شیوەنی ئێمیل زۆلا بۆ گوستاڤ ڤلوبێر

  2020-09-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشی سێیەم و كۆتایی

نووسینی : ئێمیل زۆلا
وەرگێرانی ئەردەڵان عەبدوڵا


بەڵام لە راستیدا کەس جووڵەی نەکرد، لەو یادە غەمناک و داماوەدا، تەنها دووسەد کەس لە دانیشتوانی روان ئامادەبوون، لە جیاتی ئەوەی کە دەبوایە خەڵکێکی زۆر لە هەموو لایەکەوە ئامادەی ئەو بەخاکسپاردنە بوونایە. هەتاوەکو گەیشتینە بەردەم دەروازەی شارەکە، لەو باوەڕەدا بووین، کە خەڵكی روان هەموویان چاوەڕێی ئەوە دەکەن، کە جەنازەکە بگاتە ناو شارو پاشان هەموویان بەدوای جەنازەکەوە بکەون. 

بەڵام کاتێک گەیشتینە دەروازەی شارەکە تەنها کۆمەڵێک سەربازمان بینی ، ئەوانەی کە نەریت وایە، کەسێک کە خاوەنی  نیشانی سوارچاکی سەربازی بێت، کاتێک دەمرێت، ئەم جۆرە رێزلێنانە هەژارانەی بۆ دەکەن، کە ئەوەش رێزلێنانێکی هیچ و پووچ  و مایەی گاڵتەجارییە، بەلای ئێمەوە ئەمەش ، مایەی بێزاریی و بریندارییەکی زۆر  بوو بۆمان،  چونکە ڤلوبێر زۆر لەوە مەزنتر بوو لە لامان.  

بەهەرحاڵ، لە تەواوی رێگاکەدا لەسەر شۆستەکان، کۆمەڵێک  بۆرجوازییەکان دانیشتبوون و بەشێوەیەکی زۆر سەیر لێمانیان دەڕوانی، وەکو بڵێیت سەیری خەڵكی بێگانە بکەن وابوون.  زۆربەیان نەیاندەزانی ئەوە جەنازەی کێیە کە ئێمە لە پشتییەوە دەڕۆیین، کاتێک پێمان دەگووتن کە ئەمە جەنازەی ڤلوبێرە، ئەوان نەیاندەناسی ، بەڵام باوک و براکەیان دەناسی، چونکە ئەوان دکتۆر بوون و لەناو شارەکەدا ناوبانگێکی گەورەیان هەبوو، هەموو کەس دەیناسین. 

بەڵام ئەو کەسانەی کە ئاگاداری رەوشی رۆشنبیری بوون و رۆژنامەیان دەخوێندەوە، هاتنە ناو ئاپۆرەی خەڵکەکە ، چونکە دەیانویست رۆژنامەنووسە پاریسییەکان ببینین، هیچ جۆرە هێمایەکی ناخۆشیی و غەمناکی لە سیمای ئامادەبوانم نەدەبینی. ئەم شارە لەناو بەرژەوەندیخوازیدا غەرق بووە، لە هەمانکاتیشدا دەبەنگیشە،ئەوەش بە حوکمی ئەوەی کە جەهل بەسەریدا زاڵە.

لەوکاتەدا بیرم لە شارەکانی ناوەڕاستی فەرەنسا کردەوە  بۆ نموونە مەرسیلیا، لە کاتێکدا ئەم شارەش سیمایەکی بازرگانی بەسەردا زاڵە، بەڵام گەر لەم شارەدا کەسێکی هاوشێوەی ڤلوبێر بمرێت، ئەوا تەواوی شارەکە بەشداری پرسەکەی دەکات . لە راستیدا پێدەچێت  ڤلوبێر بە لای چواریەکی دانیشتوانی شاری روانەوە نە ناسراو بێت، ئەو بەشەی تریش کە دەیناسێت، ڕقی لێیبووە. 

دەبوایە بەخێرایی بەناو شەقامەکاندا سەربکەوین، هەروەها رێگای گۆڕستانی " مۆنۆمۆنتال" یش  هەتابڵێیت ناخۆش و پێچاوپێچ بوو، عەرەبانەی جەنازەکەش هەتابڵێیت بە هێواشی رێگای دەکرد.  کاتێک گەیشتینە گۆڕستانەکە ، تەواو هیلاک و ماندووبوین، دەمان ووشکبوبوەو تۆزوخۆڵێکی زۆری رێگاشمان بەرکەوت. لە باکوورەوە کاتێک گەیشتینە بەردەم دەرگای گۆڕستانەکە، کۆمەڵێک گووڵی جوان، گۆڕستانەکەی رازاندبوەو بۆنی خۆشیان بەو ناوەدا بڵاودەکەردەوە، پاشان کە چووینە ناو گۆڕستانەکە، هەندێک مەڕمەڕی پێچاوپێچی تێدابوو ، هەندێک قەبری تێدابوو کە خۆرەتاو لێی دەدا. 

بەڵام کاتێک گەیشتینە لووتکە کە، دیمەنێکی ناوازەمان بینی،تەواوی شارەکەمان لەبەرچاودا بوو، تەمێکی گەورەش باڵی بەسەر شارەکەدا کێشا بوو، لە ناو ئەو دیمەنە شانۆیەشدا، بەشێوەیەکی کتوپڕی شارەکە دەردەکەوت، کە شێوازی  شارەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی هەیە، کۆڵەکە ئاسنینەکانی و سەقفە  تونک تیژەکانی ، هەروەها کۆڵان و کوچە تەسک و تاریکەکانی کە دەتگووت خەندەقی سەربازیین. 

لەو کاتەدا  هەموومان بیرمان لەوە دەکردەوە: بۆچی ڤلوبێر، کە زیاتر پێڕەوی لە رەوتی رۆمانتیکی ساڵی 1830 دەکرد،  لە هیچ بەرهەمێکیدا باسی ئەم شارەی خۆی نەکردووە؟ ئەم شارەش زیاتر دەتگووت لەناو " بالادە" ی فیکتۆر هۆگدا دروستکراوە***  دیارە راستە لە رۆمانی " مەدام بوڤاری" یدا وەسفێکی ئیستاتیکی کورتی  شاری روانی کردووە ، بەڵام ئەم وەسفەش تەواو دروست نییە، چونکە بە تەواوەتی سیماکانی ئەم شارە کۆنەمان بۆ دەرناخات، لەمەشدا جۆرە دژبەیەکییەکی کەسایەتی ڤلوبێری ئەدەبیمان بۆ دەردەکەوێت، کە پاشان بە ووردی باسی لێوە دەکەم. 

هەر لەپەنا گۆڕەکەی ڤلوبێردا، گۆڕی لویس بۆلییەLouis Bouilhet **** لێ بوو، دەبوایە جەنازەی گوستاف ڤلوبێر، بە بەردەم گۆڕی ئەم شاعیرەدا تێپەڕێت، کە ئەمیش برادەری منداڵی بوو، کە  دە ساڵ پێش ئێستا  کۆچی دوایی کردووە. 

بەهەرحاڵ جەنازەکەمان بەناو سەوزاییەکی گەورەدا تێپەڕاند و  کۆمەڵێک کەسی فزولیش کە زۆربەیان خەڵكی شارەکە بوون ، هاتنە پێشەوەو  لە پەنا گۆڕەکەدا کۆبوونەوە، لەبەرئەوە زۆر بە زەحمەت تونایمان جەنازەکە تێپەڕێنین چونکە زۆر قەرەباڵخ بوو.

لە لایەکی ترەوە  هیچ وتەیەک پێشكەش نەکرا، چونکە ڤلوبێر خۆی دژی ئەم عادەتە بوو، تەنها بەرێز شارل لابییر نەبێت ، کە هاوڕێی نزیکی ڤلوبێرە و بەرێوبەری گۆڤاری " چێرۆکنووسانی روان" ، ئەویش چەند وشەیەکی پێشكەش کرد. بەڵام لەو کاتەدا رووداوێکی زۆر سەیر و چاوەڕواننەکراو ڕوویدا و هەموومانی تووشی ترس و دڵە راوکێ کرد. 

لەوکاتەی کە دەمانویست  تابووتەکەی  بخەینە ناو گۆڕەکەوە، تابووتەکەی زۆر گەورە بوو نەدەچووە ناو گۆڕەکەوە. لەوکاتەدا قەبرهەڵکەنەکان، کە پیاوێکی لاواز سەرپەرشتی دەکردن،  کڵاوێکی گەورەی لەسەر بوو، چوونە ناو قەبرەکەوەو هەوڵی زۆریان دەدا کە تابووتەکە بخەنە ناو گۆڕەکەوە، بەڵام تابووتەکە بە هیچ شێوەیەک نەدەچووە ناو گۆڕەکەوە، بەهیچ شێوەیەکیش نە دەهاتە دەرەوەو نە دەچووە ناوەوەش.

ئێمە گوێمان لەدەنگ و خشەخشی تەختەی تابووتەکە دەبوو، ئەمەش جۆرە ترسێکی خستە دڵمانەوە، لەوکاتەدا برازاکەی ڤلوبێر، کە زۆر خۆشیدەویست، چووبوە ناو  گۆڕەکەوە. ئێمەش گوێمان لە چەند دەنگێک بوو:

 بەسە بەسە، وازی لێبێنین با قەبرەکە باشتر بکەین" 

 ئێمەش پاش ماوەیەک ئەوێمان بەجێهێشت و شێخەکەمان" مەبەستی ڤلوبێرە،،و.ک" لە پاش خۆمان بەجێهێشت، هەرچەندە  نەمانتوانی بیخیەنە ژێڕ گڵەوە، لەو کاتەشدا دووبارە دڵم خوورپەیەکی گەورەی کرد. 

پاشان ئێمە هاتینەوە ناو شارەکە، من و ئەدمۆن کۆنکور، دودیە، هەموومان زۆر هیلاک و ماندووبوین، لە هەمانکاتیشدا زۆر بێزار و خەفەتباریش بووین، کاتێکیش گەیشتینەوە ئەو هۆتێلەی کە گرتبوومان، لە رێگادا تیپێکی مۆزیکی سەربازیی لە نزیک پەیکەری  بودیو،  سرودی سەربازی  دەچڕیی.  لەوکاتەدا قاوەخانەکان جمەیان دەهات ، بورجوازییەکان  پیاسەیان دەکرد، شارەکەش جەوێکی شایی ئامێزی لەخۆ گرتبوو. 

کاتژمێر چواری ئێوارە بوو، خۆرەتاوە  تیشکەکانی بە شەقامەکاندا بڵاودەکردەوەو  رووباری " سین" یش، رووناک دەکردەوە، پرشنگی خۆرەکە، دەرگا سپییەکانی چێشتخانەکان، کە مەتبەخەکانیان  بە بۆن و بەرامەی چێشتە خۆشەکانیان، ئەو ناوچایەی داگیر کردبوو. لە یەکێک لە مەلهاکانیش، تەواوی مێزەکان گیرابوون، پەیمانێر و رۆژنامەنووسەکانی لەسەر دانیشتبوون و داوای ماسی برژاویان دەکرد.

ئاخ چ خەمۆکییەکی گەورەیە، مەراسیمی بەخاکسپاردنی  پیاوە مەزنەکان.   



سەرچاوە:
أمیل زولا. فی روایە و مسائل ێ‌خری. مقالات نقدیە. ترجمها عن فرنسیە. حسین عجە. مراجعە. کاڤم جهاد. هیئە ابوڤبی للسیاحە و الپقافە. الگبعە الاولی. 2015

پەراوێزەکان
  
جەژنێکی مەسیحییە. و. ک 
** لەکاتی بەخاکسپاردنی کەسێکی مەسیحیدا، وەکو  لەناو هەموو ئاینیەکانی تردا باوە، کۆمەڵێک سروتی تایبەتیان هەیە، لەمەدا نووسەر مەبەستی وتنەوەی ئەو ئایەتانەیە کە بە شێوەی گۆرانی ئایینیی دەوترێتەوە. و.ک  
*** بالادە ballade لە سەدەکانی ناڤیندا بۆ ئەو جۆرە قەسیدە شیعریانە بەکار دەهات ، کە لەگەڵیدا سەما پێشكەش دەکرا، بەڵام لە سەدەی هەژدەدا بەو قەسیدە شیعریانەیان دەگووت، کە زیاتر لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا بە " پەخشانە شیعر" ناسراوە، تێیدا بابەتێکی فەنتازیی یان مێژوویی و یان ئەفسانەیی باس دەکرا.
**** لویس بۆلییەLouis Bouilhet لە ساڵی 1822 لەدایک بووەو لە ساڵی 1869 کۆچی دواییکردووە، لویس شاعیرێکی فەرەنسییە و یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی ڤلوبێر و هەر لەسەرەتاوە بەرهەماکانی ڤلوبێری خوێندۆتەوە بە تایبەتی لە کاتی گەنجی و سەرەتای کاری ئەدەبیدا.   


ڕیکلام