حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی پێشیوازیکردنی لە فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بوونی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و دەوڵەتانی کەنداو، زیان بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنێت.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆک کۆماری ئێران جەختیکردەوە لەوەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی ئێران و هەموو وڵاتانەیە کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە.
ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێی وایە دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەنگاوێکی ئەرێنییە، گەلی عێراق رێزی لێ دەگرێت و ئێرانیش پشتیوانی دەکات.
لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک کۆماری ئێران جەختیکردەوە، تاران دەستوەردان ناکات لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و پەیوەندییەکان لە نێوان گروپە عێراقییەکان.
بەگوێرەی بەیاننامەکە فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران ئاشکراکرد و رایگەیاند، سەردانەکە هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی نێوانیان.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە "سەردانەکە بۆ ئامادەکردنی زەمینەسازییەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان عێراق و ئێراندا ئیمزا کراوە، سەبارەت بە سنور و گواستنەوە و گەشەپێدان و هاریکاری بازرگانی".
ئەمڕۆ فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن محەمەد جەواد زەریف سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.
لەدوای دەستبەکار بوونی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەوە یەکەم سەردانی فوئاد حسینە بۆ ئێران.