عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی: نووسینەکانم ناخەمە نێو خانەی دەقی کراوەوە

  2020-09-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
'' ئەوەی لە ئەدەبدا سەرقاڵم دەکات قەیرانی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و سروشتە''


چاوپێکەوتن : ئەحمەد  ئەلجەممال
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە
سەڵاح حەسەن پاڵەوان


ئەدیب و وەرگێڕی کورد عەبدوڵا تاهیز بەرزنجی وای دەبینێت یەکێک لە ئامانجەکانی ئەدەب ، بەرجەستەکردنی هونەرییانەی خەم و کێشەی مرۆڤایەتییە، هەمیشە سەرقاڵە بە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشتەوە . لە وتووێژێ لەگەڵ ''ئەلجەریدە'' ی کوەیتیدا ، دەڵێت ئەو پێیوانییە نووسینەکانی بخرێنە خانەی دەقی کراوەوە، هەروەها هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی سۆفیزم بەسەر شیعرەکانییەوە نابینێت، سەرباری گەورەبوونی لە نێو ژینگەی ئایینی سۆفیزمدا.  عەبدوڵا بەرزنجی داهێنانەکانی ڕەنگاوڕەنگن لە نێوان شیعر و چیرۆک ، لە پاڵ وەرگێڕان و رەخنەدا، باسی لە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان ئەدەبی کوردی و عەرەبیی کرد، لەگەڵ تێبینی ئەوەی کەسانێکی زۆر کەم هەن ئەدەبی کوردی بۆ زمانە زیندووەکان ، لەوانەش عەرەبی وەردەگێڕن... ئەمەش دەقی وتووێژەکەیە: 

* لە پاڵ وردبوونە و جەختکردنە سەر خەون و خەمەکانی مرۆڤایەتی، ئەو پرسانە چین کە دەتەوێ لە کارەکانتدا تیشک  بخەیتە سەریان؟ 

- ئامانجێ لە ئامانجەکانی ئەدەب، وردبوونەوەیە لە خەون و خەمەکانی مرۆڤایەتی، هیچ ئەدەبێ لە هەرکوێ بێت ، لەم شتە خاڵی نییە، ئەگەر مەبەستەکانی ئەدەب خەمی مرۆڤ نەبن ، کەواتە بۆچی دەنووسرێ؟ مرۆڤ و پەیوەندی بە زەوییەوە ، بابەتگەلی ئیکۆلۆژی و قەیرانی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و سروشت لە ئەدەبدا ، سەرقاڵم دەکەن ، بەو جۆرەی بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ و ئیحادار بیانخەمە ڕوو، هەروەها خوێنەر لە شیعری مندا هەست بە ڕەوت و شێوەی میتافیزیقی دەکات، جگە لەوە ، پەیوەندیی نێوان ڕەشی و سپی و نووسینی دەقی بەرجەستەیی نیگارکاری، جێگەی گرنگی پێدانمن. 

* ئایە خوێندنت بە زمانی عەرەبی، گەورەبوونت لە ژینگەیەکی ئایینیی سۆفیگەریدا ، لە نووسینەکانتدا ڕەنگیان داوەتەوە ؟

- پێش خوێندنی زمانی عەرەبی لە سەر ئاستی ئەکادیمی، بەعەرەبیش نووسیومە،  بەڵام خوێندنی ئەکادیمی وقوڵبوونەوەم تێیدا، بووە زیادکردنی زانیاریی هەمەچەشنەم لەمەڕ ئەدەبی عەرەبی، جگە لەوە ، من قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندییشم بە زمانی عەرەبی تەواو کردووە، بێگومان واقیعێکی وەک ئەمە، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر زمانی نووسین بەجێدێڵێت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی کەمکردنەوەی کارامەیی ، وتوانای نووسینم بە زمانی دایکم ( زمانی کوردی). 

لەمەڕ کاریگەرییەکانی ژینگەی سۆفیزمیش دەڵێم ، لە ئەدەبەکەمدا ڕەنگدانەوەی نەبوو، سەرباری بوونی نزیکییەک لە نێوان کەشوهەوای سۆفیزم و خەیاڵی شیعریدا، کە بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر پرۆسەی چالاککردنی ئەرکی شیعری. ڕەنگە بەبێ مەبەست و بێ ئاگایی،کاریگەریی سۆفیزم دەرکەوێت، ڕەنگە نووسەرێکی مارکسی ببینیتەوە دنیابینیی سۆفیزمییانە و کەلەپوور و زاراوە سوفیزمییەکان لە ئەدەبەکەیدا بەکاربهێنێت و بەرگێکی شۆڕشگێڕانەی هاوچەرخ و مۆدێرنیان بە بەردا بکات، بۆ خۆم کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و مەبەستداری سۆفیزم بە شیعرەکانمەوە نابینم، ئەشێت خوێنەر ڕایەکی جیاواز لەم ڕایەی من بخاتە ڕوو. 

بەڵام لە هەندێ لە نووسینە ڕەخنەییەکانمدا گرنگیپێدان دەبینیتەوە، گرنگیدان بە ڕەنگدانەوەی سۆفیزم و ئەفسانە لای هەندێ لە شاعیر و ئەدیبەکان ، لە شیعر و چیرۆکەکانیاندا. لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی تەئویلیم لەسەر شیعری شاعیری کورد ڕەفیق سابیر نووسی ، هەروەها لەبارەی ئاستی توانای ئەو ، لە هێنانەوەی ئەدگار و سیمبولی سوفیزمیی بۆ نێو دەقەکەی قسەم کردووە.

 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێ لە قەیرانە سەختەکان لە هەندێ  کات و سەردەمدا، گەلێکجار شاعیر پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی سیمبول و ئاماژەی نێو دنیای سۆفیزم و ئەفسانە، بەتایبەت لە کاتێکدا ، کە نووسەر هیچ چارەسەرێکی واقیعی بۆ ئەو قەیرانە قورسانە نادۆزێتەوە، ئیتر ، لەو کاتانەدا  پەنا دەباتە بەر کەشوهەوای ئەفسانەیی و سۆفیزم. 

* بەرهەمی کارە ئەدەبییەکانت  چلیان تێپەڕاندووە، بەڵام واپێدەچێ پرۆژەی وەرگێڕانی شیعری عەرەبی بۆ کوردی لە هەموویان دیارتربێت، ئەمەیان تا چەند ڕاستە؟

- پرۆژەکانم تەنیا چڕبوونەوە نین لە وەرگێڕان و گواستنەوەی شیعردا، بەڵکو جۆراوجۆر بووە و وەرگێڕانی ئەدەبی فارسیش بۆ زمانی عەرەبی و کوردی دەگرنەوە ، سەرەڕای وەرگێڕانی نموونەیلێ لە ئەدەبی ئەفغانی کە لە بنەڕەتدا بە فارسی نووسراون، ئەمە سەرەڕای هەوڵە رەخنەییەکانم.

لە عێراقدا ، لە نێو ناوەندی کوردی و عەرەبیدا، وا ناسراوم کە یەکێکم لەو وەرگێڕە کوردانەی ، کە وەرگێڕانی شیعر و ئەدەبی کوردییان بۆ زمانی عەرەبی  کەوتووەتە سەر شان.

زۆربەی ئەدیبانی کورد، بەتایبەت لە نەوەکانی پێشوو ، زمانی عەرەبی دەزانن، لەم بوارەدا ناتەواوی و کێشەمان نییە، ناتەواییەکە خۆی لە کەمیی ئەو کەسانەدا دەبینێتەوە ، کە ئەدەبی کوردی بۆ عەرەبی وەردەگێڕن، زیاتر گرنگیدانم بە بەشداریکردن لە وەرگێڕانی ئەدەبەکەمان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە . ئەمە داوایەکە لە نێوەندی رۆشنبیریماندا خوێنەران و ئەدیبان پێداگری لەسەر دەکەن. 

بزووتنەوەی وەرگێڕان لە عەرەبییەوە بۆ کوردی چالاکانە دەبزوێ و هیچ  گەردێکی پێوە نییە، بەڵام ئێمە کێشەمان لە کەمیی وەرگێڕانی ئەدەبی کوردیدایە ، بۆ زمانە زیندووەکان ، لەوانەش بۆ زمانی عەرەبی. داهێنانی زۆر هەن، دەقگەلی دەوڵەمەندی نایاب هەن، لە بەرامبەریشدا ، دەبینین ژمارەیەکی زۆر کەم ، گرنگی بەم بابەتە دەدەن.


*لەسەر چ بناغەیەک دەقێکی شیعری هەڵدەبژێریت تا وەریبگێڕیت؟

- جوانیی بابەتەکە، قووڵی ڕوانین و کەشوهەوای نامۆ و زمانێکی شیعریی دوور لە ڕاستەوخۆیی، ئەمانەن وام لێدەکەن دەقێکی شیعری وەرگێڕم، ڕەنگە شاعیرێکی خاوەن ئەزموونێکی دوورودرێژ ببینیت، بەڵام لە هەموو دەقەکانیدا ئەم مەرجانە نەدۆزیتەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا پەنا دەبەمە بەر باشترینیان، هەڵبژاردنی جوانترین دەقی نێو دەقەکانی. 

لە ئەدەبی هەموو گەلێکدا دەقەیلێکی جوان هەن، هەندێکیان بە سادەیی دەناسرێنەوە، بەڵام هەموو کات دەستڕەنگینیی وەرگێران سەوزوئاودێری ناکات، چونکە ئەم سادە شیعرییە هەندێجار لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە  لەناودەچێت، زۆر لەم جۆرە دەقانە لە کاتی وەرگێڕاندا جوانیی خۆیان لەدەست دەدەن.

* تا چ مەودایەک هەوڵ دەدەیت ئەو بەربەستانەی نێوان رەگەزە ئەدەبییەکان بشکێنیت، لەکاتێکدا  تۆ یەکێکی لە بوارە هەمەچەشنەکانی شیعر و چیرۆک و وەرگێڕاندا داهێنان  پێشکەشدەکەیت؟

- ئەم پرسیارەی تۆ دەمباتەوە بۆ سەر تیۆری  کۆڕەگەزی (الاجناسیە) و دەقی کراوە، کە هەندێ لە ڕەخنەگرە دەستەبژێرەکانی شەستەکان جەختیان لەسەر کردووەتەوە، واتە  کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان رەگەزە ئەدەبییەکان، پشتبەستن بە داهێنانی نووسینێک دوور لە تاکڕەوی و زاڵکردنی یەک ڕەگەزی ئەدەبی و باڵادەستیی بەسەر دەقدا. 

ئەگەر مەبەستت لە نووسینی دەقی کراوە ، ئەوە بێت بە ڕووی رەگەزە ئەدەبیی و هونەرییەکانی تردا کراوە بێت، ئەوەی کە هەڵگری ئامادەکارییەکی زۆرە  بۆ وەرگرتنی فرە خوێندنەوە و لێکدانەوەی کراوە، ئەگەر تۆ بەم پرسیارەت مەبەستت ئەو جۆرە نووسینانە بێت ، کە لە بەرهەمەکانی ئەمبیرتۆ ئیکۆ و ڕۆڵان پارت دا هاتوون ، ئەوە من دەقی کراوەم نەنووسیوە ، سەرباری ئەوەی من چەندین دەقم نووسیوە ، تێیاندا سوود لە پەخشان و دایەلۆگ و هونەرەکانی تر بینراوە ، هەروەها ئیستیعابی خوێندنەوەی هەمەچەشنی کردووە، بەڵام بەو ئاقارەدا نەڕۆیشتووم کە لە نێو دەقی کراوەدا دەیبینم. بە بڕوای من نووسینی دەقی کراوە دەگمەنە، شاعیران بەزۆری مومارەسەیان نەکردووە، هەر خۆی ئەزموونێکی قورسە. شێوەی شیعریی زاڵ لەمڕۆدا شیعری ئازادی بێ کێش و و پەخشانە شیعرە، بەڵام من وەک ڕەخنەگر باسی دەقی کراوەم کردوە و لە نموونەی ئەو دەقانەشم کۆڵیوەتەوە.

* بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە هەمەچەشنییە لە هونەرەکانی داهێناندا لایەنی چاکە و خراپەیشی هەیە.. لەمبارەیەوە قسەمان بۆ بکە؟

- بە دڵنیاییەوە چاکە و خراپەی خۆی هەیە، بێگومان هەر بابەتێک کە لات ئاوێتە دەبێ بەدوای ڕەگەزێکدا دەگەڕێت، ساتێک دێت هەستت دەیەوێ بە دوای ڕەگەزێکدا بگەڕێت و هونەری شیعر هەڵدەبژێرێت، کەچی بابەتێکی تر گەورە دەبێ و ڕەگەزێکی تری ئەدەبیت بەسەردا زاڵ دەکات، لەم بارانەدا هەمەچەشنیی ئەدەبی فریات دەکەوێ و بۆ ئەو ساتە باشترین رەگەزت بۆ هەڵدەبژێرێ، لایەنی باشەی زۆرە، بەڵام هەندێ خراپەی ئەم هەمەچەشنییە لەوێدایە، کە دەبێتە هۆی پەرشوبڵاوی و پارچەپارچەکردنی وزەکانت و تەرکیزت دەشێوێنێ و دڵەڕاوکێت تێدا دروست دەکات. 

* لەگەڵ واقیعی دەوڵەمەندی ئەزموونت لەگەڵ وەرگێڕاندا، ئەو سیما هاوبەشانە چیین ، کە لە نێوان ئەدەبی عەرەبی و کوردیدا هەن؟

- بڕێکی زۆر سیمای هاوبەش  لە نێوان ئەدەبیاتی گەلانی رۆژهەڵاتی ئیسلامیدا هەن، بەم خێرایە دەتوانین ئاماژە بە باڵادەستیی ئامڕاز و غەرەزە هونەرییەکان بکەین: پیاهەڵدان، غەزەل، وەسف، فەخر، ....... ( لە هەردوو شیعری عەرەبی و کوردی) دا ، لە قۆناغە دێرینەکانیاندا، هەروەها دەسەڵاتی عەروز و کاریگەریی ئایین و دەرکەوتنەکانی لە دەقی کوردی و عەرەبیدا.

لە قۆناغی هاوچەرخدا هاوکاتییەک دەبینین لە ئازادبوونی ئەم دوو جۆرە شیعرە لەو ئامڕازە دێرینانە و دوورکەوتنەوە لە دەسەڵاتی عەروز و سوودوەرگرتن لە پەخشان بۆ نووسینی شیعر، بۆ نموونە

سەرەتاکانی نوێگەریی شیعری کوردی و عەرەبی ، لە دەیەی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوت، کۆمەڵێ هەوڵی سەرەتایی بوون پاشان گەشەیان کرد، لە یەک سەردەم و کاتی نزیک بەیەک ، شیعری سەربەست و پەخشانەشیعر دەرکەوتن.

بەپێی زانیاری و ئاگاداربوونم لە ئەدەبی ئەم گەلانە، لەو بڕوایەدام مۆدێرنە لە شیعری کوردی و عەرەبی و فارسیدا، لە زەمەنێکی نزیک بە یەکتر دەرکەوت. هەروەها هەڵگری سیما و شێوە و گرفتی هاوبەشن. من بە دوورودرێژی ئەم بابەتەم لە کتێبەکەمدا ''پەخشانەشیعر، دامەرزاندن و گرفت و گوڕانکارییەکانی، شیعری کوردی و عەرەبی و فارسی بە نموونە'' باسکردووە 



سەرچاوە:

ڕۆژنامەی ( الجریدە الكویتیە ). العدد ٤٥٢٨ 
١٦-٠٩-٢٠٢٠ 


ڕیکلام