بەوێنە.. ئێران چاودێری بەناوبانگترین فڕۆکەهەڵگری ئەمریکای کردووە

  2020-09-23  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ناوخۆییەوە توانراوە چاودێری فڕۆکەهەڵگری "نمیتس"ی ئەمریکا بکرێت، بەر لەوەی بێتە ناو گەرووی هورمز و کەنداو.

عەلی ڕەزا تەخسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی دابینکردنی ١٨٨ فڕۆکەی بێفرۆکەوان و هەلیکۆپتەر بۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، لەڕێگەی پرۆسەی چاودێری و بەرپەرچدانەوەوە، توانراوەبە وردی جموجوڵی فڕۆکەهەڵگری نمیتس و کەشتیگەلەکەی هاوڕێی چاودێری بکرێت بەر لەوەی بێنە ناو گەرووی هورمز و کەنداوەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەرکەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ناوخۆیی ئەنجام دراوە و تەرخانکردنی ١٨٨ فڕۆکە و هەلیکۆپتەری دیکەش بۆ ئەو هێزانە، هێزێکی تایبەت دەبەخشێت بە هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئاسمانی و دەریاییەکانیدا.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد،چاودێر و بەدواداچوونی سەرجەم جموجوڵە دەریاییەکان لەکەنداو و گەروی هورمز و دەریای عومان، لەمەودوا دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە تواناکانیان زیاتر بکەن لەو بوارەدا.



ڕیکلام