ڤینۆس فایه‌ق: مه‌رج نیه‌ هه‌موو شیعره‌كان گوزارشت له‌ یاخیبوونمان بكه‌ن

  2020-09-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژیان- محه‌مه‌د جه‌مال

ڤینۆس فایه‌ق ژنه‌ شاعیر و ڕۆماننووسی كورد، یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ دیاره‌كانی نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردی‌ و به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی چه‌ندان شیعری نووسیوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین شیعر و کۆمەڵە شیعریی بۆ سه‌ر چەندین زمانی بیانی وه‌رگێڕدراون، وەکوو فەرەنسی، ئیتالی، ئینگلیزی، فارسی، عیبری...هتد. هاوكات دوو رۆمان: "تاقانەترین کچی خودا" 2015 و "نزا ئەستێرەیە" 2020 لە سلێمانی چاپ بوون... 

ڤینۆس له‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ  "ژیان" باس له‌ یاخیبوون و به‌ریه‌ككه‌وتن و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تری ئه‌ده‌بی ده‌كات و ده‌شڵێت" مه‌رج نیه‌ هەموو شیعرەکان گوزارشت لە حاڵەتی یاخیبوونمان بکەن، چونكه‌ شیعر حاڵەتێکە لە تەعبیرکردن لەژێر کاریگەری ئەو ئەزمونانەی ڕۆژانە پێیاندا تێدەپەڕین.

ژیان: سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت له‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ له‌ كه‌یه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو دنیای شیعر و ئه‌ده‌بیاته‌وه‌؟ تا ئیستا جەند شیعرت نوسیوە؟

ڤینۆس: له‌ ته‌مه‌نی سیازده‌ یان چوارده‌ ساڵییه‌وه‌ دەستم داوەتە نوسینی دەقە شیعرییەکانم، بەڵام نازانم هەتا ئیستا چەند دەقم نووسیوە، چونكه‌ شیعره‌كانم گه‌ڵێك زۆرن‌. هه‌ڵبه‌ته‌ من له‌و شاعیرانه‌ نیم كه‌ ڕۆژانه‌ بنووسم و شیعر بڵاو بكه‌مه‌وه‌.

ژیان: چ پاڵنه‌رێك بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بچیته‌ نێو دنیای شیعر و ئه‌ده‌بیاته‌وه‌؟

ڤینۆس: هیچ هۆكار یان پاڵنەرێك نیه‌ كه‌ بەرەو دنیای شیعرمان ببات، هەروەک هیچ کەسێک نیە دەستمان بگرێت و بمانخاتە سەر ڕێگەی شیعر نووسین. شیعر نووسین خۆی له‌ خۆیدا خولیایە، ئاماژەکانی دەبێت هەر زوو دەرکەوتبن، خۆشت نازانیت چۆن و کەی دەستت داوەتە شیعر نووسین. دەکرێ کەسانێک هەبن رێنماییمان بکەن. 

ژیان: بۆچی شاعیران زۆرجار به‌شێكی شیعره‌كانیان بۆ ژنان ته‌رخان ده‌كه‌ن؟

ڤینۆس: یەک لە خەسلەتەلەکانی کۆمەڵگه‌ی کوردی نایەکسانی نێوان ژن و پیاوە، ئیتر ئەو نادادپه‌روه‌رییه‌ کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگه‌ ڕەنگی داوەتەوە و مۆرکێکی پیاوانەی زەقی ناوە بە کۆمەڵگه‌وە، شتێکی ئاساییە کە ژنێکی شاعیر دەنووسێت، بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت لە هەست و هەڵچوونەکانی خۆی بکات لە ئاست کۆمەڵگه‌یەکی پیاوانە کە بەقەدەر پیاو مافی بە ژن نەداوە، لە کۆمەڵگه‌یەکدا کە ئیسته‌ش سوڵحی عەشایەری بە ژن دەکرێ، به‌هۆیه‌وه‌ زۆرترین حاڵەتەکانی ژنکوشتن و خۆکوشتنی ژنان ڕوودەدەن، ئاساییە کە دەقە شیعرییەکانی ژنە شاعیرەکان ڕەنگدانەوەی ئەو حاڵەتانە بێت. هه‌روه‌ها پیاوەکان لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا کە هەمیشە خۆیان پلەیەک لەسەرەوە دەبینن، خۆیان بە خاوەنی کۆمەڵگه‌ دەبینن و هەموو دەسەڵاتەکانیان لە دەستی خۆیاندا قۆرخ کردووە لە هەموو بوارەکاندا، شتێکی ئاساییه‌ کە تەنها کێشەی ئەوان شکڵ و سەروسیما و ناوقەد و زوڵف و چاو و ڕواڵەتی ژن و پیاهەڵدانیان بێت، ئەوان خەیاڵدانی شیعریان لە شوێنێکە و خەیاڵدانی ژنێکی شاعیریش لەو کۆمەڵگه‌یه‌ دا لە جێگەیەکی ترە.

پیاوانیش هەن کە لە رێگەی شیعرەکانیانەوە باسیان لە خەمەکانی ژن کردووە. بۆ نمونە نزار قەبانی لە ساڵانی پەنجاکاندا جوانترین دەقەکانی کە بۆ ژن تەرخان کردبوو، لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە دەستی خستە سەر ئەندازەی ئەو زوڵم و زۆردارییەی لە ژن دەکرێ و ئەو ناعەدالەتییە ئینسانی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەی لە کۆمەڵگه‌دا ڕوودەدات بە گشتی.

ژیان: هۆكار چییه‌ كه‌ یاخیبوون له‌ شیعره‌كانی به‌شێكی زۆر له‌ شاعیران ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌؟

ڤینۆس: بە گشتی شاعیران جۆرێک لە یاخیبوون و ناڕازیبوونیان تێدایە، چونکە شیعر بۆ خۆی دەربڕینێکی سەروو ئاساییە، شیعر ئەگەر یاخیبوونی زمان و دەربڕین و هەست و هەڵچوونەکان نەبوایە لەگەڵ وتار و ژانرەکانی تری نوسین جیا نەدەکرایەوە، بۆیه‌ ئەو کاتەی شاعیر تووشی بەریەککەوتن دەبێت لەگەڵ ئیشکالییەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەو کاتە شیعر بەرهەمدەهێنێت، شاعیر بەشێکە لە کۆمەڵگه‌ و لە کۆی ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانەی لەدەوروبەری ڕوودەدەن، ئەو كات دەبێت قسەیەکی هەبێت و شیعر دەنوسێت.

ژیان: ده‌كرێت لە هەموو دەقێکی شیعریدا یاخیبوون هەبێت؟

ڤینۆس: مەرج نیە هەموو شیعرەکان گوزارشت لە حاڵەتی یاخیبوونمان بکەن، شیعر حاڵەتێکە لە تەعبیرکردن لەژێر کاریگەری ئەو ئەزمونانەی ڕۆژانە پێیاندا تێدەپەڕین. 

ژیان: دەشێت شیعر وەک زمانێکی سەربەخۆ لێی بڕوانین؟

ڤینۆس: زمانی شیعر زمانێکە قسەکردنی ئاسایی تێدەپەڕێنێت.. زمانی شیعری دەربڕینێکی زاتیی تایبەتە، دەنگێکە لەناوەوەی شاعیرەوە دێتە دەرەوە. جاران شیعر یاسا و ڕێسای خۆی هەبووە، هەموو دەربڕینێک لە ژێر ناوی شیعردا مەرج نەبووە لەناو خانەی شیعردا پۆڵین بکرێ، بەڵام ئیسته‌ کە سەردەمی دەقی کراوەیە، شیعر هەمان زمانی سەربەخۆیە، ئه‌ویش بە تەکنیکێکیتر کە قیمەتە ئەدەبیەکە و تەکنیک و بینای قەسیدەکە حوکم دەکات و بڕیار دەدات کە ئەمە شیعرە. زۆرجار دەڵێن فڵانە ڕۆمان بە زمانێکی شیعری نووسراوە، بەڵام هەرگیز نەگوتراوە فڵانە شیعر بە زمانێکی ڕۆمانی یان هەر شتێکیتر نووسراوە، چونکە شیعر زمانێکی باڵایە، دەربڕینێکی جیاوازە. بەدەر لە زمانی نەتەوەیی ئەو زمانەی کە شیعری پێ دەنوسرێت، من هەمیشە وتوومە شیعر بۆ خۆی ناسنامەیە، زمانێکی یونیڤێرسالە، وەرگێڕان ئاشنات دەکات بە بیرکردنەوەیەکی تر، بە دنیابینییەکیتر، بە فەلسەفە و تێڕوانینێکیتر بۆ ژیان. هه‌روه‌ها هەر بۆ خۆی زمانی شیعری ئیشکالیەتێکی گەورەیە بۆ کەسێک کە چێژ لە شیعر نەبینێت، بۆیه‌ زمانی شیعری نوێ سیاقێکی شەخسی مێژووییه‌، پەیوەندی ئادەمیزادەکانە بە مێژوویەکەوەیانه‌وە‌ کە هەتا‌ ئێستا بەردەوامە، ئیتر لێرەوە تێدەگەین زمانی شیعر چەند زمانێکی سەربەخۆ و یونیڤێرسالە.

ژیان: مه‌رجه‌ هه‌موو كات شیعر دنیای به‌ جوانی بۆ وێناكردبین؟

ڤینۆس: نەخێر، مەرج نیە هەموو کات شیعر دنیای بە جوانی بۆ وێناکردبین، بەڵکوو شیعر بە دوای شتێکی ترەوەیە بە شێوازێکی تر دەیەوێ تەعبیری لێبکات، بەدوای حەقیقەتێکەوەیە کە لە زیهنی شاعیردایە. هه‌روه‌ها شیعر دنیابینییەکیتر و فەلسەفەیەکی ترە بۆ ژیانکردن، تێڕوانینێکی جیاوازە بۆ ڕووداوەکانی دەوروبەرمان. وەزیفەی شیعر هەموو کات جوانکردن نیە بە قەدەر ئەوەندەی داهێنانی زمانێکیترە بۆ دەربڕین، زمانێک جیاواز لە زمانی قسەکردن.

ژیان: تا چه‌ند ئه‌و بۆچوونه‌ ڕاسته‌ كه‌ ده‌ڵێن شیعر دایكی هه‌موو ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانه‌؟

ڤینۆس: ئەگەر فەلسەفە دایکی هەموو زانستەکان بێت، لە ئەسلی ئادەمیزاد و کەون و سروشت و فکری ئینسانی بکۆڵێتەوە، ئەوا شیعر باس لە هەموو ئەوانە دەکات، شیعر بۆ خۆی تێڕوانینێکی فەلسەفی تایبەتە لە هەموو دنیا و بوونی ئادەمیزاد، بەو پێیە دەکرێ بڵێین به‌ڵێ شیعر دایکی هەموو ژانرە ئەدەبیەکانە و بۆچوونێكی زۆر ته‌واوه‌. 

ژیان: له‌ نووسینی شیعردا په‌یڕه‌وی كام قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌كه‌یت؟

ڤینۆس: بەلای منەوە باوی قوتابخانەی شیعری نەماوە، ئەوەی دەقێکی شاعیرێک لە دەقی شاعیرێکی دیکە جیادەکاتەوە، ستایلی نووسین و تەکنیک و زمانی دەربڕینە، چونکە ئیسته‌ 99% دەقەکان دەقی کراوەن کە مەودایەکی فراوانتر بە خەیاڵی شاعیر دەدات و زمانی نوسین تیایدا ئازادانەتر دەتوانێت تەعبیر بکات. 

ژیان: به‌ بڕوای تۆ له‌م سه‌رده‌مه‌دا شاعیرانی داهێنه‌ر له‌ كوردستاندا بوونیان هه‌یه‌ كه‌ بتوانن له‌ ڕووی "وشه‌ و مانا و شێوازی نووسین و ... هتد" داهێنان بكه‌ن؟

ڤینۆس: بێگومان شاعیری زۆرمان هەن کە کاریان لەسەر لایەنی مەعریفی و دنیابینی خۆیان کردووە و لە ڕووی وشەسازی و زمانزانی و زمانی شیعریەوە داهێنانی جوانیان کردووە و جێگەی خۆشحاڵی و دەستخۆشیە. 

ژیان: له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك چه‌ند شیعرێكیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ شاعیر، تۆ پێتوایه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بوون به‌ شاعیریان تێدا هه‌بێت؟

ڤینۆس: مەسەلەی ئەوەی کێ شاعیرە و کێ شاعیر نیە، ئەوە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا هەمووی تێکچوە، هێندە زۆرن ئەوانەی پاشناوی شاعیریان بە خۆیانەوە لکاندووە. دواجار لەبەرئەوەی شیعرنووسین زمانێکی جیاوازە، تەعبیر و تەکنیکێکی جیاوازی زمانی نووسینە.. ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن شاعیر، دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان کە خۆیان بە شاعیر دەناسن. بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە کامە دەقە شیعرە و کامە شیعر نیە. ئێستا پێوەر و پێوانەکانی شیعریبوونی دەق زۆر گۆڕراوە، بەجۆرێک کە هەندێ دەق دەخوێنمەوە تەنها قسەی ئاسایی و گێڕانەوەیەکی بێزاڕکەرە، کەچی ناوی شیعری لێنراوە. ئەم دیاردەیە لە هەموو دنیا هەیە، تەنانەت دەقی جیهانی دەبینم بەو زمانانەی دەتوانم پێیان بیخوێنمەوە یان ئەو دەقانەی وەرگێڕێک ئەرکی کێشاوە و وەریگێڕاوەتە سه‌ر زمانی کوردی، هیچ قەوامێکی شیعری تێدانابینم، ئیتر نازانم تەرجەمەکە خراپە یان دەقەکە لە شیعر ناچێت.

ژیان: به‌م دواییه‌ نامیلكه‌یه‌كی نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی "جۆن كوین"ت وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كورد، ناونیشانی ئه‌م نامیلكه‌یه‌ چییه‌؟

ڤینۆس: ئەوە نامیلکەیەکی نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی "جۆن کوین" بەناونیشانی "چۆن ڕۆمانێک بە ١٠٠ ڕۆژ یان کەمتر دەنوسیت" بوو، وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینرێت و به‌ چه‌ند ئەڵقەیەک بڵاومكرده‌وه‌، ‌كه‌ بریتییە لە کۆمەڵێك ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانەی خولیای ڕۆماننووسینیان هه‌یە.

ژیان: له‌ كۆتاییدا چۆن پێناسه‌ی شیعر ده‌كه‌یت؟

ڤینۆس: بۆ من شیعرنوسین دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان واقیعە حەقیقییەکە و خەیاڵمان، واقیع دەبێتە خەیاڵ و بۆ چرکەیەکیش بێت خەیاڵ وەکوو واقیعی لێدێت.


ڕیکلام