە تەندروستییە بووە، چونکە گەر بەیانی لە رێگادا تووشی ئەوە بوایە، ئەوا تەنگەژەکە قوورستر و دژاوارتر دەبوویەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا وتویەتی کە بەرچاوی تەواو زەرد بووەو هەمووشتێک رەنگی زەردی گرتووە، پاشان هەستاوەتە سەرپێ و ویستویەتی بچێت شوشەی دەرمانەکەی لە ژوورەکەی تر بهێنێت، دوایی گەڕاوەتەوە ژوورەکەی خۆی، ئینجا  وتویەتی : رەوشی تەندروستیم ئێستا باشتر بووە. بەڵام کاتێک ویستوویەتی بچێت لەسەر کورسیەکەی دابنیشێت، قاچی لەرزیوەو لە پڕێکد ا بە پشتا کەوتووەو مردووە. 

بۆماوەی چەند سەعاتێک  بەو شێوەیە کەوتووە، خزمەتکارەکە وایزانیوە  خەوتووە یان لە هۆشی خۆی چووە، بەڵام پاشان لە دەمییەوە خوێن بەربووە، ئەمەش بەهۆی ئەو جەلدە دەماغییەوە بووە کە پێشتر بەریکەوتووە. بە دڵنیاییەوە ڤلوبێر مردنێکی جوان مردووە. لە کانگای دڵمەوە بۆ خۆم و دۆستەکانم، مەرگێکی هاوشێوەی مەرگی ڤلوبێر دەخوازم. 

گەیشتینە کڵێساکە کە بورجێکی رۆمانی هەبوو، زەنگی تەعزیەباری راگەیاند. چوار جووتیار تابووتەکەیان بەسەرشان هەڵگرتبوو کاتێک گەیشتنە ناو کڵێساکە دایاننا، هەرچەندە دیار بوو زۆر هیلاک  و ماندوون، چونکە تابوتوکە زۆر قوورسبووە.  هەمیشە یادی بە خاکسپاردنی هاوڕێ و دۆستی ئازیزم لە کڵێساکەی گوندەکەیان  لە بیر ناچێتەوە.  

من لەناو کۆرسی وتنەوەی گۆرانییە ئاینییەکانی ناو کڵێساکە بووم، **  لەناو کۆرسی وتنەوەی گۆرانییە ئاینەکەدا، پێنچیان بەشێوەیەکی رێکوپێک لەبەردەم فانۆسە گەورەکەدا دانیشتبوون، لەسەر چەند کورسییەکی بچووک کە لە زەوی جیای دەکردنەوە، وەکو بووکە شووشەی ژاپۆنی وابوون، پێنچ کەس کە لە پشتی قەشەیەکی پیسەوە بوون، ئێمە لە ژێرەوە سەیری پێڵاوە گەورەکانیمان دەکرد، ئەوان دەتگوت پێنچ  سەرن بەسەر قامیشەوە، لە دەمە خواروخێچەکانیانەوە، کۆمەڵێک وشەی لاتینی دەهاتە دەرەوە. ئەم دیمەنە هەر بەردەوام بوو، کۆرسەکەش بەهەڵە گۆرانییە ئاینەکەیان دەگووتەوە و تێکستەکەیان لە بیردەچوویەوە، رێکدە دەتگووت شانۆکاری تەمبەڵن و رۆڵەکانی خۆیان لە بیرچۆتەوە یان ئەزبەر نەکردووە. 

کوڕێکی گەنجی تێدابو و دیاربوو کوڕی یەکێک لەو پیاوە پیرانە بوو، ئەم کوڕە ، دەنگێکی بەرزی هەبوو، دڵی هەموانی دەهێنایە لەرزین ، دەنگی دەتگوت دەنگی ئاژەڵە کاتێک دەیبەن بۆ قەسابخانە. ووردە ووردە خەریکبوو تەواو تووڕە و بێزار دەبووم لەو رەوشە تایبەتە. لەهەمانکاتیشدا ئەوەی زیاتر بێزاری دەکردم رێورەسمی بەخاکسپاردنەکە بوو، چۆن دەبێت ئەم پیاوە مەزنە بەمشێوەیە لە لایەن ئەم خەڵکانەوە بەشێوەیەکی رۆتینی  بە خاک بسپێرێت، هیچ سۆز و عاتیفەیەکیان دەرنەدەبەڕی، لەسەر تاپووتەکەی کۆمەڵێک قسەی تەقلیدی و پروپووچیان دەگووتەوە، کە بۆ هەموو کەسێکی دەبەنگ دەیڵێنەوە. 

کڵێساکە کە ئێمە لەناویدا لەبەر سەرما رەق بووبوینەوە، هەرچەندە هەمووشمـان لە شوێنی گەرمەوە هاتبووین. بەڵام بە راست ، ئایا ئەو قسەیە راستە کە دەوترێت ، ئێمە هەموومان لە بەردەم خودادا یەکسانین و لە یەک قووڕ دروستکراوین؟! لەناوچوونیشمان هەموومان بەم گۆرانییە لاتینیانە تەواو دەبێت، ئەو گۆرانییە ئاینیانەی کە کڵێسا بە هەموو جیهانی دەفرۆشێت. لە پاریس ئەم کاڵا بازرگانییە سووکە چیتر نەماوە، لە پشت ئەم عادەتەوە، شیوەنێکی درۆیانە خۆی حەشارداوە. بەڵام لەم کڵێسایەدا لەگەڵ هەر وشەیەکدا، کۆمەڵێک خۆڵ دەباری. 

بەداخەوە بۆ ڤلوبێر و مەزنییەکەی، ئەو کە بە تەواوی ژیانی دژی هەموو شتێکی دەبەنگیی و  جەهل و  فکری پروپووچ و عادات و سروتی ئاینی دەوەستایەوە، بەڵام ئەو ئێستا لەناو چوار داردا زیندانیکراوەو خراوەتە ناو کەرنەفاڵێکەوەو کۆمەڵێک گۆرانی ئاینیان بە زمانی لاتینی  بەسەردا دەوتەوە، لەکاتێکدا کەسیان لەمانای  ئەو شاتەن تێ نەدەگەیشتن کە دەیانوتەوە!

دەرچوون لە کڵێساکە بۆ هەموومان مانای پشوویەکی  هەقیقیی بوو، پاشئەوەی کە لە کڵێساکە دەرچووین، جەنازەکە بەرەو کانتلۆ رۆیشت. ئێمە دەبوایە  بۆ روان بچوونایە ، واتە دەبوایە بەناو شارەکەدا تێپەڕین و پاشان بچینە گۆڕستانی " مۆنۆمۆنتال" کە دەکەوتە سەر گردێک، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە دەبێت هێشتا  7 کیلۆمەتری تر بە پێ ببڕین. 

عەرەبانەکەی کە جەنازەکەی هەڵگرتبوو، بە هێواشی دەستی بەرۆیشتن کردەوە، کەمێکیش لە شەقامەکە دوورکەوتەوە، لە هەمانکاتیشدا عەرەبانەکەی تر کە لە دواوەی دەڕۆیشتن، ئەوانیش بەدوای کەوتنەوە. کاتێک چووینە ناو شارەکەوە، دووبارە لە پشت جەنازکەوە کۆبووینەوەو هاوڕێکانی ڤلوبێر هەموومان لە پشت جەنازەکەوەو بووین و دەستمان بە عەرەبانەکەوە گرتبوو.

 لەوکاتەدا ژمارەی هەموومان نەدەگەیشتە 300 کەس، من لێرەدا ناوی کەس ناهێنم، بەڵام زۆربوون ئەوانەی کە چاوەڕوانمان دەکرد لەو رۆژەدا لەگەڵمان بن و نەهاتن، لەوکاتەدا ئەدمۆن دو کۆنکور  لەو یادە غەمگینەدا بەتەنها مایەوە. لەو یادەدا تەنها ئەوانە لەگەڵمان بون  کە بە تەمەن لە ڤولبێر منداڵ تر بوون، ئەوانەی کە هاوڕێی ساڵانی کۆتایی ژیانی بوون. 

ئێمە دەتوانین لە حاڵەتی ئەوانە تێبگەین، کە سەفەرکردن لە پاریسەوە بۆ ئێرە، لە رووی و تەندروستییەوە، ئەو هەموو کیلۆمەترانەی رێگا، ترسی دەخستە دڵیانەوە، بە تایبەتی هاوڕێ کۆنەکانی. بەڵام ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نەبوو، خەڵكی " روان" بوو، چونکە دانیشتوانی" روان"  ئامادە نەبوون بەشداری لە یادی بەخاکسپاردنی  مەزنترین رۆڵە‌ی شارەکەیان بکەن.  لەوکاتەدا هەندێک کەس وا تەفسیری حاڵەتەکەیان کرد، کە خەڵكی " روان" هەموویان خەڵكی بازرگانن  و  گرنگی بە ئەدەب نادەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆ لەم شارە گەورەیەدا " مامۆستا، پارێزەر، دکتۆر" هەیە، بە مانایەکی تر جەماوەرێكی لیبڕال هەیە کە گرنگی بە کتێب خوێندنەوە دەدەن، بەلایەنی کەمەوە ئاگایان لە  رۆمانی " مەدام بوڤاری" هەیە. 

هەروەها قووتابخانەی دواناوەندیی و گەنج و ژن و عاشق هەن، لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لەم شارەدا کۆمەڵێک عەقڵی رۆشنبیر هەیە، کە رۆژنامە دەخوێنێتەوە، لە رێگەی رۆژنامەکانیشەوە زانیویانە ، کە ئەدەبی فەرەنسی بە مردنی ڤلوبێر، چ زەرەرێکی گەورەی کردووە. 


ڕیکلام