ڕۆحانی هۆشداری دایە ئەمریکا لەسەر نوێکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران

  2020-09-20  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەر هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، چونکە ڕوبەڕوی وەڵامێکی توندی ئێران دەبێتەوە.

ڕۆحانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ڕوبەڕوی شکستێکی گەورە بۆیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمریکا بە فەرمی کشایەوە لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و پێی وایە ڕێککەوتنێکی خراپە، بۆیە ناتوانێت ڕێککەوتنەکە بۆ گێرانەوەی سزاکان بەکاربهێنێت، ئەمریکا نزیکبووەتەوە لە تێکشکانێک بۆیە جموجوڵی دەستپێکردووە بۆ گێرانەوەی سزاکان".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ڕۆحانی ئاماژەی بەوەکرد، تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، ئەویش ڕێزگرتنە لە مافەکانی و بە زمانی ڕێز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەر کەسێکیش بیەوێت بە سەرکەشانە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات ناگاتە هیچ ئەنجامێک، چونکە ئێران ملکەچی سەرکەشی و خۆبەزلزانینی ئەمریکا نابێت.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ دەوڵەتێک نییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی ڕەزامەند بێت لەسەر سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێران، بەڵام سوربوونی ئەمریکا لەسەر ئەو هەنگاوە تەنها ئاماژەیەکە بۆ ملهوڕی واشنتۆن.

هاوکات ڕۆحانی سوپاسی وڵاتەکەی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئێستا و رابردوو کرد کە خۆیان گرتووە لەبەرامبەر جموجوڵەکانی ئەمریکا، هاوکات  سوپاسی ڕوسیا و چین و دەوڵەتانی ئەوروپای کرد.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک کۆماری ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم پابەندبوونەکانی بەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە، ئەگەر هاتوو لایەنی بەرامبەر پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات.

ئەو وتانەی سەرۆک کۆماری ئێران لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە گەڕاێنرانەوە بۆ جێبەجێکردن بەسەر ئێراندا و هۆشداری ئەوەشی دایە وڵاتان و دەستە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر پابەند نەبێت پێیانەوە و جێبەجێی نەکەن.

هاوکات ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دایە، سزای هەر دەوڵەتێکی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان بدات، ئەگەر بێتوو پابەند نەبێت بەو سزایانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە.



ڕیکلام