ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان کۆدەبێتەوە

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە سبەینێ سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ساز دەکات لەسەر دۆخی ناگۆرنی قەرەباغ.

بە مەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکان و دانانی سنورێک بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، کە ماوەی دووڕۆژە جارێکی تر جەنگیان لەسەر هەرێمی ناگۆرنی قارەباغ هەڵگیرساندووەتەوە، سبەینێ بۆ تاوتوێکردنی رەوشەکە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی،  کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا بڵاویکردووەتەوە، هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان لە میحوەری باشوری هەرێمی قەرەباخەو هێرشێکی فراوانیان دەستپێکردووە.

هەر لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکاندا، حکومەتی ئەرمینیا بڕیاریداوە قەدەغەی گەشت لەو کەسانە بکات کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ ساڵ بۆ ٥٥ ساڵیدایە.

ئەوەش لەکانێکدایە دوێنێ پەرلەمانی ئەرمینیا لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا داوای لە لاوانی وڵاتەکەی کرد، پەیوەندیی بکەن بە هێزە چەکدارەکانەوە و چەک هەڵبگرن، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئازەربایجان.

لە لایەکی ترەوە ئەرمینیا ڕاگەیاند، تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی کۆمەکی سوپای ئازەربایجان دەکات.

ئەو پێشهاتە نوێیانە لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان نییە سەبارەت بەوەی کە تورکیا دەستوەردانی کردبێت لە جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، بۆیە لەئیستادا ناتوانن رەتیبکەنەوە یان پشتڕاستی ئەو هەواڵانە بکەنەوە کە باس لە دەستوەردانی تورکیا دەکات لە جەنگەکەدا.

ئەو لێدوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا تورکیا تۆمەتبار کرد بەوەی ڕاوێژکاری سەربازیی رەوانەی ناوچەی ڕوبەڕوبونەوەکانە کردووە، بۆ پشتیوانیکردن لە سوپای ئازەربایجان.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەرمینیا زانیاری لەبەردەستدایە سەبارەت بەوەی تورکیا چەکداری بەکرێگیراوی لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناردووەتە ناوچەی جەنگەکە.

ئەرمینیا و ئازەربایجان، دوو کۆماری یەکێتیی سۆڤیەتی جارانن. دوای روخانی یەکێتیی سۆڤیەت و سەربەخۆییان، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد.

 سەخترین و خوێناویترین شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ تاوەکو ١٩٩٤ روویدا، کە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس کوژران. لەو کاتەوە ناوبەناو ئاڵۆزی و شەڕ لە نێوانیاندا سەرهەڵدەداتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ، بەڵام تا ئێستا کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.



ڕیکلام